ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

رۆژین یەكەم كچە هەنگەوانەكەی هەڵەبجە

ڕۆژین خەسرەو ئەگەرچی لە رووی پسپۆڕییەوە دەرچووی زانكۆیە لە بەشی كارگیڕی كار، بەڵام تاكە ژنە كە لە پارێزگای هەڵەبجە كاری هەنگەوانی دەكات.

رۆژین ماوەی دووساڵە خاوەنی پرۆژەیەكی هەنگەوانییە و كردوویەتی بە سەرچاوەی بژێوی ژیان و خاوەن كاری تایبەتە. لە بارەی كاركردنی لەم پرۆژەیەدا لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیای تەوار وتی»سەرەتا بیرۆكەی ئەم پرۆژەیەم لە نەبوونی دەرفەتی كارەوە بوو، بۆیە بڕیارمدا پرۆژەیەكی تایبەت بە خۆم دابمەزرێنم و دەرفەتی كار بۆ گەنجی هاوشێوەی خۆشم برەخسێنم، بە هۆی ئەوەی ئێمە باخێكی دوورە دەست و گونجاومان بۆ ئەو پرۆژەیە هەبوو، هۆكارێكی باش بوو بۆ سەركەوتن و بونیادنانی پرۆژەكەم، چونكە هەنگوین نەك تەنها وەك خۆراك بەكاردێت بەڵكو بۆ چارەسەری نەخۆشیش سودی هەیە».

هەروەها وتیشی» ئەوەشمزانی كە لە ئێستادا هەنگوینی سروشتی بە تەواوی داخوازی بازاڕی ناوخۆ پرناكاتەوە، بۆیە پێموابووە كە ئەتوانم سەركەتووبم و دووساڵە سەرقاڵی ئەو كارەم».

رۆژین باس لە ئاستەنگیەكانی كاركردنیكرد لە پرۆژەكەدا و بە ئاسانی باسی ئەم كارەی نەكردوو و بەكارێكی مەحاڵیشی نازانێت هەر بۆیە دەڵێت» زۆر دڵخۆشم بە كارەكەم، توانیومە تارادەیەكی باش خۆم رابهێنم بە كارەكان و قورسییەكانی، چونكە بە پێی وەرزەكان كاركردن جیاوازە لەم پرۆژانە وەك كاریتر نییە، چوار وەرزە و یەك جۆر كاركردن بێت، هەر وەرزە و سەرقاڵی بە بەشێكی كارەكەوە، ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم ئەم پرۆژانە منیش بێبەشنیم، لەوانە نالەباری كەش و هەواو وشكەساڵی زەرەرێكی زۆری لە من و هاوپیشەكانمداوە، هەروەها یەكێكیتر لە ئاستەنگییەكان رشاندنی دەرمانی كشتوكاڵییە لە ناوچەكە كە ئەمەش زیان بە هەنگەكان ئەگەیەنێت و لە ناویان ئەبات».

رۆژین ئەگەرچی خۆشحاڵبوو بەوەی ژنان لە ئێستادا بەشێكن لە هێزی كار، بەڵام پێشیوایە كە هێشتا رێگرییەكان زۆرن لە بەردەم كاری ژنان و وتی» پێموایە لە ئێستادا كاركردنی ژنان بەرە و پێشچووە، توانایەكی باشیان هەیە، بەڵام بە داخەوە هەندێك رێگری هەیە وادەكەن ژن لە كاركردن بترسێت و هەنگاو بەرە و پێش نەنێت بۆ دەسپێكردنی كار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە زۆرێك لە رێكخراوەكان هاوكاری دارایی پێشكەش دەكەن بۆ بونیادنانی پرۆژەی بچوك و ژنان هاندەدەن بێنە پێشەوە».

لە كۆتای قسەكانیشدا رۆژین خەسرەو ووتی» داواكارم لە گەنجان و بە تایبەت ژنەكان كە هیچ كات درەنگ نییە بۆ بونیادنان و كاركردن و هەوڵ بەن لەسەر قاچی خۆیان بۆستن وە با چیتر ئێمەی ژنان و گەنجان چاوەڕێ كەسانیتر نەكەین هاوكارمانبن ژیانمان دابینبكەن، بەڵكو ئێمە بتوانین دەستی كەسانی چوار دەورمان بگرین و هاوكاریانبین تاكوببن بە خاوەن كار و داهاتی سەربەخۆی خۆیان. ئێستا من لە بەرنامەم دایە لەم ساڵەوە پرۆژەكەم فراوان بكەم و هەلی كاری زیاتر برەخسێنم، تا بتوانم بگەم بە پرۆژەیەكی فراوان و چەند گەنجێكی هاوشێوەی خۆم بە تایبەت ژنەكان بخەمە سەركار».

هاوشێوە

ڤیدیۆ