ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

كلسی ددان چییە‌و چۆن چارەسەر دەكرێت؟

د. چیا ئەحمەد حەمە عەزیز، كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیە لەچارەسەری دەم‌و ددان، باس لەكلسی ددان‌و هۆكارەكانی دروستبوونی‌و چۆنێتی چارەسەركردنی بۆ تۆڕی میدیایی تەوار دەكات.

باس لەوەشدەكات ئەگەر كلسی ددان چارەسەر نەكرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی بۆ هەندێ ئەندامی لەش وەك (دڵ)، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی و هەوكردنی پووك و بەمەش دەبێتە هۆی دابەزین (لەدەستچوون)ی پووكی ددان‌و ئێسكی شەویلگە.

كلسی ددان چییە؟

كلسی ددان بریتییە لەو ماددە رەقەی سەر رووی ددانەكان كە لەئەنجامی یەكگرتنی كانزاكانی ناو (لیك)ی دەم، لەگەڵ پاشماوە خۆراكییە پاكنەكراوەكانی سەر رووی ددانەكانەوە دروست ئەبێت، بەتوندی ئەنوسێت بەرووی ددانەكانەوە‌و ئەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی زیاتری خواردن لەسەر رووی ددانەكە‌و دروستبوونی هەوكردن و نەخۆشییەكانی پووك‌و هەروەها كلۆربوونی ددانەكان.

قۆناغەكانی دروستبوونی كلسی ددان چین؟

لەقۆناغی سەرەتای دروستبوونی كلسدا، پاشماوەی خۆراك لەسەر رووی ددانەكان كۆدەبنەوە، ئەم پاشماوە خۆراكییانە نەرمن و لەسەرەتادا بەئاسانی و تەنها بە شتنی ددانەكان بەشێوازێكی دروست و بە بەكارهێنانی دەزووی ددان ئەكرێ پاككرێنەوە و لەناوببرێن، بەڵام ئەگەر بەباشی پاكنەكرێنەوە ئەوا لەگەڵ تێپەرینی كاتدا بەهۆی یەكگرتنی پاشماوە خۆراكییەكە لەگەڵ كانزای ناو (لیك) دا، پاشماوە خۆراكییەكە ئەگۆڕێ بۆ كلسی ددان، كە پێكهاتەیەكی رەقی هەیە، كلسی ددان كە دروستبوو بەتەنها بە ددان شتن و بەكارهێنانی دەزوو لاناچێت و پێویستە پزیشك بەكەرەستەی تایبەت پاكیكاتەوە.

زیانەكانی كلسی ددان چییە؟

كلسی ددان زیانی زۆری هەیە هەم بۆ ددانەكان و تەندروستی ناودەم هەروەها بۆ سیستمی تەندروستی جەستەش زیانی زۆرەو دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی بۆ هەندێ ئەندامی لەش وەك (دڵ)، لێرەدا ئێمە زیاتر جەخت لە تەندروستی ناودەم دەكەینەوە.

كلسی ددان ئەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی‌و هەوكردنی پووك، بەمەش دەبێتە هۆی دابەزین (لەدەستچوون)ی پووكی ددان و ئێسكی شەویلگە، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی پاڵپشتی ددانەكان و لەقبوونی ددانەكان، لەزۆر حاڵەتدا چارەخوازەكە دەڵێت ددانەكانم درێژتر بوون لەچاو جاراندا، راستی بابەتەكەش ئەوەیە كە پووك و ئێسكی شەویلگەی دەوروبەری ددانەكان دابەزیون، بۆیە ددانەكان درێژ تر دەرئەكەون نەك ئەوەی گۆرانكاری لەدرێژیی ددانەكاندا روویدابێ‌، هەروەها كلسی ددان دەبێتە هۆی دروستبوونی كلۆری ددانەكان، كە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێ دەبێتە هۆی لەدەستدانی ددانەكان، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنی نەخوازراوی دەم و گۆڕانی رەنگ و خوێنبەربوونی پووك، شێوازێكی نەخوازراو دەبەخشێتە رەنگ و شێوەو دەركەوتنی ددانەكان و پووك.

چارەسەری كلسی ددان چییە؟

چارەسەری كلسی ددان بریتییە لە پاككردنەوەی ددان لەلای پزیشك بەتەنها، هیچ گیراوە‌و دەرمانێك چارەسەری كلسی ددان ناكات و تەنها بەشتنی ددانەكان لەماڵەوە ناتوانین چارەسەری گرفتی كلسی ددان بكەین، بۆیە پێویستە لەكاتی دروستبوونی كلسی دداندا بەزوترین كات سەردانی پزیشكی ددان بكەین بەمەبەستی چارەسەر.

كۆچەر

هاوشێوە

هەستاری

هەستیاری بریتییە لە حاڵەتێك كە تیایدا كاردانەوەیەكی زیاد لە ئاسایی

ڤیدیۆ