کنێر عەبدوڵڵا
لای هەموان ئاشکرایە ئەو کاتەی پەیوەندیی نێوان هاوسەرەکان ،بەهەرهۆکارێکی مادیی یان مەعنەوی بێت دەگاتە خاڵی کۆتایی وهیچ دەرفەتێک بۆ پێکەوەژیانیان نامێنێتەوە ،ئیدی بوونی تەڵاق یان جیابونەوەیان لە رووی یاساییەوە دەبێتە ئەمری واقع وکۆتایی ،تا ئێرە ئاساییە و،بەڵام گرنگی دوای جیابونەوەکەش لەوەدایە ،کە ئەو دۆخە نەبێتە مایەی رق وتۆڵە وکاردانەوەی نەرێنی لەلایەن هەردوکیانەوە ،وبەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەریی لەهەرێمی کوردستاندا ،ڕۆژانە ٤۰ خێزان هەڵدەوەشێنەوە.
بەدیوێکی تردا لە چوارچێوەی خێزانەکاندا ،ئەوەی لە نێوان هاوسەرەکاندا دەگوزەرێت، سەرهەڵدانی جۆرە پەیوەندییەکی نائاسایی ومەترسیدارە ،کە ئەگەرچی ئاشکرا وراگەیەندراو نییە ، بەڵام بە جۆرێکی تری تەڵاق ناوزەند دەکرێت کە ناوی “تەڵاقی سۆزداریی”ە.
تەڵاقی سۆزداریی؛ بریتییە لەو تەڵاقەی دووهاوسەرەکە بەشێوەیەکی رەسمی لێکجیانەبونەتەوە ؛بەڵکو لەرووی سۆزدارییەوە تەڵاقدراون ،لەمجۆرە تەڵەقەدا هەریەک ئەویتر بەهۆکاردەزانێت ،وێڕای ئەوەی دەشێت هەندێکجار لایەک یان دوولایەنە لێی بەرپرس بن ؛لەو نێوەندەدا هەریەکەیان ژیانێکی تەنهایی دەژین وبەشدارییان نابێت لە بەسەرهات وروداو وبۆنە خۆش وناخۆشەکانی ژیانی یەکتر ،وهەریەک بۆخۆی وبەدوای ئارەزوو وبایەخەکانیدا هەوڵ دەدات.
بێگومان دووبارەبونەوە وزۆری کێشە وناخۆشییەکان لەژیانی هاوسەرگیریدا بەرهەمهێنەری ئەم جۆرە تەڵاقەیە ؛بەو واتایەی هۆکارەکانی دەرئەنجامی کەڵەکەبووی نێوان دوو هاوسەرەکەیە ؛نەک بەهۆی رودانی هەڵەیەک یان تێنەگەیشتنێکی کتوپڕ یاخود روداوێکی دیاریکراوەوە بێت لەلایەن هەریەکەیانەوە ،کە دواجار بۆتەهۆی لاوازبونی متمانە وتێکشکانی راستگۆیی هەریەکەیان بۆ ئەویتر، ئیدی لەو نێوەندەدا خۆپەرستیی زاڵدەبێت ومەودایەک نامێنێتەوە بۆ خۆشەویستی ، رێز ویەکترقبوڵکردن.
سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە ئامانجەکانی بوونی خێزان ،ژیانکردنە لەژینگەیەکی ئارام و خۆشگوزەراندا ،بەڵام کاتێک بەهەرهۆ وفاکتەرێکی کۆمەڵایەتی ،دەرونی ،ژینگەیی ،ئابوری وجیاوازی بیرو هزرەوه بێت ،کێشەیەک دێتە ئاراوە وهەریەکەیان ئەویتر بەهۆکاری ناخۆشی وخوڵقێنەری قەیران دەزانێت ،بەڵام لەم نێوەندەدا هەمیشە پرسیارێک خۆی دووبارە دەکاتەوە: بەوەی کێ زیاتر هۆکارە ؛ژن یان پیاو؟
ژن هۆکارە؟
هەندێک ،هۆکارەکان بۆ ژن دەگێڕنەوە ولەمانەدا کورتی دەکەنەوە؛ هەستکردنیان بە کاتی بەتاڵ ،مانەوەیان لەماڵ ،سەرقاڵنەبونیان بەکارێکی دیاریکراوی ماڵ یان دەرەوەی بێت ،نەبونی ئامانجێک کە بۆی بجەنگێ و تێکەڵنەبونی بە ژیانی گشتی و کۆمەڵ یان بەهۆی سەربەخۆبونی ژن لە رووی دارایی وکاری دەرەوەی و ئازادبوونی لە کۆت وبەندی کۆمەڵ. دەرئەنجام دەبێتە هۆی فشاری دەرونی و دەمارگرژی و لێکەوتنەوەی زۆر پرسیار لەوانە؛ تۆ بۆ منت فەرامۆش کردوە؟ تۆ چیتر منت خۆش ناوێت؟ بۆ پەیوەندیت نەکرد؟ بیر لە کار زیاتر دەکەیتەوە وەک لە من؟ منت لە بیرکردوە؟
پیاو هۆکارە؟
هەندێکی تر پێیانوایە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کردەوە ورەفتارەکانی پیاو؛ ئەوەش بەهۆی سەرقاڵبونی زۆری بە کارو چالاکییەکانی دەرەوەی ماڵ، مامەڵەنەکردنی بەشێوەیەکی مرۆیی و ئاسایی ،بێدەنگیی زۆر یان لێپرسینەوەی زۆری تا ئەندازەی گومانکردن، بایەخنەدانی بە ووردەکاریی وقسەکردن وگفتوگۆ، یان هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی هتد پرسیارەکانی لەمبارەیەوەش دەکرێت بۆ کات و بایەخت زیاتر بۆ دەرەوەیە؛ نەک ماڵ؟ بایەخت بۆمن نەماوە؟ خەمی خۆتە زیاتر؟
هەردووکیان هاوبەشن؟
لە نێوان ئەو دوو تێڕوانین و بۆچوونەدا، رایەکی تر هەیە کە پێیوایە مەسەلەکە رێژەییە لە نێوان ژن و پیاودا ،لەو روانگەیەی ناخۆشی و کێشەکان دەرئەنجامێکی حەتمیی رەفتارو هەڵچوونە شارراوەکانی لایەکە لە بەرامبەر ئەویتر ؛ئەوەش مەسەلەیەکی سروشتییە کە بەهۆی جیاوازی نێوان مرۆڤ یان رەگەزەکانەوە روودەدات ودواجاردەتوانرێت لە دوو رستەدا کۆبکرێتەوە ” خراپ تێگەیشتن” و “خراپ گومانی”.
لە واقعدا بوونی ژیانی رۆتین ،ئارەزوکردن بە زاڵێتی لایەک ،نەگرتنەبەری میکانیزمی نوێ بۆ شێوازی ژیان و نوێکردنەوەی پەیوەندی ،نەبوونی گەشتکردن ،دەقگرتن بە شێوازێکی ژیان ،کەمیی گفتوگۆو راگۆرینەوە ،تەرخاننەکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ یەکتری ،لاوازی شەفافیەت وراستگۆیی ،خۆپەرستی وجیاوازی ئارەزوو وحەزە تایبەتەکان ،وهەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی دوولایەنە و دابەشنەکردنی ئەرک ووەزیفەکان لە نێوان هاوسەرەکاندا ،هەموو ئەوانە بەرێژەی جیاجیا دەبنە خوڵقاندن وزیاترکردنی تەڵاقی سۆزداری، کە بێگومان چارەنوسێکی هەڵبژاردەی مەترسیدارە ولەئاکامدا هیچ کام لە مرۆڤەکان تیایدا سەرکەوتوو و سوودمەند نابن.