ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

بێناونیشانەكان دەكرێتە كارێكی هونەری

بێناونیشانەكان، ناونیشانی ئەو كارە هونەرییە كە پەرچەكرداری هونەرمەندی شێوەكاری ناسراو مامۆستا ئەحمەد نەبەزە، لەسەر دیاردەی ژن كوشتن بەناوی شەرەفەوە و بەدیاریكراوی گۆڕستانی ژنە كوژراوەكان جێگەی باسە ئەم نمایشە پشتگیری کراوە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی عێڕاق و سەنتەری ڕۆشنبیری جیهان.


ئەمڕۆ بێناونیشانەكانی هونەرمەند ئەحمەد نەبەز نمایشدەكرێت و تا ٢٦/ ی مانگ بەردەوام دەبێت، دەربارەی ئەم كارەهونەرییە هونەرمەند ئەحمەد نەبەز بۆ تۆڕی میدیای تەوار باسی لە بیرۆكەی كارەكەی كردوو ووتی” بیرۆكەی ئەم كارەم دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر كاتێك بۆ یەكەمجار چیرۆكی ئەو گۆڕستانەم بیست، بەڵام ئەمساڵ توانیم لە هونەرەكەمدا بەرجەستەی بكەم و پێموایە پەنجەم خستۆتە سەر ئازارەكانمان لەم كۆمەڵگەیەدا بۆ هەمووتاكێ گرنگە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریبوون”.


ئەحمەد نەبەز وتیشی ” ئەم سەدەیە گۆڕستانێكمان لێجێدەمێنێت، بێ ناو، بێ ناونیشان، بێ زیارەتكاران، كە پڕە لە چیرۆكی دڵتەزێن و لاشەی كوژراوی ژنان، گۆڕەكانیان بێناز و ناڕێك‌ بەگڵ داپۆشراون، لەبەشی ‌سەرەوە و خوارەوەی هەر گۆڕێكدا دوو كێلە بەردی خوار و ناڕێك دانراوە، كە هیچ ناوێك یان بەروارێكیان لەسەر تۆمار نەكراوە، تەنها ژمارەیان لەسەر نوسراوە بەبۆیەی ڕەش و سور، زۆربەی قوربانیەكانی ئەم گۆڕستانە ئەو ژنانەن كە قوربانی كلتور و دابونەریتی كۆمەڵایەتی و ئاینین لە ژێر ناوی شەرەف لەلایەن كەس و كار و عەشیرەت و كەسانی نەناسراوەوە كوژراون، لاشەكانیان لە چۆڵەوانی و ناو شاخ و قەراغ رێگا دورەكان فڕێدراون، دواتر لەلایەن شارەوانیەوە نێژراون، تەنانەت دوای كوشتنیشیان گۆڕەكانیان جیاكاریان لەگەڵدا دەكرێ، تێكەڵ بە مردوەكانی دیكە ناكرێن و بڕیاری دوای كوشتنیشیان لەسەر دەدرێ، بەجۆرێك لە خودی ناوی خۆشیان بێبەش دەكرێن، تەنها ژمارەیەك دەخرێتە سەر گۆڕەكانیان لەلایەن شارەوانییەوە”.


ئەحمەد نەبەز دەڵێت” بەداخەوە دیاردەی پاكتاوی شەرەف (ژن كوشتن) میدیاكانی كوردستانی تەنیوە و بۆتە هەواڵی ڕۆژانەیان، لەم دوو دەیەی كۆتایدا بەشێوەیەكی زۆر ژمارەی قوربانیەكان ڕوو لە هەڵكشاندایە، بەجۆرێك كۆمەڵگە وەك داینەمۆیەكی مەرگ بە میكانیزمێكی بەهێز لەگەڵ ژنان لەململانێدایە”.

ئا: تریفە حسن

هاوشێوە

ڤیدیۆ