نوسینی: ژیوار خدر
پێدۆفیڵیا لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییە و لە دوو بڕگە پێکدێت (pedo) بە واتای منداڵ و (philia) بە واتای خۆشەویستی یاخود حەزلێکردن دێت و واتای سەرەکیش بۆ ئەم زاراوەیە بریتییە لە هەبوونی حەز و خۆشەویستی لەرووی سێکسییەوە بۆ منداڵان.
پێدۆفیڵیا لادانێکی دەروونی سێکسییە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1886 زانا (ڕیچارد کرافت ئیبینگی)ی ئەڵمانی ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە.
بەپێی بیروبۆچونەکانی (ڕیچارد) ئەم لادانە دەروونیە ئەگەری چاکبوونەوەی هەیە.
لێکوڵینەوە دەروونییەکان دەڵێن، دەکرێ هۆکاری سەرهەڵدانی پێدۆفیڵیا لە مرۆڤدا بگەڕێتەوە بۆ توندوتیژییەکی دەروونی کە لە تەمەنی منداڵیدا لە بەرانبەر کەسی توشبو ئەنجامدرا بێت یاخود کەسەکە لە تەمەنێکی بچوکدا رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووبێتەوە، زۆرجاریش دەکرێت کەموکوڕی دەروونی تر ببنە هۆکار بۆ توشبوون بەم حاڵەتە.
(هاڤلۆک ئیلیس) زانای بەڕیتانی، لە ساڵی 1996 پێدۆفیلیای وەک جۆرێک لە توندڕەویی ئاسایی سێکسی نێرینە پێناسە کرد.
قسە کردن لەسەر پێدۆفیڵیا بۆچی گرنگە و بە کوێمان دەگەیەنێت؟
گومانی تێدا نیە کە لە کۆمەڵگە نەریتخوازەکاندا، کۆمەڵێک پرسی نەریتی کۆمەڵایەتی هەن کە پێویستە باسیان لێوە بکرێت و بخرێنەڕوو.
بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کۆمەڵگەی کوردیش بەتایبەتتر، هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بە پیاوانی پێگەیشتو وەکو نەریتێکی باوی کۆمەڵگە هەر لە کۆنەوە بە حاڵەتێکی ئاسایی سەیرکراوە و بگرە بە ئێستاشەوە سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بەرەو بە مۆدێرن بوون هەنگاو دەنێن هێشتا بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم بابەتەیان بەلاوە ئاساییە و بگرە کۆمەڵێکی زۆریشیان پێیانوایە کە هاوسەرگیری کردنی کچ لە تەمەنێکی بچوکەوە پێویستە.
بەدڵنییاوە کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە هۆکارن بۆ نۆرمەڵایزکردنی پرسی هاوسەرگیری منداڵان کە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئایین دووانن لە فاکتەرە سەرەکییەکان.
ئاشکرایە کە مامەڵە کردن لەگەڵ هەردوو پرسی (پێدۆفیڵیا و هاوسەرگیری منداڵان) لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی جیهان زۆر جیاوازە بە بەراورد بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوێ پرسی نزیک بوونەوە لە منداڵ و هەبوونی هەر پەیوەندییەکی سۆزداری و سێکسی لەگەڵ منداڵان سزایە و کەسی ئەنجامدەر رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە و سزای تایبەتی لەسەرە و بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی منداڵیش هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵ رێگەپێدراو نیە.
ناکرێ لێرەدا ئاماژە بەوەش نەکەین کە لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەدا زەمینەیەکی لەبارتر بۆ پرسی هاوسەرگیری منداڵان رەخساوە و پێدۆفیڵیاش لایەنێکی کاریگەر و ئاسایی پرۆسەکەیە. بەهۆی نەبوونی یاسا و نەناساندنی ئەو پرسە وەکو تاوان لەم ناوچەیەی ئێمەشدا ئەم بابەتە رەواییەکی زیاتری پێبخشراوە هیچ رێگرییەک نیە لە بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەکە.
قسە کردن لەسەر ئەم بابەتەو و بەستنەوەی هەردوو پرسی پێدۆفیڵیا و هاوسەرگیری منداڵان دەمانگەیەنێت بەو خاڵەی کە لەم نێوانەدا منداڵ و ژن دەبنەوە بە قوربانی، وە دەکرێ قوربانییەکانیش منداڵان بن لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ.
کە ئەمەش منداڵەکە توشی تێکچوونی دەروونی دەکات و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ کاریگەرییەکانی دەمێنێتەوە و زۆرجار کەسەکە توشی نەخۆشی دەروونی درێژخایەن دەکات.
