هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە (برۆنكیۆلایتس) نیشانەكانی بریتین لە هەناسە توندی، هەناسەی خێرا و كورت، كۆكە، تا، پژمە، بێهیزی و هەندێكجار شین بوونەوەی لێو.
ئەم پەتایە لە خوار تەمەنی دوو ساڵیدا باوە و كەمتر منداڵانی سەروو دوو ساڵ تووشدەبن و لەوانیش كەمتر لە گەورەدا هەیە.
هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لەرێگەی هەناسەدانی كەسانی تووشبوو یان كەسانی هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت كە زۆر جار هەڵگری ڤایرۆسەكەن بێئەوەی نیشانەیان هەبێت.
ئەوانەی تەمەنیان لە خوار یەك ساڵە، مەترسی بە قورس گرتنی پەتاكەیان هەیە، بۆیە زۆر گرنگە منداڵانی خوار یەك ساڵ لەو پەتایە بپارێزین، چونكە هەموو كات لەكەسانی دەوور و بەرەوە پەتاكە ئەگرن.
رێنماییەكان
1ـ منداڵانی خوار یەك ساڵ، نەخرێنە باوەش و ماچ نەكرێن و هەناسەی بەسەردا نەدرێت و نەبرێنە دەرەوە تا تەواوبوونی وەرزی سەرما.
2ـ ئەگەر یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكە هەر نیشانەیەكی هەوكردنی هەبوو لە منداڵی خوار یەك ساڵ نزیك نەبێتەوە و نەچێتە ئەو ژوورەی كە منداڵەكەی تێدایە، نیشانەكان وەك (كۆكە، پژمە، تا، گیرانی لوت، سوربوونەوەی چاو و ئاوی لوت و ئاوی چاو).
3ـ تێكەڵاوی نا پێوسیستی كۆمەڵایەتی كەم بكرێتەوە.
4ـ نەبردنی منداڵ بۆ شوێنە گشتییەكان وەك نەخۆشخانەو ناو بازاڕ.
5ـ دەست شتنی بەردەوام پێش نانخواردن یان نان پێدانی منداڵ.
6ـ ئەو منداڵانەی كە نیشانەیان هەیە لەخوێندنگەكاندا رێنمایی بكرێن ماسك بكەن و دەست بشۆن و كلێنس بەكاربێنن.
ئەوەی زۆر گرنگە ئاگاداری منداڵی خوار تەمەن یەك ساڵ بن، ئەو منداڵانەی كە باری تەندرووستیان جێگر نییە و ئێستا لە نەخۆشخانەكاندا داخڵكراون و ئۆكسجینیان لەسەرە زۆربەیان خوار تەمەن یەك ساڵن، گرنگە بیان پارێزن.
د هونەر جەمال حسێن بۆرد لەنەخۆشییەكانی منداڵان و تازە لەدایكبووان