سەیوان رۆستەم
لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقدا کە لە 10ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا 57 ژن بەبێ کۆتا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرکەوتن، ئەمە خاڵی وەرچەرخانە لەڕەوشی ژنان لەعیراقداو مایەی دڵخۆشییە کە ژنان توانیان سیستمی کۆتا بشکێننو بەدەنگی خۆیان ئەو مافەی خۆیان بەدەستبهێننو لەوانەیە لەئایندەیەکی نزیکدا سەرکەوتن بەسەر تەواوی ئەو کۆتو بەربەستانەدا بەدەستبهێنن کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ژناندا.
هەر لەم سۆنگەیەوە دەبینین کە ژن لەزۆر شوێنو وڵاتی تر پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، دەبینین لەسعودیە لەم دواییانەدا توانیان هەندێک لەو مافانەی کە خەباتیان دەکرد لەپێناویدا بەدەستیبهێننو ڕێگەیان پێبدرێ بە بەشداریکردن لە ناوەندەکانی بڕیاردانداو ژنانی کوێت ڕێگەیان پێدرا بەشداری سەربازی بکەنو بچنە ڕیزی بەرگریکاران لەوڵات.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ٩٨ ژنی دادوەر دەستنیشان کران بۆ ئەنجومەنی بەڕێوە بردنی دەوڵەت لەمیسر، ئەمانەو زۆر دەستکەوت و پێشکەوتنی تر لە جیهاندا کە سەرەڕای ئەو نابەرابەرییەی لەجیهاندا ژنان ڕوبەڕوی دەبنەوە کۆڵی بە ژنان نەداوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان هەمیشە لەخەباتدابن.
سەردەم سەردەمی خەباتی ژنانەو چەسپاندیان کە گەشەی کۆمەڵ بەبێ بەشداری تەواوی ژنان هەرگیز نایەتە دی لێرەدا دەڵێین: گرنگە ئەو ژنانە لەهەرکوێ بن کە دەگەنە ئەو پلەو پۆستانە بیریان بێت کە ئەمە لەخۆڕا نەهاتوەدی، بەڵکو بەهەوڵو قوربانی چەند ساڵەی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز هاتۆەتە دی و ژن لەهەر پۆستو پلەو پایەیەکدا بێ، دەبێ بیرو هزری ژنانە بێت و سروشتی ئاشتیانەی خۆی پیادە بکات و داکۆکیکاری ڕاستی پرسی ژنان و مافی مرۆڤ بێو دەنگی ڕاستەقینەی ژنان بن.