ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

د. ئیسرا: لەزانستی نوێدا قەڵەوی بەنەخۆشی ئەژمار دەكرێت

قەڵەوی چیەو جۆرەكانی كامانەن، كام خواردنانە هۆكارێكە بۆ قەڵەوی، جینات هەتا چەند كاریگەرە لەسەر قەڵەوی هەیە، دەربارەی ئەم كێشە تەندروستیە، تۆڕی میدیایی تەوار چاوپێكەتنی لەگەڵ د. ئیسرا كەمال شاە محەمەد، پزیشكی گشتی، پسپۆڕی بواری قەڵەوی ولاوازی و ماستەر لە زانستی خۆراك كردوە.

تەوار: قەڵەوی چییە؟ ئایا قەڵەوی نەخۆشییە؟

د. ئیسرا: قەڵەوی بریتیە لەكۆبونەوەی چەوری زیادە لە لەشماندا، لە شوێنە نەخوازراوانە، لە ئێستا لەزانستی نوێدا قەڵەوی وەكو نەخۆشییەك حساب دەكرێت، لەبەرئەوەی پەیوەندی هەیە بە زۆربەی نەخۆشییەكانەوە، بۆ نمونە یەكێك قەڵەوبێت كێشی لەئاستی قەڵەویدا بێت رەنگە توشبونی بەنەخۆشی زەخت‌و شەكرەو نەخۆشی دڵ زیاتر، یاخود بە نەخۆشی جومگەو ئیسقان زیاترە، نەخۆشی دەرونییەكان و خەمۆكی‌و بیتاقەتی زیاترە، بۆیە دەكرێت وەكو نەخۆشی ئەژمار بكرێت.

تەوار: جۆرەكانی قەڵەوی چین زیانەكانی بۆ جەستەی مرۆڤ چیە ؟

د.ئیسرا: زیاتر دوو جۆری باوی هەیە، وەكو قەڵەوی شێوە هەرمێ‌ لەگەڵ قەڵەوی شێوە سێو، واتە چەوری زیادەكە كە كۆدەبێتەوە لە لەش لەبەشی سەرەوەی لەشدا كۆدەبێتەوە، شێوە سێوییە، یاخود چەوری لەبەشی خوارەوەی لەش كۆدەبێتەوە بەتایبەتی سمت‌و ڕان و حەوزدا پێدەوترێت شێوە هەرمێ‌.

تەوار: كام خواردنانە هۆكارن بۆ قەڵەوی؟

د. ئیسرا: هەموو خواردنێك كە زیاتر لەپێویستی لەشی خۆت بیخۆیت، هۆكارێكە بۆ قەڵەوی، بەڵام هەندێك خواردنمان هەیە هەوكردنیش لەگەڵیدا دروست دەكات، ئەگەری توشبونت بەقەڵەوی زیاتر دەكات، شەكر بەتایبەتی لەگەڵ ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بەشەكر، وەكو خواردنە گازییەكان و شەكرە دەستكردەكان‌و ئیشی هەویر، هەرخواردنێك زیاد لەپێویست خواردت دەبێتە هۆی قەڵەوی.

تەوار: ئایا بۆچی ژنان دوای وەستانی سوڕی مانگانە دووچاری كێشی زیادە دەبن، چارەسەر چیە ؟

د. ئیسرا: هۆكارەكانی زۆرن، بەڵام باوترین هۆكار لەوكاتەدا كە دەچنە ئەو قۆناغەوە، هەندێك گۆڕانكاری فیسیۆلۆجی لەش هەیە، هەندێك گۆڕانكاری هۆڕمۆناتی روودەدات، كە ئەمە رەنگە هۆكارێك بێت بۆ كۆكردنەوەی چەوری زیاتر، هەندێك هۆكاری تریش هەیە، كە دووچاری بێتاقەتی و سترێس دەكات، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە هۆڕمۆنییەوە كە دروستبووە لە لەشیاندا، یان خراپی خەویان دیسانەوە دەبێت هۆی زۆربوونی خواردن و خراپ خواردنیان.

تەوار: ئایا لە كۆمەڵگەی كوردیدا كام جۆرەی قەڵەوی زیاترە؟

د. ئیسرا: هەردوو جۆری باوەكەی قەڵەویمان زۆرە، داتایەكم لەبەردەست نییە بڵێم كامەیان زۆرترە، جۆری قەڵەوی بەستراوە بە جیناتی كەسەكەوە، كە لەشی كەسەكە زیاتر لەكوێدا چەوری كۆبۆتەوە.

تەوار: ئایا بۆ كێش دابەزاندن كام رێگەیە باشترە بۆ تەندروستی مرۆڤ ؟

د. ئیسرا: بۆ دابەزاندنی كێش بەتەنیا یەك جۆرمان نییە، كە هەموو كەسێك بیكات، كە كێشی دادەبەزێت، یاخود بەتەنیا خواردنێكمان نییە ئەم كەسە بیخوات یان ئەو جۆرە خواردنە نەیخوات قەڵەو نابێت، شێوازەكانی كێش دابەزاندن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، ئێمە زۆر فاكتەر هەیە دەبێت حسابی بۆ بكەین، فاكتەری نەخۆشی ئایا نەخۆشی تر چی لەگەڵدایە، ئایا شێوازی ژیانی كەسەكە چۆنییە، ئەو فاكتەرانە زۆر گرنگە كە بڕیار بدەیت ئەو كەسە دەخەیتە سەر كام شێوازێكی رێجیم كێشی دابەزێنێت، بۆیە كەوتۆتە سەر فاكتەرەكانی كە باسمان كرد لەگەڵ تەمەن و شێوازی ژیان و جیناتی كەسەكە و نەخۆشی هەیە یان نیەتی، چ جۆرە شێوازێك باشترە بۆی.

ئا: تریفە

هاوشێوە

هەستاری

هەستیاری بریتییە لە حاڵەتێك كە تیایدا كاردانەوەیەكی زیاد لە ئاسایی

ڤیدیۆ