ڤینۆس فایەق
” ژنی زانا هەیە، هەروەک ژنی شەڕکەریش هەیە، بەڵام هەرگیز ژنی داهێنەر بوونی نیە.” –ڤۆڵتێر-
هیچ کات باوەڕم بەوە نیە لە کۆمەڵگە پیاوسالاریەکاندا ژن ببێتە خاوەنی تەواوی مافەکانی خۆی، ئەوەی کە بە مافی دەزانێت هەندێ سەرەپارچەی مافە کە پیاو بۆی فڕێ دەدات. ئەوەی ئەو بە ئازادیی پێناسەدەکات بە زمانی کۆمەڵگە پێی دەڵێن “بێعاری” هەمووی رووکەش و خۆهەڵخەڵەتاندنە. ئەزموونی روسی کۆنترین ئەزموونی سۆسیالیستیە کەچی ژن لەوێ دوو جار ئەشکەنجە دەکێشێت، جارێک وەکوو دەستی کار لەسەر دەستی خاوەن کردا، دوەم جار وەکوو ژن لەسەر دەستی پیاوێک لە ژیانیدا. کەواتە مەسەلەکە ئازادبوونی ژن یان چەند ژنێک نیە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو مەسەلە گۆڕانی نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئیداری و هوشیاریی کۆمەڵگەیە، مەسەلەکە لە بنەمادا هەڵوەشاندنەوەی تێگەیشتنە رووکەشەکەیە بۆ چەمکی ئازادی. چونکە دواجار سیستەمی سۆسیالیستیش کە دروشمە راستەقینەکەی ئازادی ژن نەبوو لە کۆتاییدا شکست دەهێنێ. چ جای لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردستان کە ناتوانی خەسلەتەکانی کۆکەیتەوە و پێناسەیەکی بدەیتێ، سۆسیالیستیە، یان دیموکراتی یان عیلمانی یان دینی… هتد…
هاوڕێیەکم هەبوو نوسەرێکی بەتوانا بوو، بەڵام بە ناوێکی خوازراوەوە بابەتەکانی بڵاودەکردەوە، ئەو لە باوک و براکانی دەترسا، بەردەوام پێیان گوتوە نوسین ئیشی تۆ نیە، تەنانەت کتێبەکەی کە لە منی قەرز کردبوو بیخوێنێتەوە، لێیان سەندبوو و سووتاندبوویان، لە راستیدا ئەوان لەوە ترساون ئەو بیربکاتەوە، ترساون سنووری هوشیاریی خێزانەکەی و ئەو ناوەندە تێپەڕێنێت کە تیایدا پەروەردەیەکی نەریتیی تێدا وەرگرتوە و بە ئەقڵی خۆی بیربکاتەوە و بڕیار بدات. ئەمە ترسی زۆرێک لەو پیاوانەیە کە بە گومانەوە سەیری ژنێکی نوسەر، داهێنەر و چالاک دەکەن.
ژنێکیش لە سەر لیستی هاوڕێکانمە لە فیسبوک، بەردەوام دەقی شیعریی جوان بڵاودەکاتەوە، بەڵام ناوی خۆی ناخاتەسەر، جارێک لێم پرسی بۆچی بە ناوی خۆتەوە بابەتەکان لە فێسبووک بڵاوناکهیتەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: “ئەگەر کەسوکارم بزانن من خاوەنی ئەو دەقانەم، نەک فەیسبوکەکەم پێدائهخەن کدوور نیە رێگەی دەرەوەشم لێ بگرن.”
مادلین ئۆڵبڕایت دەڵێ: “کاتێکی زۆرم ویست هەتا توانیم دەنگم هەبێت، ئیستا کە دەنگم هەیە، هەرگیز بێدەنگ نابم”. هیچی لەو شۆڕشانەی لە خۆرهەڵات روویداوە هیچ دەسکەوتێکی وای دەرهەق بە ژن لێ بەرهەم نەهاتوە. نموونەشمان راپەڕینەکەی کوردستانی باشوری خۆمانە، کە هەموو دەرگا هەڵەکانی بە رووی ژندا کردەوە، دەرگای هوشیاری نەبێت، بۆیە بە ئەستەم ژنێک دەبینیتەوە بە دەنگی خۆی قسە بکات و بە دەنگی خۆی داوای ماف بکات. جا ئەگەر تەنها چوونە دەرەوە و بەشداریی ژن لە بازاڕی کاردا وەرگرین گۆڕانکاریەکی گەورە دەبینین. بەڵام ئەگەر لەوە قووڵتر بڕۆین و لە رووی هوشیاریی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی ژن بۆ چەمکی ئازادیەکان شیبکەینەوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە هەندێ ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چەند رووکەشیانە لە ئازادی تێگەیشتون، تەنانەت ژنانێکمان هەن کە لەسەر سۆشیال میدیا بوون بە ئەستێرە و ناو ناوبانگێکی زۆریان هەیە، بەڵام ئەگەر بیاندوێنیت یەک دێر بەسەر یەکەوە نازانن قسە بکەن، بە هەموو ژیانیان نەک کتێبێکیان نەخوێندۆتەوە بەڵکو بەدیار بەرنامەیەکی بەسوودەوە لە تەلەفزیۆن دانەنیشتوون.
مەبەستی من لە هەبوونی ئازادی ئەوە نیە ژن هێزی هەبێت بەسەر پیاودا، بەڵکو مەبەستی من ئەوەیە ژن مافی هەڵبژاردنی هەبێت، چونکە ژێردەستەیی کاریگەری نەرێنی لەسەر کاراکتەری ژن دروستدەکات. بەڵام هەبوونی ئازادی بەبێ هوشیاری ئەگەر زۆر گەورەمان بکات دەمانکاتە ئەستێرەیەکی بۆشی سەر پێگەیەک لە پێگەکانی سۆشیالمیدیا، لەوە زیاتر نا.
چونکە ئەو کۆمەڵگەیەی زەمینەسازیی نەکردبێ بۆ ئەوەی ژن پەرە به لایەنی هوشیاریی بدات، ژنی تێدا دەبێتە بووکەشوشەیەک بەدەست ئەو پیاوانەوە کە مەبەستیانە وێنەی ژن لە هزری کۆمەڵگەدا بە ناشرینی بهێڵنەوە. هێندەی ئیش لەسەر دەرکەوتنی ژنانی سۆشیال میدیا دەکرێ، ئەوەندە ئیش لەسەر ناشرینکردنی ژنە چالاکەکانی بوارە ئەدەبی و هونهری و سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکرێ. ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە کاریگەریەکانی لە نەوەکانی داهاتوودا دەبینینەوە.