ڕۆسۆ دەڵێ: كچ بە سەلیقە ئارەزووی لە وێنەكێشان و چنینە، بۆیە پەروەردە دەبێت، ئەگەر ئەو ئارەزوەی پەرە پێبدات، بەڵام سیمۆن دیبۆڤوار پێی وایە، ئەوە كلتورە ئەو مەخلوقە بەرهەم دێنێت كە مێی پێدەڵێن، چونكە ژن لەسەرەتاوە وەك ژن لەدایك نابێت، ئەوە كلتورە دەیكات بە ژن.
ڕۆسۆ هەرچەند بەباوكی ئازادی، دادپەروەری ناسراوە، بانگەشەی بۆ شۆڕشێك كردوە كە كۆیلایەتی لەناو بردوە، كەچی بەرامبەر بە ژن هێندە كۆنەخواز بوە نەیتوانیوە خۆی لەژێر باری قورسی كەلەپوری بابسالاریدا قوتار بكات.
بەڵام ژن لەلای تەواریق ڕێزیكی یەكجار زۆری لێگیراوە، تەواریق نزیكەی سێ ملوێنێك دەبن لەبیابانی گەورە لە نیگەر و مالی و بوركینافاسۆ، ژن لای ئەوان هێندە پایەیەكی بڵندی هەیە تائەو ئاستەی كە جیابوەوە، هەمان ئەو رێزەی هەیە كە پێش هاوسەرگیری هەیبوە، كچان لای ئەواك گەر بۆ یەكەمجار بچێتە سوڕی مانگانەی، ئاهەنگێكی ڕاستەقینە دەگێڕن، ژنان گۆرانی دەڵێن و تەپڵ و چەپڵە لێدەدەن، پیاوانیش سەما دەكەن، ئەو ئاهەنگە بۆ ئەوەیە ئیدی ئەو كچە پێگەشتوە و ئامادەیە بۆ هاوسەرگیری.
لای تەواریق وا باوە ژن و پیاو پێش هاوسەرگیری پەیوەندی ئەوینداری پێكەوە ببەستن، دەشێت ئەو خۆشەویستییە كە لە خێڵ نهێنیە و وەك هاوسەرگیری دیاردەیەكی ئاسایی بێت و چەند ساڵێك بخایەنێت، ئەگەر ئەوینێكی راستەقینە بو ئەوا بەهاوسەرگیری كۆتایی دێت، ئەگەر پشكۆی ساتە وەختیش بو ئەوا زوو دەبێتە خۆڵەمێش.
بۆ ژن ئەوانە گرنگن، هەست بكات لەگەڵ پیاودا یەكسانە، وەك خود ئازادە و ئەوەی كە مێیە نەفرەت نییە بەسەریدا باربێت، نیعمەتە دەرگای بەختەوەری بۆ دەخاتە سەرپشت، ژن پێی باشە بەقوڵی ڕێزی لێبگیرێ، لەبەر ئامانجی سێكسی نا، لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی مێ بێت، ئینسانەو ڕۆڵێكی گرنگو پیرۆز لەكۆمەڵدا دەگێڕێت، لەلای تەواریق قسەیەكی نەستەقیان هەیە دەڵێ: گەر دەخوازیت كلتوری میللەتێك بناسیت، دەبێت بەكلتوری ژنانیان ئاشنا ببیت.
لەكتێبە ناوازەكەی نوسەری بەتوانا حەمە سەعید حەسەن، بەتەواوەتی ڕۆچۆتە نێو خەم و ئازارەكانی ژن لەهەركوێیەك بێت، ڕای زاناو بیرمەندەكان لەبارەی ژنەوە.
گوڵزار حەمە فەرەج