وێنە و راپۆرت: تریفە حەسەن
ئەمڕۆ بەئامادەبوونی خاتوو كافیە سڵێمان سكرتێری یەكێتی ژنانی كوردستان و ئەندامانی سكرتاریەت و كادرانی یەكێتی ژنان و بنەماڵەی خاتوو رزگار حسێن لقی سلێمانی یەكێتی ژنان لە تەلاری تەوار مەراسیمی ماتەم و چل ڕۆژەی ماڵئاوایی بۆ كۆچكردوو بەرێوەبرد.
لەومەراسیمەدا خاتوو لەیلا عەبدووڵا لێپرسراوی لقی سلێمانی یەكێتی ژنان لە وتەیەكیدا باسی لە رۆڵ و خەباتی خاتوو رزگار كرد لە نێو یەكێتی ژنان و بە ژنێكی سەنگین و دڵسۆزی ژنان و كوردستان وەسفیكرد و هیوای خواست داوا كۆستی بنەماڵەكەی بێت.
خاتوو ڕزگار حسین محمود لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەكی مەڵكەندی لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لەگەڵ مامۆستا (حمە رحیم) هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی چوار مناڵە، لەگەڵ دروستبوونی شۆڕشی نوێ لە ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ هاوسەرەكەی خزمەتی پێشمەرگەی كردووە، خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە و شۆرش و كوردایەتی كاریگەری زۆری لەسەری هەبووە تا بەردەوام بێت لە خەبات كردن.
دوای ڕاپەڕینی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٣ دەستیكردووە بەكاركردن لە ڕیزەكانی یەكێتی ژنانی كوردستان زۆر چالاك و بوێرانە ئەركی ناو ریزەكانی یەكێتی ژنانی كوردستانی ڕادەپەڕاندوو ئەندامی لقی سلێمانی یەكێتی ژنانی كوردستان بووە، هەمیشە كەسایەتیەكی بەڕێز و خۆشەویست بووە لای هاوڕێكانی بەڵام بەداخێكی زۆرەوە نەخۆشی ڕێگەی نەدا كاروانی خەبات و ماندووبوونی بگەیەنێتە كەناری سەركەوتن و بۆ دواجار لە ٢٧/٨/٢٠٢٣ لە نەخۆشخانە چاوی هیلاك وماندووبونی بە رووی خۆشەویستانی بۆ هەمیشە داخست. هەزاران سلاو بۆ رۆحی پاكی خاتوو رزگار و تەمەن درێژی بۆ كەس و كار و هاوخەباتەكانی.