هەموومان لەوانەیە رۆژێک رستەیەکی لەم شێوەیەمان بەرگوێ کەوتبێت لە پیاوێک کە دەیەوێت هاوسەرگیری بکات و دەڵێت ( ئەگەر کچەکە منداڵ بێت خۆت پەروەردەی دەکەی و بەم شێوەیە دەبێت کە خۆت دەتەوێ)، گوتنی رستەیەکی لەم شێوەیە لە زۆر لایەنەوە توندوتیژییە سەرەتا بەرانبەر منداڵ دواتر بەرانبەر ژنی ئایندەی کۆمەڵگە، لەبەرئەوەی سەرەتا منداڵێک بەهیچ شێوەیەک لەڕووی پێکهاتەی جەستەیی و دەروونیەوە ئامادە نیە بۆ رۆشتنە ناو پرۆسەیەکی وا جدی و گەورەوە و پێویستی بە کامڵ بوونی عەقڵی و مەعریفییە کە ئەمەش پرۆسەیەکی دوور و درێژەو ساڵانێک دەخایەنێت تا ئەو منداڵە پێدەگات و دەبێت ببێتە خاوەنی کەسایەتی خۆی و دەتوانێت بە شێوازێکی درووست بڕیارەکانی بدات.
لەلایەکی ترەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەشێکە لە دەستەمۆ کردن و ئیفلیجکردنی تواناکانی کچێکی منداڵ کە نەتوانێت بەهیچ شێوەیەک بڕیاردەر بێت و بەردەوام گوێڕایەڵی داواکاری و حەز و خواستەکانی مێردەکەی بێت و لە کۆتاییشدا پەروەردەی منداڵەکانی بەهەمان شێواز بکاتەوە و لە ئایندەشدا نەوەیەکی بێدەسەڵاتی ژێردەستەی پیاوی لێدەردەچێت کە نازانێت حەق و مافەکانی چین و خۆی وەکو ئامێرێکی خستنەوەی بەچە دەبینێت.
ئەوەی کە جێی داخ و ئەسەفە ئەوەیە، ئەگەر لە رابردوو دا بەهۆی دابونەریت و ئایینەوە رەوایەتی بەم پرسە درابێت و وەکو شتێکی ئاسایی سەریر کرابێت، ئەوا لەمڕۆدا ئاسانی هۆکارەکانی پەیوەندی کردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکن لە بەزیندوو هێشتنەوەی ئەم کەیسە، ئەمەش بە هۆکاری نەبوونی هیچ فیڵتەرێک کە ڕێگری بکات لە درووستبوونی کۆمینیکەیشن لە نێوان تەمەنە جیاوازەکان کە ئەمەش بووەتە هۆی زەمینەیەکی لەبار بۆ پێدۆفیلەکان کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ئاسانی دەتوانن پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداری لەگەڵ کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ درووست دەکەن و بەشێوەیەک لە شێوەکان بە قسە و بەڵێنەکانیان شۆردنەوە بۆ مێشکیان دەکەن و کۆنتڕۆڵیان دەکەن، لەبەرئەوەی لەراستیدا کەسێک کە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی تەندرووست بێت جیاوازی تەمەن لەبەرچاو دەگرێت و بەدوای کەسێکی پێگەشتو و کامڵدا دەگەڕێت کە بتوانێ باری بەرپرسیارییەتییەکانی ژیانی لەگەڵ هەڵبگرێت و بزانێت کە هاوبەشی ژیانی کە (ژنێکە) ئەرک و مافەکانی چین و بەیەکەوە بتوانن ژیانێکی شایستە دابین بکەن و لەژینگەیەکی تەندرووستدا منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن.
لەکۆتاییدا ئەوەی پێویستە کاری لەسەر بکرێت هۆشیار کردنەوەی منداڵ و کۆمەڵگەیە بە باس کردن و ناساندنی ئەم بابەتانە وەکو تاوان و ئامۆژگاری کردنی منداڵان و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی خێزانی وەها بۆ منداڵ کە بتوانێت بە ئاسانی لەحاڵەتی رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک قسە لەگەڵ دایک و باوک و خێزانەکەی دا بکات.
چیتر پاساو بۆ کەسی دەستدرێژیکەر نەهێنرێتەوە و قوربانییەکە تاوانبار بکرێت و چاوپۆشی لێبکرێت لەبەر دابونەریتی کۆمەڵایەتی و پێویستە خێزانەکان ئەم کەسانە رووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
وە کەسێکیش کە هەست بە بوونی حاڵەتی پێدۆفیڵیا دەکات پێویستە سەردانی پسپۆری دەروونی بکات و چارەسەر وەربگرێت.