ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

دوای سێ‌ ژەم ڤاكسین تووشی ئۆمیكرۆن دەبین ؟

بەپێویستی دەزانم لێكدانەوەیەكی زانستی بۆ ئەو حاڵەتە بكەم، كە ئایا ڤاكسینەكان كاریگەریان هەیە یاخود نا!

1-دەشێت كەسێك دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین تووشی كۆرۆنا بێت، بە تایبەت جۆری ئۆمیكرۆن، كە لە كاتی ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و كوردستان بووەتە جۆری سەرەكی كۆرۆنا، هەزاران كەس لە بەریتانیا دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین تووشی ئۆمیكرۆن بوون.

2-زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە، بە سووكی تووشی ئۆمیكرۆن دەبن، ڕێژەیەكی زۆر كەم تووشی هەوكردنی سییەكان دەبن.

3-گرنگی وەرگرتنی ڤاكسین تەنها لەكەمكردنەوەی رێژەی تووشوون نییە، بەڵكو كەمكردنەوەی رێژەی مردنە، تاوەكو ئێستا ڤاكسینەكان رێژەی مردنیان تا ئاستێكی بەرز كەمكردووەتەوە، یەك هەفتە دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین رێژەی٩٠٪‏ تووشبووان پێویستیان بە نەخۆشخانە نامێنێت.

4-ئۆمیكرۆن زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام رێژەی هەوكردنی سییەكان لە ئۆمیكڕۆندا زۆر كەمترە بە بەراوردكردن بە جۆری دەلتا، بەڵام دەبێت ئەوە بگوترێت بەشێكی نەخۆشەكان پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت بە تایبەت ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، دیارە هەموومان ئاگاداری دۆخی ئەوروپاو ئەمریكاین، كە بە داخەوە خەڵكانێكی زۆر بەهۆی كۆرۆناوە دەمرن !.

لێرەدا پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات: كێن ئەوانەی پێویستە ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەرگرن ؟

وەزارەتی تەندرووستی كوردستان رێگەی داوە، كە هەموو ئەوانەی لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە بەسەرەوەن ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن، جێگەی داخە تا ئێستاش بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان هیچ ژەمێكی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، دیارە بە شێوەیەكی گشتی مردن لە نێوان منداڵ و كەسانی گەنج بە هۆی كۆرۆنا یەكجار كەمە، هەر بۆیە كاتێك منداڵێك یاخود گەنجێك ڤاكسین وەرناگرێت بۆ خودی خۆی جێگەی نیگەرانی نییە، بەڵام مەترسیەكە لەوەدایە ئەو كەسە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت و كەسانی تر تووش بكات. ئاشكرایە، كە تا ئێستا رێژەی زۆری مردن بەهۆی كۆرۆنا لە نێوان كەسانی بەتەمەنە، یاخود ئەوانەی هەڵگری هەندێك نەخۆشین.

دەتوانین ئەوانەی ئەگەری تووش بوون بە هەوكردنی سییەكان زیاترەو پێویست دەكات ژەمی سێیەمی ڤاكیسن وەربگرن، لەچەند گرووپێك چڕ بكەینەوە:

1-ئەوانەی بە تەمەنن، لەمەیان هەندێك زەحمەتە بتوانین تەمەنێكی دیاریكراو دەستنیشان بكەین، بەڵام هەموو ئەو كەسانەی لە سەرووی ٦٠ ساڵیدان وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن، تەنانەت ئەگەر هیچ نەخۆشیەكیشیان نەبێت.

2-ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وەك هەوكردنی درێژخایەنی بۆریەكانی هەواو و سییەكان، ئەوانەی پەككەوتنی دڵ، گورچیلە یان جگەریان هەیە.

3-تووشبوانی نەخۆشی شەكرەو هەندێك لە نەخۆشیەكانی دەمارو مێشك.

4-ئەو نەخۆشانەی هەندێك دەرمان بەكاردەهێنن، كە دەبێتە هۆكاری دابەزینی بەرگری لەش، وەك بەشێك لە نەخۆشانی رۆماتیزم و ئەو نەخۆشانەی چاندنی گورچیلە یان مۆخی ئێسكیان بۆكراوە .

5-تووشبوانی شێرپەنجە، بە تایبەت ئەوانەی چارەسەری كیمیاوی وەردەگرن.

6-ئەو كەسانەی زۆر قەڵەون.

7-كارمەندانی تەندرووستی، كە رۆژانە بەركەوتنیان لەگەڵ تووشبوانی كۆڕۆنادا هەیە، چونكە ئەگەری تووشبوون بە كۆرۆنا لەو كەسانە زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەڵ خەڵكانی تری كۆمەڵگە.

دیارە هەموو كەس ئەتوانێت ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرێت، بەڵام زۆر گرنگە پەلە بكرێت لە پێدانی ژەمی سێیەم بۆ ئەو كەسانەی كە باسمان كردووە.

كوردستانیانی خۆشەویست، هەموومان لەو پەتایە نەگریسە بێزار بووین. من خۆم بەو هیوایە دەژیم لە زووترین كاتدا واز لە نووسین دەربارەی كۆرۆنا بهێنم، لێكدانەوەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەمساڵ دۆخی كۆرۆنا باشتر دەبێت، بەڵام تا ئەو كاتە وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی بەردەوام دەبم لەهۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیانی كوردستان. خەمێك لە دایك و باوكی بە تەمەنتان بخۆن و بەزەییتان بە كەسانی نەخۆش بێتەوە و یارمەتیان بدەن بۆئەوەی ڤاكسین وەربگرن .

د. عارف گۆران / پسپۆری ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو

هاوشێوە

هەستاری

هەستیاری بریتییە لە حاڵەتێك كە تیایدا كاردانەوەیەكی زیاد لە ئاسایی

ڤیدیۆ