نما سۆران
هەرچەندە شەرمنی لە سەردەمانێكدا سیفەتێكی جوان و سەرنجڕاكێش بووە و تایبەتكراوە بە ژنان هەر ژنێك شەرمن بوبێت بۆتە جێگەی سەرنجی دەووروبەر و ناو كۆمەڵگە كە بە جۆرێك پێناسەكراوە كە هەر ژنێك شەرمن بێت شارێك دێنێ، ئەمەش وایكردووە كە ژنان حەز بكەن كەسایەتییەكی شەرمنیان هەبێ، بەڵام شەرم كردن وا دەكات بەرەو ترست بەرێ بە شێوەیەكی گشتی تووشی دوودڵی و شڵەژان و ترسێكی زۆر و تەنانەت لەرزینی جەستە لەبەرامبەر كەسانی تردا وا دەكات كە دوورت ئەخاتەوە لەناو خەڵكدا، بەڵام شەرم سیفەتێكی ترسنۆكانە و نەبوونی متمانە بەخۆبوون و توانای بیركردنەوە و كوشتنی بەهرەكان و لەدەستدانی هەموو سیفەتی جوان و ژنێتییە.
ئەو كەسانەی كە شەرمنن هۆكاری شەرمنییەكەیان دەگێڕنەوە بۆ داخراوی خێزانەكانیان كە سارد و سڕ و كەم دوون و هیچ كەسێك گرنگی پێنەداون، جگە لەمە (تالیا ئیلە) پڕۆفیسۆر لە بواری بۆماوەزانی و ڕەفتار لە كۆلێژی كینگس لە شاری لەندەن پێیوایە ئەم بۆچوونە تا ئاستێك ڕاستە، ئیلە باس لەوە دەكات كە شەرمكردن تەنها ٪٣٠ پەیوەندی بە بۆماوەییەوە هەیە، ئەوەی ئەمێنێتەوە كاریگەری ژینگە و دەووروبەری هەیە هەردوو هۆكارەكە پێكەوە بە ئاستی جیاواز كاریگەریان لەسەر شەرمكردن هەیە.
بۆیە بۆ ڕێچكە شكێنی و بۆ بەگژداچوونەوەی شەرمنی پێویستە ژنان لە سروشتی ئاسایی خۆیان زیاتر كراوە بن و ڕەفتار و قسە بكەن، چالاك و بوێر بن، بۆیە لە ئێستادا كەسانی كراوە زیاتر پەسەندكراون لە كەسانی داخراو كەسانی كراوە لە زۆربەی كلتورەكاندا دڵخۆشترن، بۆیە پێویستە ڕووبەڕووی هەموو بیركردنەوە نەرێنییەكان ببینەوەو كاری خۆبەخشی ئەنجام بدە، چونكە وات لێئەكات باوەڕبەخۆبوون زیاد بێت و كەسایەتیت بەهێز ئەكات یارمەتیت ئەیات لە شكاندن و كەمكردنەوەی شەرمنی بەردەوام پێبكەنە و زەردەخەنە لەسەر لێوان بێت، بەجۆرێك بە كە شەرمنیت شارێك نەهێنێ، بە بوێریت شارێك ئاوەدانكەرەوە.