ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

دوو پەرستار ئەزمونی خۆیان دەگێڕنەوە

خاتوو باڵا مستەفا لەسۆران‌و ئاڤان نەوزاد لەدوزخورماتوو هەردوكیان پەرستارن‌و لەرۆژی جیهانی پەرستاراندا ئەزمونی خۆیان بۆ تۆڕی میدیایی تەوار باس دەكەن.

باڵا كە لەنەخۆشخانەی سۆران كاردەكات، پیشەكەی خۆی زۆر بەپیرۆز دەزانێت و پێشیوایە پەرستاری بەهرەیە.

لەبارەی پیشەكەیەوە دەڵێ‌: “چاودێریكردنی نەخۆش و بەرێوەبردنی ئەو حاڵەتانەیە كە پێویستە پەرستار ئەنجامی بدات بۆ هەر ئەگەرێك لەدڵنیا بوونەوەی تەندروستی نەخۆش”.

باڵا لەسەرەتادا حەزی لەپەرستیاری كەم بوو، بەڵام “بەهۆی چاودێریكردنی نەخۆشەكان ‌و مانەوە لەگەڵیاندا، لەئێستادا كارەكەمم زۆر خۆشئەوێ‌ ‌و زۆر دڵخۆشم پێی”.

باڵا هیواخوازە دەرچووانی بەشی پەرستاری دابمەزرێن‌و سیستەمی بەرێوەبردنی چارەخوازەكان لەنەخۆشخانە حوكومییەكاندا بگۆڕدرێت‌و نەخۆشخانە ئەهلییەكانیش نەمێنێت.

باڵا وتیشی: “ئەركی پەرستاری بۆ كچ قورسە، بەتایبەت مانەوەی شەوان لە نەخۆشخانەكاندا، هەروەك كاركردن لەگەڵ نەخۆشدا ئەركێكی قورسە‌و ئارامییەكی ئێجگار زۆری ئەوێ‌، بەڵام سوپاس بۆ خوا من توانیومە بەسەر ئەم قورسیانەدا سەربكەوم‌و پشت بەخۆم ببەستم”.

هەرلەو بارەیەوە خاتوو ئاڤـــان نـەوزاد، تەمەنی 25 ساڵە‌و ماوەی دوو ساڵە لە نەخۆشخانەی دوزخورماتوو پەرستارە، سەبارەت بەپیشەكەی دەڵێ‌: “چاودێری تەندروستییە كە بەرپرسیارە لە پێشكەشكردنی چاودێری بۆ نەخۆشەكان لە چەندین شوێنی جیاوازدا، لەوانەش نەخۆشخانەكان، كلینیكەكان و دامەزراوەكانی تری چاودێری تەندروستی”.

وتیشی: “پەرستاران لە نزیكەوە لەگەڵ پزیشكان و دابینكەرانی چاودێری تەندروستی تر كاردەكەن بۆ دڵنیابوون لەوەی كە نەخۆشەكان باشترین چاودێری وەردەگرن، هەروەك بەرپرسیارن لەبەڕێوەبردنی دەرمان، چاودێریكردنی نیشانە گرنگەكانی نەخۆش و پێشكەشكردنی پشتگیری سۆزداری بۆ نەخۆشەكان و خێزانەكانیان، لەگەڵ ئەمانەشدا پەرستاران ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە پەروەردەكردنی نەخۆشەكاندا‌و یارمەتی نەخۆشەكان دەدەن بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی پزیشكی و بژاردەكانی چارەسەركردنیان”.

ئەگەر پەرستاری لای باڵا بەهرە بێت، ئەوا لای ئاڤان هونەرە ‌و كارێكی مرۆییە، ئاڤان دەڵێ‌: “بەحەزی خۆم بووم بەپەرستار، چونكە پەرستاری هونەر‌و كارێكی مرۆییە‌و كارێكە بۆ تەندروستی تاك، ئەم پیشەیەمان كەسێكی میهرەبان‌و ئارامی ئەوێ‌، چونكە مامەڵە كردن لەگەڵ هەندێك نەخۆشدا سەختە‌و دەبێت خۆت بگونجێنیت ‌و كەسێكی كۆمەڵایەتی بیت”.

وتیشی: “پیشەكەم خۆش ئەوێ، چونكە توانای كاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە، پەرستاری پێویستی بە خۆبەخشی و ماندووبوون و بەزەیی زۆر هەیە، دەرفەتت هەیە یارمەتی خەڵك بدەیت و گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لە ژیانی خەڵكیدا دروست بكەیت”.

ئاڤان باسی كێشە‌و ئاستەنگەكەكانی پیشەكەی دەكات ‌و دەڵێ‌: “هەندێ حاڵەت رووبەروومان دەبێتەوە، بۆ نمونە دەمەقاڵێ‌، یان كەسێك فشاری دەروونی لەسەرە یان كێشەی هەیە، توڕەیی خۆی بەئێمە دەردەكات كە لەراستیدا ئەمە زۆر ناخۆشە، بەتایبەت ئەو پەرستارەی هاوسەر‌و منداڵی هەیە‌و شەوانە نۆبەی ئێشكگری هەیە، بەڵام ئێمە هەمیشە دڵمان گەورەیە لەئاست ئەو كێشانەدا”.

ئاڤان باسی ناخۆشترین حاڵەت دەكات كە لەكاتی كارەكەیدا بەچاوی خۆی بینیوییەتی، ئەو دەگێڕێتەوە: “رۆژێك منداڵێكی نەخۆشیان هێنا كە دڵێ‌ كون بوو حاڵەتەكەی باش نەبوو، زۆر هەوڵمان لەگەڵیدا كە بژی، دكتۆرەكە زۆر بەپەلە پێی وتم زۆر بەخێرای بڕۆ ئامێری هەناسەی دەستكردم بۆ بێنە، منیش بەڕاكردن چوم، بەڵام كاتێ‌ هاتمەوە دكتۆڕەكە سەری داگرد، تێگەیشتم منداڵەكە مردووە، زۆر گریام و قەت لەبیرم ناچێتەوە”.

سەبارەت بەرێكخستنی پیشەكەی لەگەڵ كاروباری ماڵ‌و منداڵدا، ئاڤان وتی: “بۆ ژن قوڕسە، بەتایبەت ئەگەر خێزاندار بیت‌و مناڵت هەبێت، بەڵام من هەتا كارەكانی نەخۆشخانە تەواو نەكەم ناگەڕێمە ماڵەوە، چونكە كارەكەمان جیاواز ترە‌و پیشەیەكی پیرۆزە”.

شەهێن رەسوڵ، سۆران
ئیمان ئەحمەد، خورماتو

هاوشێوە

ڤیدیۆ