ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

دڵنیای وە کو ژنێک پیاوێک لە ناختدا ناژیێت؟

نوسینی: ژیوار خدر

بابەتی Male Gaze (تێڕوانینی پیاوانە)، دەکرێ بڵێین کە جگە لەوەی کەم باسی لێوە دەکرێت، بابەتێکە کە تەنانەت لەلایەن خودی ژنانەوە زۆر کەم پەی پێبردراوە و زۆرێک لە ژنان ئاگاداری بوونی هەستێکی وانین کە لەناخیاندا بوونی هەیە.


بەهۆی ئەوەی کە سەرەتا لە کۆمەڵگایەکی پیاو سالاری و دواتریش بە گشتی لە جیهانێکی پیاوسالارانەدا دەژین ئەم جۆرە تێڕوانینەهاتووەتە بوون و کۆمەڵێک قاڵب و کۆت و بەندی درووست کردووە کە دەرچون لێیان ئاسان نەبێت.
بە پێویستم زانی وەکو ژنێک باس لەو لایەنە شاردراوەیەی ناخمان بکەم بۆ ئەوەی لەمەودوا بە ئاگاییەوە مامەڵە بکەین بۆ کۆتایی هێنان بەو کاریگەرییە نێرینانەیەی کە لە ناخی هەمووماندا و بێ ئاگاداری خۆمان و بەهۆی نەریت و مامەڵەی کۆمەڵگەوە بۆمان درووست بووە.


Male gaze (تێڕوانینی پیاوانە ) چیە و چۆن پێناسە دەکرێت؟


لە تیۆری فێمینیزمدا دەربڕینی male gaze (تێڕوانینی پیاوانە)، بە مانای بە کاڵا کردن یان پیشاندانی ژن دێت وەکو ئۆبژەیەکی سێکسی لە روانگەی پیاوانەوە لە سینەما و ڤیژوەڵ ئارت و میدیا بینراوەکاندا.

بۆ یەکەمجار تێرمی male gaze ( تێڕوانینی پیاوانە )، لە لایەن توێژەر و فیلمساز ( لاورا مەڵڤی )یەوە بەکارهێنرا، لە وتارە بەنێوبانگەکەی کە لە ساڵی 1975دا بڵاو کرایەوە بە ناوی ( Visual pleasure and narrative cinema)
نوسەر و فیلمسازەکان هەوڵی شاردنەوەی ( تێڕوانینە پیاوانەکانیان) دەدەن لەبەرهەمەکانیاندا، بە دروستکردنی باگراوەند و چیرۆکی ئاڵۆز بۆ کارەکتەرە ژنەکان و ژن وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر و بەهێز پیشان دەدەن، بەڵام هێشتا تێڕوانینە نێرەنەییەکانیان بەڕوونی بە بەرهەمەکانیانەوە دیارە.

ئەمەش بە ئاشکرا لە شێوازی نیشاندانی جەستەی کارەکتەرە ژنەکان لە چاوی کامێراکانەوە دەردەکەوێت کە بەشێوەیەکی بەردەوام فۆکەس دەکاتە سەر جەستەیان ئەمەش دووبارە دەبێتەوە بە جۆرێک لە بەکاڵا کردنی ژنان.
لێرەوە دەتوانین 3 فیلم وەکو نموونەیەکی بەرجەستە بۆ ئەم بابەتە پیشاندەین کە هەر سێکییان لە چەند ساڵێکی جیاوازدا بەرهەم هێنراون و زۆر بەڕوونی تێڕوانینی پیاوانەیان پێوە دیارە:


1- Rear Window (1954)
بەڕوونی لەبارەی جەستەی ژنانەوەیە
2- She’s All That (1999)
ئەمەشیان لەبارەی (makeover) شێوازی گۆڕینی روخسارەوەیە. بەو مانایەی کە سەرکەوتنی ژن تەنها لە جوانی روخساریدایە.

