بەمەبەستی هەموار كردنی یاساكە، ناوەندی كاروباری یاسایی (ی.ن.ك) ۆرك شۆپێكی لە ژێر ناوی (یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و رۆڵی لەكەمكردنەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان لەدوای ١٤ ساڵ لە جێبەجێكردنی) ساز كرد.
خاتوو تەلار لەتیف لێپرسراوی ناوەندەكە لەسەرەتای ۆرك شۆپەكەدا لەوتەیەكیدا باسی لە گرنگی ۆرك شۆپەكە و كاركردن لەسەر یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن كرد.
ئاماژەی بەوەشدا: “سەرجەم سەرنج پێشنیارەكان كاری لەسەر دەكرێت بۆ هەمواری یاساكە و ئاراستەی لایانە پەیوەندیدارەكان دەكرێت بۆ كاركردن لەسەری”.
ۆرك شۆپەكە بە بەشداری هەریەك لە (حاكم عەبدولكەریم حەیدر- دادوەری پێشووی دادگای پێداچوونەوەی كوردستان، خاتوو تانیا گلی خەیلانی- ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق، سەركەوت عومەر- بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، د. زانا رەفیق- پسپۆر لە بواری تاوانكاریدا، د. سامان فەوزی- پسپۆر لە بواری راگەیاندندا) بەڕێوەچوو.