شەكرە بریتییە لە بەرزبونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا بە هەر هۆكارێك بێت، كە پەنكریاس لێی بەرپرسە و كۆنترۆڵكردن و ڕێكخستنی ڕێژەی شەكرلە خوێندا ڕادەگرێت.
تۆڕی میدیایی تەوار چاوپێكەوتنی لەگەڵ د. شاگوڵ كەمال عزیز پسپۆری هەناوی ونەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە كردووەو تیایدا باسی نیشانەكانی توشبوون بەشەكرەو جۆرەكانی دەكات.
د. شاگوڵ لەبارەی جۆرەكانی شەكرەوە دەڵێت:
جۆری یەكەم: چارەسەری تەنها دەرزی ئەنسۆلینە، چونكە پەنكریاس هیچ دروست ناكات.
جۆری دووەم: یان ئەنسۆلین كەمە، یان كاری خۆی بەهۆی بەرگری خانەكان لە دژی ئەنسۆلین باش ناكات، چارەی حەب و دەرزیش ئەگرێتەوە، بۆ ئەوە پزیشك بڕیار ئەدات.
بەگشتی تووشبوانی جۆری یەكەم دووچاری منداڵ یان گەنجان دەبێت، واتە هەر لە سەرەتاكانی تەمەندا نەخۆشییەكە دەردەكەوێت.
ئەم جۆرە لە كەسانی قەڵەوو كەسانێك كە نەخۆشییەكە لە بۆماوەیاندا هەیە، دەردەكەوێت لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە، پێویست بەگۆڕینی شێوازی ژیان و پارێزكردن و وەرزشكردن چارەسەرە.
جۆری سێیەم شەكرەی دووگیانی: ئەم جۆرە تەنها لە كاتی دوگیانیدا دەردەكەوێت، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی هۆرمۆنات، هۆكاری بۆماوەیی، ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووەمی شەكرە زیاد دەكات، پێویستە وریا بن دووبارە بوونەوەی لەسكی تردا زۆرە، وە لە ماوەی 5 ساڵی ئایندە ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووەم هەیە.
دەربارەی نیشانەكانی توشبوون بە شەكرە د. شاگوڵ وتی: دەم وشك بوون، دابەزینی كێش، زۆر میزكردن، نەمانی ئارەزووی خواردن، درەنگ چاكبوونەوەی برین، لێڵبوونی بینین، دەركەوتنی ماكەكان، لەهۆشخۆچون، جەڵتەی دڵ و سستی گورچیلەو دڵ.. …..هتد.
پێویستە پزیشك چاودێری نەخۆشانی شەكرە بكات، ئەو بڕیاردەری چارەسەری گونجاو بێت.
ئا: تریفە