3- The Transformers film series (2006 – 2014)
ژنان وەکو ئۆبژەیەکی سێکسی پیشان دەدات.

لەگەڵ ئەوەی (مەڵڤی) بەتەنها لە روانگەی سینەماوە باسی لە (male gaze) کردووە بەڵام، ئەوەی ئاشکرایە بەشێوەیەکی گشتی میدیا کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە و هەیە لە درووستکردنی (تێڕوانینی پیاوانە) لە نەستی ژناندا بێ ویست و ئاگایی خۆیان.

وە ئەم کاریگەرییە ناوەکییەی کە لە تێڕوانینە نێرینەییەکانەوە درووست بووە، کاریگەری نەرێنی زۆری کردووەتە سەر لایەنی فسیۆلۆژی ژنان بەجۆرێک کە ژنان بێ ئەوەی بەوە بزانن بە روونی کەوتەنەتە ژێر کاریگەری ئەو ستانداردی جوانیانانەی کە لە دید و روانگەی پیاوانەوە درووست بوون و سەرچاوەیان گرتووە.
وێڕای هەوڵەکانی فێمینیزم بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی ئەم ستانداردانە، هێشتا ژنان ناتوانن ئەو قاڵبە تێک بشکێنن و گرنگی بە جوانی روخساریان نەدەن ئەمەش بەهۆی ئەو کاریگەریانەی کە لەو دید و تێڕوانینە نێرینەوە بۆیان درووست بووە کە وایان لێدەکات خانمان لە کۆتاییدا خۆیان بەشێک بن لەو سیستمی بەکاڵاکردنی ژنانەی کە پیاوان درووستیان کردووە و تاکو ئەمڕۆش بەردەوامە.

چۆن بتوانین خۆمان لەو ( تێڕونینە پیاوانە)یەی ناخمان رزگار بکەین؟
بەدڵنیاییەوە رزگار بوون لەم بیروئایدۆلۆژیایە خۆنەویستەی کە لە ناخی هەریەکێکمان وەکو ژن درووستبووە پرۆسەیەکی دوور و درێژە و پێویستە هەر یەکێکمان بە ووردی و سەرنجەوە کار بۆ لەناوبردنی ئەو دیدە بکەین، بەڵام دەتوانین سەرەتا بە پەی بردن بەم چەند خاڵەی کە لە خوارەوە روون کراوەتەوە دەست پێ بکەین:

١- هەوڵ بدە هەموو ئەو بەش و لایەنە جوانانەی ژن ببینە کە هیچ ستانداردێکی جوانی نایانگرێتەوە، ستایشی ژن وەک خۆی کە هەیە بکە و پێیاندا هەڵبڵێ.

٢- ئاگاداری بەرکەوتنت بە لەگەڵ ئەو جۆرە میدیا و راگەیاندنانەی کە دەبن بە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی (تێڕوانینی پیاوانە)، لەبەرئەوەی کاردەکاتە سەر شێوازی مامەڵە کردنت لەگەڵ خۆت و چۆنیەتی تێڕوانینت بۆ ژنان.
٣- گفتوگۆکانت با لەگەڵ ژنان بێت و گوێگری کێشە و هەوڵەکانیان بە و با ئەزمونەکانی ئەوان ببن بە هاندەر بۆت و وات لێبکەن کە خۆت لەو تێڕوانینە پیاوانەیەی کە بێ ویستی خۆت لە ناختدا بۆ درووست بووە رزگار بکەیت.

٤- لەوە تێبگە کە تۆ وەکو ژنێک بەو شێوازە سروشتییەی خۆت کە هەی شایەنی رێز گرتن و ستایشیت، بەهەمان ئەو شێوەیەی کە پیاوێک وەکو خۆی رێزی لێ دەگیرێت.

هاوشێوە

٨ مارس

ڤیان حەمە لاوساڵیادی ڕۆژی جیهانی ژنان کە هەموو ساڵێک لەم

ڤیدیۆ