زانستی پزیشكی چینی كۆنترین زانستی پزیشكییە لەهەموو دنیادا، بەڵام ئەم زانستە و شێوازی چارەسەرە درەنگ هاتۆتە كوردستان كە ماوەی ۸ ساڵە ئەم شێوازی چارەسەرە لێرە بەكاردێت، هەروەها لە جیهانیشدا بەردەوام لە پەرەسەندندایە.
د.ئامانج عەبدولكەریم مەعروف، پزیشكی ئازار و ئەلتەرنەتیف لەوبارەیەوە دەڵێت: “لەشی مرۆڤ هەمووی وزەیە، ئەو لەشی مرۆڤەی ئەبینین راستی نییە، بەڵكو فۆتۆنی رەنگە ئەیبینین، بۆیە لەسەر ئەو وزەیە ئیش ئەكەین، وزەی مرۆڤیش بەستراوەتەوە بە هەموو گەردوونەوە، بۆیە ئیشی ئێمە لە زانستی پزیشكی چینی ئەوەیە چۆن جەستەی مرۆڤ و رۆح و خانە و ئۆرگانەكانی هەمووی لە هاوسەنگیدابن”.
سەبارەت بەو نەخۆشیانەی ژنان كە بە پزیشكی چینی و دەرزی ئاژنین چارەسەر ئەكرێت وتی: “ئازاری سوری مانگانە، تێكچونی هۆرمۆن، هێلكەدان، خەمۆكی و فشاری زۆر و دوودڵی، هەروەك ئەو نەخۆشیانەش چارەسەر دەكات كە پەیوەندیدارن بە ئێسكەوە”.
د. ئامانج پێیوایە زانستی پزیشكی چینی یەكێكە لەهەرە زانستە پزیشكییە باشەكانە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ژنان، نمونەی ئەوەش دەهێنێتەوە: “كاتێك ژنێك توشی تێكچوونی هۆرمۆن ئەبێت پێویست ناكات هۆرمۆن وەربگرێ، چونكە ئەو هۆرمۆنانە هەمووی مەوادی كیمیاین و لەش تێكدەدەن، بەڵام چارەسەری پزیشكی چینی یارمەتی ئەدات بە شێوەیەكی سروشتی رێك بێتەوە و هیچ زیانێكی نەبێت”.
سەبارەت بەنەخۆشییەكانی ئێسكیش دەڵێت: “لەشی مرۆڤ هەموو ئەندامەكانی بەستراوەتە بەیەكەوە هەر خانەیەك كۆگایەكی وزەیە بۆخۆی، بۆیە هەموویان بەیەكەوە ئیش ئەكەن ئەگەر بەیەكەوە ئیش نەكەن واتە نەخۆشی دروست ئەبێت، كێشەی ئێسقان و فەقەراتیش كێشەی ئۆرگانەكانی لەشە، چونكە هەر ئۆرگانە و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ شوێنێك، بۆ نمونە ئێسقان لەزاستی چینیدا بەستراوەتەوە بەوزەی گورچیلە، چونكە وەك وزەیەكی گەورە تەماشا ئەكرێت لە زاستی پزیشكی چینیدا و هەروەها هۆرۆنەكانیش لەوێوە دەرژێن، بۆیە كاتێ گورچیلە ئازاری پێدەگات وەك ئەوەی (سەرمای بێت، خورپە، مناڵبوونی زۆر، شەونخونی) ئەمانە هەمووی وائەكات گورچیلە ئازاری پێبگات و لاوازی بكات، بۆیە ئێسكیش ئازاری پێدەگات”.
باسی لەوەشكرد كە: “نەخۆشی ژن زۆر زیاترە لەنەخۆشی پیاو، چونكە ژن زیاتر لە كێشەدایە بە بەراورد بە پیاوان بە تایبەتی لە كوردستان لە كێشەی زیاتردایە وەك كێشەی دەرونی، فشاری كۆمەڵایەتی، فشاری ئابووری، كێشەی خێزانی، مناڵبوون بە تایبەتی لەكاتی منداڵبووندا وزەیەكی زۆری لێئەروات، هەروەها لە كاتی سوری مانگانەش بەهەمان شێوە وزەیان لێئەروات، هەموو ئەوانە وا ئەكات ژنان وزەیەكی زۆریان لێبروات بۆیە لە 80% نەخۆشەكان ژنن”.
د. ئامانج دەڵێت: “زانستی چینی تەنیا دەرزی ئاژنین نییە، بەڵكو زانستێكی پزیشكی گەورەیە خۆی لە (شێوازی خۆراك و دەرمانی گیایی و وەرزش و دەرزی ئاژنین و مەساج دەبینێتەوە)، هەموو ئەوانە پێكەوە دەبێتە زانستی پزیشكی چینی، بۆیە زانستی پزیشكی چینی پێویستی بە كاتە بۆ دەركەوتنی ئەنجامەكەی وەك چارەسەی پزیشكی سەردەم نییە بە وەرگرتنی دەرمانێك یەكسەر چارەسەر بكرێت، بەڵكو چارەسەری پزیشكی چینی كار لەسەر هاوسەنگ كردنی ئەندامەكان ئەكات بۆ هەندێك لە نەخۆشییەكان ۳٠ جار، ئینجا بە تەواوی چارەسەر دەبێت، بەڵام باشترین ماوە ۱٠جارە بۆ وەرگرتنی چارەسەرەكە وە دوای ۳ جار ئینجا لەش دەست ئەكات بە رێككردنەوە و دەستكردن بە وەرگرتی چارەسەرەكە، هەروەها بەتەنیا دەرزی ئاژنین بەس نییە، بەڵكو وەرگرتنی دەرمانی گیایی كە بە داخەوە دەرمانە گیاییەكان لێرە نییە لەگەڵ ئەوەش دەبێت زوو زوو چارەسەرییەكە بگۆرێت، كەواتە پزیشكی چینی كار لەسەر رێككردنەوەی خەوو هۆرمۆن و خواردن دەكات، واتە چارەسەرێكی رۆحییە”.
ئا:پروشە