گولزار فرج
بەیانیەو کراسیکی گوڵداری ئەرخەوانیم لەبەردایەو، دەرگاو پەنجەرەی ماڵەکەم دەخەمە سەر پشت و، چاوەڕێم ئاسۆم لێ هەڵبێت، ئاخر ئاسۆ رەمزی هیوایە بۆ من و ژیان، چونکە من ئەو ژنەم هەمو ڕۆژێ بەردی داخکراو ئەخەنە سەر برینەکانم، کەچی لەنێو قەفەزی نیگەرانیشدا هەر میهرم لێ دەتکێ، نازانم ئەو خۆشی و میهرە لەکوێی جەستەمەوە دەرژێ، لەبەرەبەیانی مێژوەوە ناداد پەروەری ڕەگەزیم لەگەڵ دەکرێ، خۆ ژن هەمیشە پەیامی ئاشتی بە تەوێڵیەوە دیارە، گەر چەتری ئاشتی بنرێتە سەر جیهان وکوردستانیشی لەگەڵ بێت، ئەوا بە دێو جامەی زۆڕێک لە تاوانەکان نەدەگەشت، با یەکسانی ژن و پیاو لەم ڕۆژەدا بکەینە ئاشتەوای خێزان و ژن هاوتای پیاو بکرێت، خەمی ژن وەک خوێنێکی سارد بە لەشماندا دێت و دەچێت ، جێی سەر سوڕمانە لە هەزارەی سێیەمداین و هێشتا هزرەکان گۆڕانکاری بنەرەتی بەسەردا نەهاتوە، لە ڕوانینم بۆ هەشتی مارس دو چمک هەردەم لە خەیاڵمدا بەبەرداوامی زایەڵە بوە، چمکێکیان دەڵێم، ژن بونەوەرێکی ئەفسانە نیە، ژن مرۆڤە مڕۆڤیش بەئەقڵ جیا دەکرێتەوەو نەک بە ڕەگەز، بڕاو نەبون بە مافەکانی ژن و بە ئازاری گیر خواردوی ژن و، بڕوا نەبون بە توانستەکانی ژن، ئەو نایەکسانیە دروست دەکات، چمکی دوەم ئەوەیە نە ژن بێ پیاو بونی هەیەو، نە پیاویش بێ ژن، کە ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە و ژن لەتەسێوی کەرتی پیاوانە، واتەئەگەر دو خۆشویست بن، یاخود هاوسەر هەردوکیان ئەبێت وەک دو حۆری بان بەلەمێک ئاوێتەی یەک بن، تەزوی خۆشەوستی و ویژدان و ئیلاهیەت بە گیان و ڕۆحیاندا بگەڕێت، لە پێناو ئەو تەمەنە بەرچاوەی پێکەوە هەیانە، بەڵام لەم ڕۆژگارە پڕ هەورازو نشێو بێ تەختانیەدا ، هیچ کەس پەی بە جوانیە شاراوەکانی ژنان نابات، ژنان نغڕۆی سوێی روداوەکان دەکرێ، ئەو هزرەی ژن کە لە ناوەڕۆکدا ڕەهایەو، لە نەریتی کۆمەڵگادا داتەپیوە ،ژنی بەرەو لێواری مەرگ ئاراستە کردوە، هەر لەو ڕوانگەیەوە دەڵێم گەر بێتو نزیکەی سەد ساڵێک ئەندامی زاوزێی ژن گڕێ لی بدرێ، یان بە مانایەکی دیکە قوفڵ بکڕێت زادەی بەشەریەت لەنێو دەچێت، ئەو کات بڕوا بە توانستەکانی ژن دەکڕێت ودەزانن کە ژن خاوان چ ئەفراندنێکە