کنێر عه‌بدوڵڵا
ساڵانه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له رۆژی 14/2 دا که به‌رۆژی خۆشه‌ویستی، عه‌شق ناسراوه بۆنه و ئاهه‌نگی تایبه‌ت به‌شێوازی جیا سازده‌کرێت، مرۆڤه‌کان گوزارشت له خۆشه‌ویستی و هه‌سته‌کانیان ده‌که‌نه‌وه، ده‌رفه‌تێک ده‌بێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ووشه، هه‌ستی خۆشه‌ویستی، به‌خشینی گوڵی سوور، پۆشینی ره‌نگی سوور و به‌خشینه‌وه‌ی شیرینی؛ وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ خۆشه‌ویستییان، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه ته‌نها به عاشقان و خۆشه‌ویستانه‌وه نابه‌سترێته‌وه ؛به‌ڵکو درێژه ده‌کێشێت بۆ نێوان تاکه‌کانی خێزان و هاوڕێ و براده‌رانی کار و خزمان.
له‌هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌م بۆنه‌یه چه‌ند بۆچونێک له خۆده‌گرێت؛ هه‌ندێک پێیوایه جه‌ژنێکی رۆژئاواییه و تایبه‌ته به که‌لتوری ووڵاتانی تر و پێویست به یادکردنه‌وه‌ی ناکات، هه‌ندێکی تر رای وایه دیاریکردنی رۆژیک بۆ خۆشه‌ویستی مه‌سه‌له‌یه‌کی نامۆیه له ساڵێکدا و بۆ ته‌نها له رۆژێکدا خۆشه‌ویستانمان به‌بیر بێته‌وه!؟ ئایا خۆشه‌ویستی پێویستی به خۆبه‌ستنه‌وه به مێژوویه‌که‌وه هه‌یه ؟! ئایا مانای ئه‌وه‌یه که رۆژه‌کانی دیکه بێ خۆشه‌ویستی تێده‌په‌ڕن؟!
هه‌ندێکی دیکه رۆژ و بۆنه‌که به‌تایبه‌ت ده‌بینن و به‌شداریده‌که‌ن به‌وشێوه‌یه‌ی ده‌یانه‌وێت و رایان وایه چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌یه ئامانجێکی نوێکردنه‌وه و دووپاتکردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه؛ نه‌ک به‌واتای ئه‌وه‌ی رۆژه‌کانی دیکه خاڵی بێت له خۆشه‌ویستی.
ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره ئه‌وه‌یه له مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی چیرۆک و داستانی عه‌شق و خۆشه‌ویستی زۆرهه‌ن که بۆته وێردی سه‌رزمان و له مێژوودا تۆمارکراوه؛ وه‌ک چیرۆکی مهم وزین، شیرین و فه‌رهاد، خه‌ج و سیامه‌ند و لاس و خه‌زال، به‌ڵام نه‌بۆته بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تی ناوخۆیی به کۆمه‌ڵگه؛ هاوشێوه‌ی کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌کانیش که خاوه‌نی چیرۆکی قیس و له‌یلا، وعنتره وعبله، وجمیل وبپینهن؟
چیرۆکی زۆر و یه‌ک خۆشه‌ویستی
له رووی مێژووییه‌وه چیرۆکی زۆر هه‌ن دیارترینیان چیرۆکی قه‌شه‌یه‌کی ئیتالییه که له‌و رۆژه‌دا له سێداره‌درا. له سه‌ده‌ی سێی زایینی و سه‌رده‌می “ئیمپراتۆریی ڕۆم”دا، سه‌رکرده‌یه‌ک هه‌بوو به ناوی “کلاودیۆسی دووه‌م” به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی به‌جه‌نگه‌وه، ژنهێنانی له‌سه‌ربازه‌کانی قه‌ده‌غه‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی جه‌نگه‌کان بکه‌ن و بهژنهێنانهوه سه‌رقاڵ نه‌بن، به‌ڵام “ڤالهنتین”ی قه‌شه، ڕووبه‌ڕووی بڕیاره‌که‌ی ئیمپراتۆر بوه‌وه، به‌نهێنی گرێبه‌ستی ژنهێنانی بۆ سه‌ربازه‌کان ئه‌نجامده‌دا؛ کاتێک کلاودیۆس به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی زانی، بڕیاری زیندانیکردن ڤالهنتینی ده‌رکرد.
ڤالهنتین له‌ناو زینداندا عاشقی کچی زیندانبانه‌که بوو. به‌و جۆره‌ی که له ئه‌فسانه‌کاندا هاتووه، ڤالهنتین نامه‌ی بۆ ئه‌و کچه ده‌نارد و له‌سه‌ری ده‌نووسی “له لایه‌ن ڤالهنتینی تۆوه”. ئه‌و کاره‌ی ڤالهنتین، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که پاشا ڕقی لێههڵبستێ و له‌ئاکامدا قه‌شه به تاوانی لهیهکمارهکردنی ئه‌و عاشقانه به پێچه‌وانه‌ی یاساکانی کلاودیۆسی دووه‌مه‌وه، له 14/2 له سێداره درا، به‌ڵام له پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی و له دوای مردنی ڤالهنتین به 200 ساڵ، قه‌شه گێلاسیس بڕیاری دا 14ی شوباتی هه‌موو ساڵێک ببێته ڕۆژی خۆشه‌ویستیی جیهانی، که به‌ناوی “ڤالهنتین”ه‌وه ناونرا بانگه‌وازێک بوو بۆ خۆشه‌ویستی و ئاشتی.
