غاز لێدان، زاراوەیەكی خۆماڵییە بۆ حاڵەتێكی تەندرووستی كە پێی دەڵێن ژەهراوی بوون بە گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن.
بۆ مردن ڕوو دەدات؟
گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن لە ئەنجامی سووتانی هەر مادەیەكەوە درووست دەبێت كە بەكار بهێنرێت بۆ ئاگر كردنەوە، جا بۆ خۆ گەرم كردنەوە بێت یان ئاگری كارگە و دەرەچەی سەیارەكان، ئەم گازە وەكو گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن نییە كە هەرچەندە ئەمیشیان لە ئەنجامی ئاگركردنەوە درووست دەبێت، بەڵام ئەمیان كوشندە نییە، چونكە هیمۆگلۆبینی خوێنی مرۆڤ بە تووندی پێوەی بەند نابێت، بەڵام هیمۆگلۆبین بە تووندی حەز بە یەكەم ئۆكسید دەكات تەنانەت ئۆكسجینی ناوی فڕێ دەدات لەبەر خاتری یەكەم ئۆكسیدەكە!
كاتێك ئەمە ڕوویدا و مرۆڤەكە نەگەشت بە هەوای پاك، گەشكە و دڵ وەستان درووست دەبێت و مرۆڤەكە دەكوژێت.
سەرچاوەكانی ئەم گازە پیسە تەنها لە شوێنی داخراودا خراپە، وەكو ژووری داخراو كوشندەیە. ئیتر زۆپا، خەڵوز، زۆپای دار، دووكەڵی مۆلیدە، عەلادین،…هتد بێت.
نیشانەكانی؟
١- ژەهراوی كەم: سەرئێشە، لەش داهێزران، وەكو هەڵامەت وایە.
٢- مام ناوەند: گێژ خواردن، هەناسە سواری، كۆكە و خیزەی سنگ.
٣- ژەهراوی توند: گەشكە، دڵ وەستان، خنكان.
جاری وایە ئەم مردنە بە بێدەنگی دێت و ئەو كەسە نووستوە و بێئاگایە، جاری وایە ژەهراوی بوونەكە ڕۆژ لەسەر ڕۆژ ڕوو دەدات كەم كەم و مرۆڤەكە وا لێدەكات دەروونی تێكبچێت!
خۆ پاراستن:
زۆپای تازە و پڵیتەی نوێ و ئاگرێكی جوانی شین بێت هەرگیز دەرگای ژوورەكە دامەخە، گەر لەبەر سەرما كەوتن بێت، ئەوا باشترە پێشتر ژوورەكەی پێ گەرم بكرێت و دواتر لاببرێت. هەر هیچ نەبێت كاتی نووستن لا ببرێت.
پەنا ببرێت بۆ ڕێگەی دیكە بۆ خۆ گەرم كردنەوە و چێشت لێنان (ئەمە بۆ هەموو كەس دەست نادات بە داخەوە).
د.زانیار ئاغال/ پزیشكی پسپۆڕی هەناوی