چەوساندنەوەی مرۆڤەکان بۆ یەکتری پرسێکی ئەبەدیە ، لەگەڵ نەمان ومردنی دوامرۆڤ لەسەر زەوی ئینجا پرسی چەوساندنەوە ، ململانێی هێز و کەڵکەڵەی دەسەڵاتخوازی هەیمەنەی مرۆڤیش بۆ سەرئەوانی تر کۆتایی دێت. خەوبینین بە کۆمەڵگایەکی خاڵی لە چەوساندنەوە و نادادوەری وتاوان ئەگەر چی ئامانجێکی پیرۆز وخەونێکی هەمیشەیی مرۆڤە ،بەڵام دواجار خەونێکی بەدینەهاتوە هەربۆیە مرۆڤ هەمیشە لە تێکۆشان وململانێیەکی بەردەوامدایە بۆ بەهیزکردنی دیوە چاکەخواز وژیاندۆست ومرۆڤدۆستانەکەی کە لە بونیای مرۆڤ ودواجار لە بونیادی کۆمەڵگادا بونی هەیە . چەوساندنەوە شێوازێکی هیرارکی هەیە لە سەری سەرەوەی کۆمەڵگاوە شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوە. لەو چین وتوێژە باڵادەستانەی ئامڕازەکانی بە ڕێوەبردنی کۆمەڵگا ودەسەڵاتی ئابوری ودەسەڵاتی سیاسیان لەبەردەستایە شۆڕدەبێتەوە بۆ ئەو چین وتۆێژانەی لە ڕیزبەندیەکی هیرارکی وکۆمەڵایەتیدا پۆلێن کراون . چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ یەکتری فۆرم وڕەهەندی جیاوازی هەیە وهاوکات بە پێی هەلومەرجی مێژویی وبە پێی دۆخی ئابوری وفەرهەنگی وسیاسی کۆمەڵگاکان شێواز وئاستەکانی چەوساندنەوە وتوندوتیژی دەگۆڕێت وفۆرمی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەبینیت. یەکە لەهەرە ئەزەلیترین شێوازەکانی چەوسانەوەی مرۆڤ بۆ یەکتری ، ململانێی دەسەڵات وهەیمەنە بەسەر ئەوی تردا ،چەوساندنەوەی نێوان ژن وپیاوە ، نایەکسانی و نابەرابەری لە ماف وئەرکەکاندا ، لەو بەهار ڕەمزی وئینسانیەی کە مرۆڤ دەشێت هەڵگری بێت ، نابەرابەری و نادادوەری لە پێگەو بەهای ئینسانی ژن وەکو بونەوەرێک ،وەکو یەکەیەکی بنەڕەتی ئینسانی لە کۆمەڵگادا ، چەوساندنەوەی ژنان و بچوککردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتیان وبێبەشکردنیان لە بەشداری کۆمەڵایەتی ولە ژیانی گشتی ، لە فرسەتی هاوبەش ولە گەشەکردنی مرۆیی وەکو بونەوەرێکی ئازاد وژیر ، هەموو ئەم شێوازانەی چەوساندنەوە بە پیادەکردنی ئەو ئامڕازە فەرهەنگی وکۆمەڵایەتی ونەریتی وتەنانەت ئایینی وسیاسی وئابوریانە دەچێت بە ڕێوە کە لە پشتیەوە سیستەمێکی پاتریارکی بونی هەیە ، سیستەمێک کە لەسەر چەوساندنەوە و بێبەشکردنی ئەوانی دی لە بەشداری کۆمەڵایەتی خۆی بینا کردوە ، سستەمێک کە لە ڕێگای نەریت و فەرهەنگی کۆنەپەرستی وقۆرغکردنی ئابوری وبەهیز کردنی خەیاڵی نەریتخوازانە لە ناوکۆمەڵگادا بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە . خؤنوێکردنەوەی هەمو سیستەمێکی سەرکوتگەر وسستەمکار توندوتیژی ونادادوەری بەرهەم دێنێت وەکو ئەو دۆخە ئینسانیەی کە زۆربەی ژنانی کۆمەڵگای کوردی دەیگوزەرێنێت. توندوتیژی یەکێکە لە گرفتە هەرە بنەڕەتی وکێشەڕیشەییەکانی ژنان لە دونیادا ، لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەتایبەت ، تایبەتتر لە کوردستان . توندوتیژی ئەگەر بەرهەمی گوتارێکی توندڕەو ، ساتەوەختێکی مێژویی نائارام ، ململانێی ئایدۆلۆژی هێزە توندڕەوەکان بێت ، ئەوا توندوتیژی کۆمەڵایەتیەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا لەهەمبەر ژنان ومندالان دەکرێت ، هەموو ڕەگەزەکانی توندوتیژی سیاسی وفەرهەنگی وکۆمەلایەتی وتوندتیژی ڕەمزی وئابوریش لەخۆیدا هەڵدەگرێت . وەختێک کۆمەڵگا ڕوبەڕوی قەیران وتەنگژە دەبێتەوە هەمیشە ئەوانەی کە پێگەی کۆمەڵایەتی لاواز وبێهێزیان هەیە لە ڕیزبەند کۆمەڵایەتیدا زیاتر دەکەونە بەر توندوتیژی وچەوساندنەوە وزیانیان بەردەکەوێت ، وەکو ژن ومنداڵ ، کەمئەندام ونەخۆش وپەککەوتە و غەریبەکان و ئەوانەی کە دەبێت کۆمەڵگا مشوریان لێ بخوات. دۆخی ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتی نائارام لە کوردستاندا ،زیاتر بونی فشارەکانی ژیان و ئەو گۆڕانە ڕیشەییەی کە ڕوی لە ژیانی کۆمەڵگای ئێمە کردوە ، ئامادەیی دووگوتاری دژ بەیەک ، گوتارێکی ئایینی تەواو داخراو بەسەر خۆیدا وهاوکات گوتارێکی نیولیبراڵی بێناوەڕۆک ، گوتارێک کە مرۆڤ بە گشتی وژنان بەتایبەتی خاڵی دەکاتەوە لەهەموو بونێکی عەقلانی وئەخلاقی ودەیکاتە بونەوەرێکی ماتریاڵ و دەیخاتە بازاڕی سەرمایەداریەوە ، ئەم گوتارەی کە ژن بێنرخ وسوک وتڕۆ دەکات ودەیکاتە جەستەیەکی هەرزان ، جەستەیەک خاڵی لە ڕۆح وعەقڵ وژیری وئامانجێکی ئەخلاقی وئینسانی ، ئەم دووگوتارەی بەیارمەتی وکۆمەکی سۆشیال میدیا کاریگەری راستەوخۆیان کردۆتە سەر ئیماژی ژن وەکو بونەوەرێکی عەقڵانی ، وەکو ئینسانێک کە کۆمەڵگا لە بنەڕەتەوە گومانی خستۆتە سەر، ئەم دۆخە بەپیتترین ژینگەی فەراهەم کردوە بۆ زیادکردنی توندوتیژی ، بۆ شێواندنی ئیماژی ژن وەکو بونەوەرێکی ئازاد وسەربەخۆ . وەکو ڕۆحێکی ئازاد وبەپرسیار. دەسەلاتی سیاسی لە کوردستاندا بێباکترین و بێ پلانترین سیستەمێکی سیاسیە لە دنیادا کە خەیاڵی دیموکراتی وبیناکردنی کۆمەڵگایەکی ئارام ودادوەری هەبێت ، ئەمەش مانای هەبونی کۆمەڵگایەک کە هیچ گرەنتی سەلامەتی وئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان تێدا نیە ، ئەو قەتلوعامەی ژنانیش کە ڕۆژانە دەکوژرێن باشترین بەڵگەی ئەم دۆخەیە . هۆشیاری کۆمەڵایەتی پڕۆسەیەکی سیاسی وفەرهەنگی وپەروەردەیی دورودرێژە ، هۆشیاریەک لە سەر بنەمانی یەکسانی ولێبوردەیی ومافەکانی مرۆڤ ، مافی ژن ومنداڵ ، لەسەر بنەمای ئازادی وپێکەوە ژیان و خۆشەویستی بەرهەم بێت ، ئەم پڕۆسەیە نەک هەر بیری لێنەکراوەتەوە بەڵکو لە خەیاڵی هیچ هێزێکی سیاسیدا نیە کە بەم ئاراستەیە هۆشیاری کۆمەڵگا پێش بخات ، ئەوەی هەیە بەرهەمی ڕێکخراوەکان وڕەوشەنبیران وکۆمەڵگا خۆیەتی ، بۆیە دواجار کۆمەڵگا لێوانلێوە لە خەیاڵی توندڕەوی ، لە خەیاڵی توندوتیژ ، لە ئاساییکردنەوەی کوشتنی ژنان ومندالان.
دڵسۆز حەمە