ژن خەبات ژیان
هەشتی مارت ڕۆژی یەکدەنگی ژنانی جیهانە بۆ دەسەبەر کردنی ماف و ئازادیەکانیان ئەم ڕۆژە مێژویەکی پڕسەروەرەری گرنگی سەر هەڵدانی خەباتی ژنانە.
لەم سەردەمەدا خەباتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ودادپەروەری لەوە دەرچوە تەنیا ئەرکی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان بێت. پرسی ژنان پرسێکی گشتگیری مرۆڤایەتی جیهانیە کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی پێشکەوتوو دیموکراسی جەختی لەسەر دەکەنەوە و وڵاتان پابەند دەکەن بەزامنکردنی مافەکانی ژنان.
ئەگەر چی وا چاوەڕوان دەکرا کەلەم سەردەمی بەجیهانی بون و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆجیاو زیرەکی دەستکردەدا، ڕەوشی پێشکەوتنی ژنان زۆرتر گەشەی بەخۆیەوە بدیایە، بەڵام بە بەپێچەوانەوەپرسی ژنان بەهۆی جەنگە بێکۆتاکان و جێبەجێ نەکردن و پشتگوێ خستنی ئەوبڕیارو یاسا نێودەوڵەتیانەی کە بۆ پاراستنی ژنان و مناڵان لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیەوە دانی پیادانراوە، بەسستی دەڕوات
سەرەڕای سەرهەڵدانی بێری توندڕەوەی و گەڕانەوە بۆ چاخەکانی کویلایەتی کە کاریگەری پێچەوانەی لەسەر پرسی ژن هەیە.
لەم هەموو کێشمەکێش و وشەرو پێکدانە جیهانیەدا کوردستانیش بەهەموو بەشەکانی بەدەر نیە لەوکێشمە کێشمە.
ژنان دەکوژرێن توندو تیژیان بەرامبەر دەکرێ و لەسەر بچوکترین جیاوازی بیروڕای سیاسی و هەڵبڕینی دەنگی ئازادی بێکار دەکرێن………… تەنانەت لەسیدارەش دەدرێن.
بەهۆی ئەم هەموو قەیرانەو ڕەوشی نێودەوڵەتی کوردستانەوە ڕێژەی هەژاری وبرسیەتی لەناو ژناندا زۆربەرزە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کەلتوری دواکەوتویی و بیری توندڕەویەوە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕۆژانە ڕوبەڕوی چەندین هەڕەشە دەبنەوە، گرووپە دژە مرۆڤایەتیەکان دەیانەوێت هەموو دەستکەوتو ئەو مافەیاساییانەی کە ژنان بەخەباتی چەندساڵە بەدەستیان هێناوە لێیان زەوتکەن.
ئەمەو زۆر توندوتیژی و نابەرابەری کۆمەڵایەتی هەیە کە هێشتا ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن.
بۆیە لە ڕۆژی جیهانی ژناندا بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئەو ستەم و بێدادیە پێویستە ژنان بەبێ جیاوازی هەوڵەکانیان یەکخەن و یەکدەنگبن و بەڕەنگاری ئەو بیروباوەڕانە ببنەوەکە دەیانەوێت ژنان بەرەو دواوە بگەڕێننەوە.
یەکگرتویی ژنان دەبێتە ئەوفشارەی کە گۆڕانکاری گرنگی کۆمەڵایەتی دروست بکات و ماف و ئازادیەکانیان پارێزراو بێت.
بژی خەباتی ژنان لە هەمو جیهاندا .
پیرۆزبێ ٨ ی مارت ڕۆژی جیهانی ژنان
یەکیتی ژنانی کوردستان
٨/٣/٢٠٢٤
