دالیا جەزا
پیشە بازنی زێڕە، ئەو قسە کوردییەی دێر زهمانە باوەو ئەو سەردەمانە زۆر دووبارە کراوەتەوە کە بەهای پیشەکان، لەئاستی بایەخە ڕاستەقینەکەیدا لێیدەڕوانراو مافی پێدەدرا .. لەمێژە پیشەو پیشەوەری لای میللەتی کورد پشکی مێینەشی تێدابووە و چەندین ژن هەبووە کاری وەک لفکە و پوزەوانەو دەسرازەوکڵاوچنین و دورمانیان کردووە… ئەو ژنانە لەنێو ماڵی خۆیاندا ئەو کارانەیانکردووە وبەدەگمەن ئەوان لەنێو بازاڕدا بینراون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا قۆناغ دوای قۆناغ ژن لەنێو کارکردنی بازاڕدا دەرکەوتن و لەگەڵ بەرەوپێشچونی سەردەمەکان ژمارەیان زیادییکرد ، زیاتریش ماوەی دە ساڵی ڕابردوو، نەمانی بڕیارەکانی دامەزراندن لەدام ودەزگا حکومییەکان پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی ژنان وکچانی گەنجی ئیشکەر ژمارەیان زۆرترببێت لە دەرەوەی ماڵ، ئەمەش هەنگاوی دڵخۆشکەرە بۆ هەموو سەردەمێک. لەبەر ئەوەی ئەزمونی ڕابردووی هەموو نەتەوەکانی دنیا ئەوەیان سەلماندووە کارکردنی ژنان لەدەرەوەی ماڵ ئەگەر کارەکەی لەژینگەیەکی دروست ودوور لەگەندەڵی بێت چەندین لایەنی ئیجابی لێوە دەستەبەر دەبێت. کارکردنی ژن جگە لەوەی هاوکارە لەبەرزکردنەوەی ئاستی دارایی وکۆمەڵایەتی خێزانەکەی، کەسی ئەو مێینەیەش کێش دەکات بەرەو گەشەپێدانی خود وئارەزووی زۆر بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بەوەش دەرکەوتنی تواناو باوەڕبەخۆبوونی لا دەچەسپێت لەڕێی ئەو نواندنەی لەکارەکەی نیشانی دەدا.
کارکردنی ژن لەدەرەوەی ماڵ هاوکاری کۆمەڵگهش دەکات بە گەشەکردنی ژنێکی بەئاگا لەو ڕۆژگارو زۆنەی کاری لێدەکات و لەمامەڵەی لەگەڵ پێکهاتەی جیاواز لەدەروون و کرداردا و ئازایەتی بەرەنگاری دەبێت کاتی بەسەرهاتە چاوەڕواننەکراوەکان ، ئەگەر هەندێک خاڵی سلبی هەبێت لەکارکردنی ژنان وەک کەمتر ڕاگەیشتن بەکاروباری ماڵ وچێشتخانەکەی ئەوا لەسیستمی وڵاتانی پێشکەوتودا ئەو لایەنەش تاڕادەیەکی زۆر چارەسەرکراوە، بەپێدانی مۆڵەتی باوکایەتی و چاودێریکردنی تەدروستی منداڵ لەلایەن پەرستاری دەوڵەتەوە نەک تەنیا لەلایەن دایکەوە.
