ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ترس لە نەخۆشی چییە ؟

ئەو كەسانەی بەبێ‌ بوونی نەخۆشی جەستەیی، هەمیشە بەدوای بەڵگە و پشكنیندا دەگەڕێن، بۆئەوەی بیسەلمێنێت كە نەخۆشییەكی جەستەی هەیە، كە ئەمە بۆخۆی نەخۆشییەكی دەروونییە‌و ترسە لەنەخۆشی.

خاتوو لاوین كوردە دەرونزان لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “‎ئەم نەخۆشییە بریتییە لە ترسێكی زۆری بێ پاساو لە تووشبوون بە نەخۆشییەكی ترسناك سەرەڕای نەبوونی هیچ نیشانەیەكی كاریگەر، ‎كەسەكە ترسێكی زۆری هەیە، ترسێكی ئاسایی بە تەنیا نابێت بەم نەخۆشییە، بەڵكو دەبێت ترسەكە لە ئاستێكی بەرزدا بێت و بە بچوكترین نیشانەی جەستەیی یان دەكرێت هیچ نیشانەیەك بونی نەبێت ئەم ترسەی لا دروست دەبێت”.

وتیشی: “‎ئەوەی زۆر سەرنجراكێشە لەم نەخۆشانەدا ئەوەیە كە خۆیان بەردەوام بەدوای بەڵگە و پشكنیندا دەگەڕێن تا بیسەلمێنن كە نەخۆشییەكی جەستەییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەمە خۆی نەخۆشییەكی دەرونییە”.

دەربارەی نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە كە پێی دەڵێن (نۆسۆفۆبیا)، لاوین وتی:

‎-كەسەكە نەخۆشییەك دەداتە پاڵ خۆی بێئەوەی بەڵگەیەكی هەبێت.

‎-ئەگەر نیشانەیەكی بچوكی جەستەیی هەبێت نیگەرانە لەوەی كە نەخۆشییەكی ترسناكە.

‎-هەستیارییەكی زۆری هەیە دەربارەی تەندروستی جەستەیی خۆی.

‎-

هیچ بەڵگەیەك نییە یاخود بەڵگەیەكی یەكجار كەم هەیە لە دكتۆرەكان یان ئەنجامی پشكنینەكان كە بیسەلمێنێت نەخۆشە.

‎-زیاد لە پێویست نیگەرانە دەربارەی تووشبوون بە نەخۆشییەكی جەستەیی كاتێك لە ناو خێزانەكەی ئەندامێكیان هەمان نەخۆشی هەیە.

‎-چەندین جار پشكنینی جەستەیی خۆی دەكاتەوە بۆ گەڕان بەدوای نیشانەی نەخۆشیدا .

‎-زۆر سەردانی دكتۆرەكان دەكات و پشكنین ئەنجامدەدات، یاخود خۆی دەدزێتەوە لە سەردانیكردنی دكتۆرەكان یان ئەنجامدانی پشكنین لە بەرئەوەی نەك نەخۆشییەكی ترسناكی تێدا دەستنیشان بكرێت.

– بەردەوام دەربارەی تەندروستییان قسە دەكەن و دەدوێن یان بەردەوام لە ئینتەرنێت دەگەڕێت بەدوای نیشانە و هۆكاری نەخۆشی.

دەربارەی هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە ‌و كێن ئەوانەی زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبن، ئەو دەرونزانە وتی: “بەڕێژەییەكی زۆر هۆكاری نەخۆشییەكە نەزانراوە، بەڵام چەند فاكتەرێك هەیە كە مەترسیدارن و ڕۆڵیان هەیە لە توشبوونی كەسەكە بەم نەخۆشییە، لەوانە بۆماوەیی، هەبوونی جۆرێك یان زیاتری نەخۆشی دڵەڕاوكێ‌، بەسەربردنی كاتێك زۆر بۆ خوێندنەوە و سەیركردنی ڤیدیۆ دەربارەی تەندروستی، هەبوونی نەخۆشییەكی مەترسیدار لە ژیانی منداڵی كەسەكە یان لە دایك و باوك و بەخێوكەرەكانی، هەبوونی پەیوەندییەكی نائارام لەنێوان دایك وباوك منداڵ لە تەمەنی منداڵیدا لەمێژوی خێزانەكەدا كەسێك هەمان نەخۆشی یان نەخۆشییەكی تری دڵەڕاوكێی هەبووبێت هەروەها خاسیەتی كەسێتی كەسەكە بۆ نمونە خاسیەتی نیورۆتیسیزم كە خاسیەتێكە كاردانەوەی بۆ ڕوداو شتەكان لەئاستی ئاسایی گەورەترە.

لاوین ئەوەشی ئاشكرا كرد كە : ‎ئاستی بەربڵاوی نەخۆشییەكە لە ناو خەڵكی بە گشتی لەتەمەنی گەوراندا دەگاتە (3%)، هیچ داتایەكیش بەردەست نییە ئەو نەخۆشییە لە منداڵاندا هەیە و ڕێژەی چەندە هەردوو ڕەگەزیش بێت، هەمان ڕێژە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن هەروەها بە زۆری لە تەمەنی گەوراندا دەردەكەوێت تا تەمەن زیاد بكات ئەم ترسە زیاد دەكات.

دەربارەی ڕێگە چارەسەرییەكانی ئەم نەخۆشییە لاوین كوردە وتی: “‎دوو ڕێگەی چارەسەری بەسوودە بۆ ئەم نەخۆشییە لە ڕووی چارەسەری دەروونیی ئەنجامەكان ئەوەیان دەرخستووە كە كاریگەرترین جۆری چارەسەری بریتییە لە هزری  و ڕەفتاری بۆ ئاستی سوكی ئەم نەخۆشییە، پێدانی هۆشیاری دەروونییە بەنەخۆشەكە دەربارەی حاڵەتەكەی تەنها بەسە، دوای پێدانی هۆشیاری دەروونیی بە كەسەكە دەربارەی حاڵەتەكەی جارێكی تر بیرۆكەكانی كەسەكە هەڵدەسەنگێنرێتەوەو كاریان لەسەر دەكرێت بۆ گۆڕین، هەروەها تەكنیكەكانی خاوبوونەوە ڕوبەڕووكردنەوە و چەند تەكنیكێكی تر بەكاردەهێنرێت، ‎سەبارەت بەچارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی دەرمانەوە، ئەوە دەركەوتووە كە یەكێك لە مادە دژە خەمۆكییەكان باوترین دەرمانە كە بەكاردەهێنرێت بۆ ئەم نەخۆشییە”.

ئا: تریفە

هاوشێوە

هەستاری

هەستیاری بریتییە لە حاڵەتێك كە تیایدا كاردانەوەیەكی زیاد لە ئاسایی

ڤیدیۆ