ئه‌م جه‌ژنه، به‌یه‌کێک له جه‌ژنه‌کانی ڕۆمانه بتپه‌رسته‌کان داده‌نرێت و زیاد له (17) سه‌ده له‌مه‌و پێش، گوزارشت بووه له چه‌مکی بتپه‌رستیی ڕۆمانییه‌کان بۆ خۆشه‌ویستیی خودایی.
تابوتێک که گۆڕا بۆ جه‌ژن
له‌م بۆنه‌یه‌دا میسرییه‌کان دووجار ئاههنگدهگێرن؛ یه‌که‌میان له 14 ی فبرایر و دووه‌میان له 4 نۆڤه‌مبه‌ر، سه‌رچاوه‌ی ئاهه‌نگه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیرۆکه‌ی نوسه‌ری میسری مسته‌فا ئه‌مین که له ساڵی 1974 له رۆژنامه‌ی “اخبار الیوم” بڵاویکرده‌وه؛ له‌کاتێکدا له دیمه‌نێکی شه‌قامه‌کانی میسردا تابۆتێکی بینی، که ته‌نها 3 که‌سی له‌گه‌ڵدا بوو و بووه جێی سه‌رسورمانی و پێشنیاری کرد ئه‌و رۆژه ببێته رۆژێک بۆ خۆشه‌ویستی؛ بۆیه ئه‌مین ووتی:” به‌بۆنه‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌مانه‌وێت له 4ی نۆڤه‌مبه‌ردا ئاهه‌نگبگێڕین، خۆشه‌ویستی خودا و خۆشه‌ویستی نیشتمان و خێزان و دراوسێ و هاوڕێ و خه‌ڵک به‌گشتی، ئه‌و خۆشه‌ویستییه هه‌موو به‌هاو رێز‌و شکۆیهکمان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه” واته ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی ئه‌مین به شێوه‌یه‌کی فراوانتر گوزارشتی لێده‌کات که سنوری دووکه‌س ده‌به‌زێنێت بۆ گشتگیرتر و په‌یامێکه بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی؛ به ئامانجی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاشتی و دۆستایه‌تی له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا و له هه‌مانکاتدا وێستگه‌یه‌کی ئومێد و هیوا بێت بۆ گشت بۆ ده‌ربازبوون له خه‌م و ناخۆشییه‌کانیان؛ ئیدی به‌پێی کات ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی نوسه‌ر بوو به راپه‌ڕین بۆ خۆشه‌ویستی له نێوان میسرییه‌کاندا و 4 نۆڤه‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێکیش بووه جه‌ژنێک بۆ خۆشه‌ویستی له میسردا.
چاره‌نوسی خۆشه‌ویستی به‌ره‌و کوێ؟
ئه‌و پرسیاره‌ی له‌سه‌رده‌می ئه‌نته‌رنیت و موبایل و واتسئه‌پدا. هتد خۆیدهسهپهینێ و گرنگه هه‌ر تاکێک لای خۆیه‌وه له‌سه‌ری بوه‌ستێت و بزانێت چاره‌نوسی خۆشه‌ویستی به‌ره‌و کوێ؟! ئایا له‌کۆمه‌ڵی کوردی‌دا بۆته به‌رهه‌مهێنه‌ری خۆشه‌ویستی یان تۆڵه و رق و توندوتیژی؟ وێڕای بۆچوون و باوه‌ڕ و کلتوره جیاوازه‌کان، چه‌مکی خۆشه‌ویستیی گوزارشته له هه‌ستێکی مرۆیی قوڵ و فره‌ڕه‌هه‌ند و په‌یوه‌سته به خودی تاکه‌وه، بۆیه کاتێک مرۆڤ به بیر و باوه‌ڕه‌وه به‌رجه‌سته‌ی ده‌کات و ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له ره‌فتاری و ده‌بێته شێوازی ژیانی؛ ئیدی چه‌مکه‌کانی تری؛ وه‌ک لێبورده‌یی، یه‌کترقبوڵکردن، کاری پێکه‌وه‌یی، به‌خشنده‌یی و هتد ماناوپێناسهی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌بێت؛ بۆیه به‌های خۆشه‌ویستی له نێوان دوو مرۆڤدا، له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت که هه‌ر یه‌که‌یان قبووڵی یه‌کتری بکه‌ن وه‌ک خۆیان که هه‌ن؛ نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نیا خۆی یان ئه‌ویدی ده‌یه‌وێت، به شێوه‌یه‌ک هیچ که‌س هه‌وڵی قۆرخکردن و سه‌پاندنی جیهانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ویتردا نه‌دات، چونکه له خۆشه‌ویستیدا موڵکدارێتی،خاوه‌ندارێتی ، تۆڵه و رق و کینه و ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوانیش بوونی نامێنێت.