پێگەی ئەلەکترۆنی neurology کە سەر بە ئەکادیمیایەکی ئەمریکییە بۆ لێکۆڵینەوە، لەم دواییەدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە، ئەو ژنانەی لەدەرهوەی ماڵ کاردەکەن وموچەی کاروەردەگرن لەتەمەنەکانی سەروو پەنجاوپێنج ساڵییەوە ئاستی دابەزینی یادەوەرییان بەرزترە و کەمتر توشی زەهایمەر دەبن بەراورد بەژنانی هاوتەمەنیان کە کارناکەن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر دوازدە هەزار ژن کراوە لەماوەی دوازدە ساڵی کارکردنیان. پێگەکە ئاماژەی بەوەش داوە ئەو ئەنجامە بەهۆی ئەو هاوکارییە مەعریفی و تێکەڵبوونە کۆمەڵایەتییەیان هەستی خاوەن داراییەی خودە که کارکردن دەیخوڵقێنێت.. ئەمڕۆ ڕێژەی ژنانی خاوەن کار لەهەرێمی کوردستان بە پڕۆژەی گەورەو بچوک لەبەرزبوونەوەدایە ،بەڵام بەراورد بەپیاوان هێشتا کێرڤەکە زۆر نزمە. ئامارەکانی دەزگای وەبەرهێنان تۆماری
کردووە جگە لەسەدان پیشەوەری ژن لە پڕۆژەی بچوک لەهەرشارێکی هەرێم، تائەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا (1098) وەبەرهێن هەیە 27 یان ژنن، 36306 مۆڵەتی ژووری بازرگانی دراوە 622 یان ژنن لە ژمارەی 8000 ملیۆنێر لەهەرێمی کوردستان 2% ژنانن . لەپاڵ ئەوەش نەوەی دە ساڵی پێشووی دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان لەکەرتی حکومی دانەمەزراون ژمارەی کچان لەکەرتی تایبەت کەمن، بێگومان هۆکاریش ڕێگرییەکانە لە کەمی مووچە و نەبوونی هەلی گونجاو لەوشوێنانە بەبەراوردی ژمارەی دەرچوان.. ئاشکرایە مەسەلەی ئاماژە بۆ کراو گرفتێکی گەورەو بەردەوامی نەوەیەکە وچارەسەری ئاسانە ئەگەر حکومەت وسەرمایەدارەکان هەنگاوی دڵسۆزانەیان بۆتاک ونەتەوەی خۆیان هەبووایە بەدامەزراندنی سەدان پڕۆژە و کارگەی وەبەرهێن ودامەزراندنی ئەو دەرچوانە لێیان. لەگەڵ بایەخدان بەخوێندنی پیشەی بەشێوەی ئەکادیمی وتەریب بەگۆانکارییەکانی دنیای بێشکەوتوو، لەپاڵ پڕکردنەوی و کەلێن وکێماسییە ماددیی و مەعنەوییەکانی ئەو بوارە لەخوێندنی ئامادیی وناوەندییشدا کەبونیان بەشێوەیەکی بەرچاوە. لەکاتێکدا بوونی کادری پیشەیی وناوەندی لەڕۆژگاری ئەمڕی هەرێمی کوردستاندا پێویستییەکی گەورەیە ، بەهۆی کەمی بەرهەمی خۆمان و هاوردەی بەرهەمەکانی چین وتورکیاوئێران لەو کاتەی گەنجانی ئێمە تامەزرۆی ژینگەیەکی ئارامی خۆماڵین بۆکارکردن وژیانکردن .. لەم لاوئەولا دوکانیان بۆ کاڵاو بەرهەمەدەستییەکانیان داناوە
بەشێوەیەکی بەرشوبڵاو لەملاوئەولا ژنان دوکانیان بۆ خواردن دروستکردن و ئێکسسوارات وکاڵا دەستییەکانیان داناوە . دەشێت ئەمانە کۆبکرێنەوەومامۆستای ئەکادیمیان بۆ دابنرێت وڕێکبخرێن.. حکومەتی عێراقی لەساڵانی حەفتا وهەشتاکاندا بەمەبەستی بناغەدانان بۆ وڵاتێکی پیشەسازی چەندین هاندەری بۆ کاری پشەیی هەبووە، لە بری زۆر بۆ سەرەموچە ودووساڵ پێشخستنی بەرزکردنەوەی پلەی ڕاژەیی بۆ بڕوانامەی پیشەیی وکادرانی تەکنیکی داناوە، ئەگەر حکومەتی هەرێمیش بەرژەوەندی میللەتی خۆی پێشچاو بخستایە، دەبوو ئەو جۆرە هەنگاوانەی هەبووایە تا کاری پیشەوەری لەهەردوو لایەنی مەعنەوی و ماددی بەرزنرخاندنی هەبووایەو سەدان زەوی خاکمانیان بکردایەتە کارگەی بەرهەمهێن نەک زەوییەکانیان بدایەتە پڕۆژەی وەبەرهێنان کەتەنیا یەک چین لێی سودمەند دەبن. مامۆستا گۆران گوتەنی (لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعاتکار وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا) دیارە بۆ حکومەتی سادهش ئەم قسەیە گونجاوە بازنە زێڕەکە لیخاوی دەبینێت، بۆیە بایەخی پێنادات و 30 سی ساڵە خەمی ئەو خاک و ئاوەی خۆی نییە تا دەستەکارکەرەکانی تێکەڵبکات داهاتیان . هەر ئەو حکومەتەیە ڕێی خۆشکردووە چینێک لەخەڵک، تاکێکیان داهاتی مانگانەی هێندی داهاتی سێسەد گەنج بێت. کەواتە بازنە زێرڕەکەی ژنانیش نوقمیی حەوزەلیخنەکەی حکومەتی هەرێمە.