هونەری دەستڕەنگینی و دروستکردنی تابلۆ و کاری شێوەکاری لە ئێستادا لە ئاستێکی باڵادایە وخاوەنی ژمارەیەک هونەرمەندی بە تواناین، کچە هونەرمەند( شێنێ بێستون )، هەرچەندە دەرچووی بەشی ژمێریارییە لە زانکۆی سلێمانی، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بە هونەری سترینگ ئاڕت کاردەکات و کارە هونەرییەکانیشی جێگەی بایەخی بینەرانە.
لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیای تەوار شێنێ بیستوون باسی لە سەرەتاکانی کارکردنی کردوو ووتی” لە قۆناغی چواری زانکۆ دەستمکرد بە کاری شێوەکاری، زیاتر سەرقاڵی دروستکردنی تابلۆم بە هونەری سترینگ ئاڕت واتە بزمار و دەزوو، ماوەی ٣ساڵە بەردەوامم لەم بزنسە بچوکە ئەویش لەڕێی بینینی کورتە ڤیدیۆیەکەوە بوو هەوڵمدا دووبارەی بکەمەوە، چونکە حەز و خولیایەکی زۆرم بۆی هەبوو شتێکی سەرنجڕاکێش بوو لام” هەروەها دەربارەی هونەری سترینگ ئاڕتیش وتی” ئەم هونەرە بریتیە لە دروستکردنی هەرشتێک کە بتەوێت، بەڵام بەبزمار و دەزوو لەسەر تەختە، کارەکانی منیش لە ئێستادا پێکهاتون لە دروستکردنی لۆگۆ، کاتژمێر، وێنەی زەخرەفەیی، یٔان وێنە ڕەسمی فەیس، دروستکردنی هەموو شتێک بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و لە دایکبوون”
شێنێ پێیوایە کە لە ئێستادا گەنجانی شێوەکار رۆڵێکی باشیان هەیە لە کۆمەڵدا و دەڵێت” کچان و ژنانی شێوەکار بەتایبەت کاران و خاوەنی هەزاران تابلۆی سەرنج ڕاکێشن و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەەیە لەسەر کۆمەڵگە و ئەتوانن بە هونەرەکەیان زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگە دەستنیشان بکەن”.
لە بارەی ئەو موادانەی لە کارەکانیدا بەکاری دەهێنێت و فرۆشی بەرهەکانییەوە شێنێ خان دەڵێت” ئەو موادانەی بۆ دروستکردنی تابلۆیەک کە بۆ هونەری سترینگ ئاڕت پێویستە بریتیە لە « تەختە، بزمار، دەزوو» ئەم سێ موادە سەرەکیترینن، هەندێکجار پێویستمان بە بۆیە و کۆمەڵێک موادی لاوەکی ئەبێت بۆ جوانترکردنی تابلۆکە، لە ڕووی کوالێتیەوە تابلۆکان زۆر زۆر بە تۆکمەی دروستی ئەکەم و زەمانی لەگەڵدایە کە هیچ شتێکی لێنەیەت و کوالێتیان بەرزە، بەڵام بە هۆی ئەوەی بزمار بەسروشتی ژەنگ هەڵاتنی هەیە ئەبێ تابلۆکان لە شوێنێک دابنرێت کە شێدار نەبێت یان تەڕ نەبێت، من لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە لەسەر خواستی کڕیار تابلۆکانم دڕوستدەکەم و دەیفرۆشمەوە خۆشبەختانە خواستی لەسەرە، بە تایبەتی لای گەنجان کە بۆ هەموو جۆرە بۆنەیەک داوای دەکەن”. شێنێ ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەئێستا گرنگی بەکاری دیکۆراتی ناو ماڵ ئەدات و وتیشی” دەمەوێت ئەم هونەرە بۆ داهاتوو زیاتر بەرە و پێش بەرم بەشێوەیەک کە زۆربەی ماڵەکان و کافێ و ڕێستۆرانتەکان تابلۆیەکی منی لێبێت و زۆرینەی خەڵک لە نزیکەوە یٔیشەکانم ببینن”
شێنێ بۆ گەنجان و کچانی هاوتەمەنی خۆی دەڵێت”داواکارم لە هەموو گەنجێک بەتایبەتی بۆ کچەکان دەستبکەن بە ئیشی سەربەخۆی خۆیان و بتوانن لەسەر پێی خۆیان راوەستن، بە دڵنیاییەوە هەر کەسێک لە ئێمە بەهرەیەک لە ناویدا شاراوەتەوە و ئەتوانێ لە ڕێگەی ئەو بەهرەیەوە کاری سەربەخۆی خۆی دامەزرێنێ”.
ئامادەکردنی: تریفە حەسەن