دوای ئەوەی زانای فەرەنسی مارای لە ساڵی 1876 كامێرایەكی وێنەگرتنی دروستكرد ناوی نا ( تفەنگی وێنەگرتن) قەبارەی ئامێرەكە گەورە و لە شێوەی تفەنگێكدا بوو لە كاتی چركاندنیشیدا دەنگێكی گەورەی هەبووە، بۆیە پێیان دەوت تفەنگی وێنەگرتن. ئەم ناوە بۆ ساتەوەختی خۆی تەواو راست بووە، بەڵام كەسی نەكوشت و بوو بەو كامێرایەی كە تا ئێستا خزمەتی مرۆڤایەتی پێدەكرێت. كەچی پاش ئەو هەموو ساڵە و سەرەرای پێشكەوتنی ئەو كامێرایە جارێكیتر لە سایەی میدیای كوردیدا كامێراكە بۆتەوە بە تفەنگێك بۆ لێدانی هەستی خەڵك بەتایبەت بۆ ژنانی كوردستان بكوژێكی مەترسیدارە.
لە ئێستادا كامێرای هەندێك كەناڵی راگەیاندن بەهۆی لادانی بەكارهێنەرانی لە پرێنسیپەكانی كاری میدیایی و بەكارهێنانی بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزی بینەر و بۆ مەبەستێكی دوور لە كاری میدیا، بۆتە تفەنگێك بۆ كوشتن و لێدانی كەسایەتی و برینداركردنی هەست و سۆزی ئەوانەی دەكەونە بەر چاوی كامێراكان. ماوەیەكە كامێرای زۆرێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بەهۆی نەبوونی متمانەیان لەلای بینەر و بۆ شكاندنی شكۆی دەستەڵات و بۆ شەڕی ساردی حیزبەكان، لە بەردەم خێمەی تەعزیەكان و سەرقەبران و بەردەمی نەخۆشخانەكان كەوتوون و وێنەی دایكێكی جگەر سوتا و هاوژینێكی ماڵوێران و كچێكی دوور لە هەست و سۆزی باوكایەتی وێنە دەگرن و بەبێ پرس و دوور لە هەموو بەهایەكی كاری میدیایی وێنەی گریان و لە خۆدانی ژنان بڵاودەكەنەوە. بەشاشەی كەناڵەكەشەوە ناوەستن و لە تۆڕكۆمەڵایەتیەكانی كە ناڵەكانیشاینەوە بڵاویدەكەنەوە و زۆرجار وێنەی دایكێك یان ژنێك كە هاوژین یان برایەكی لە دەستداوە دەكەوێتە بەرلێشاوی سوكایەتی و گاڵتەجاڕی بێویژدانەكانی پشتی موبایل و لابتۆپەكانەوە. كە چۆن دەبێ كراسەكەی سورە و لێوی تاتۆیە و قژی رەنگ كردووە و ماكیاجی پێوەیە، بەبێ ئەوەی بیر لەوەبكەنەوە كە كەسی خاوەن مردوو چاوەروانی كارەساتێكی وانەبووە و ناشكرێت پێش وەخت خۆی ئامادەبكات بۆ مەرگی ئازیزێكی.
ئەگەرچی زۆرینەی میدیای كوردی خاوەنی هیچ ئەتەكێتێكی تایبەت بەخۆیان نین لە رووماڵی هەواڵ و دانانی پرۆگرامەكانیاندا و لاسایكردنەوەی میدیاكانی جیهانە، ئەم جۆرە رووماڵكردنەی تەعزیەش لاسایی كردنەوەی میدیا عەربیەكانە ئەو دەمەی كاریان لەسەر پیشاندانی مردن و گریانی خەڵك دەكرد لە نێوان شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلدا بۆ وروژاندنی بیر و عەقڵی شۆڤێنی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی دژ بەئیسرائیل. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا میدیای كوردی دەیكات جۆرێكە لە كوشتنی ئەو كەسانە و هێشتنەوەی وێنەیەكی تەواو دژوار و سەختی ژیانە لە نێو یادەوەری كەسی قوربانی.
نیشاندانیان بۆ بینەرانیش جۆرێكیترە لە لێدان لە هەست ویژدانی بینەر و حساب نەكردنە بۆ باری دەروونی و گوێنەدانە بە بەها كۆمەڵایەتی و ئینسانیەكان و شكاندنی شكۆی مرۆڤە بەبێ ئاگایی. بەبێ ئەوەی بزانن لە رێگەی گواستنەوەی ئەو وێنە تراژیدیانەوە چ كاریگەرییەكی دەروونی لەسەر تەواوی خەڵك دروستدەكات و كەشێكی نائارام لە نێو تەواوی كۆمەڵگەدا دەخوڵقێنێت. كامێرایان كردۆتە بۆسەیەكی ترسناك بۆ كوشتنی خەڵك بەدوو شێوە، كوشتنی كەسێك كە لە ساتەوەختێكی نا ئارامی و بیئاگایدایە و كوشتنی بینەرێكیش كە ناتوانی بە ئاسایی تەماشای ئەو وێنانە بكات و گوزەر بەسەر رووداوەكاندا بكات.
عەتا حەمەساڵح