نوسینی: شیرین تاهیرە
بەگشتی شرۆڤەکردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە شوناسی ژندا بەرچاوو کاریگەرە، سەرەتا گەر لەوێوە دەست بە بابەتەکە بکەین؛ ئەوە دەرک پێدەکەین کە وێنەی ژن هەمیشە لە ڕاگەیاندندا وێنەیەکی قوربانی ستەملێکراو و توندوتیژی بەرامبەرکراو وماف خوراو بووە، هەروەها وا پیشان دراوە کە ئەو لایەنێکی بێهێزە لە کۆمەڵگەدا، لە هەمان کاتدا زۆربەی جار وینەکەی تری ژن کە بەهێز و سەرکەووتووە لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری و ڕۆشنبیری …هتد فەرامۆش کراوە. میدیا لە ئێستادا زۆر بە هێواشی کار لەسەر تێکشکاندنی کەسایەتیەکەی دەکات بە ناوی شکاندنی بەربەست و گەمارۆ کۆمەڵایەتیەکان و وێنە دەقگرتووەکانی تر؛ بۆیە گرنگی دان و جێکردنەوەی چەمکی چۆنێتی کۆمەڵایەتی لە ستراکچەری دامەزراوە میدیاییەکان دا هۆکارێکە بۆ پراکتیزەکردن و بەهێز کردنی ئەم چەمکە لە کارکرد وپەیامی ڕاگەیاندندا، کۆمەڵگەی ئێمە کە بە چەندین قۆناغ دا تیپەڕیوە لە سەر هەموو ئاستەکان، میدیا کاریگەری قوڵی هەبووە لەسەر تاک لە وردەکاریەکانی ژیانماندا. بۆ ئەوەی دەرباز بین لەهەموو ئەو ناکۆکی و دژانەی کە هەن؛ زیاتر پێویستمان بە پەروەردەکردنی ڕاگەیاندنکار ھەیە کە بریتیە لە بە هێزکردنی بنچینەی مرۆڤگەرایی(خوێندنەوەی ھەردووڕەگەزەکە) و یەکسانی، کە هۆکارێکی کاریگەر وگرنگە بۆ پاراستن وپارێزگاریکردن و چارەسەرەکان؛ لەبەرئەوەی کەسە راگەیاندکارەکان زۆرترین ئامادەیی و بەریەککەوتنیان هەیە لەگەڵ خەڵکدا.
سەبارەت بە ڕاگەیاندنی نووسراو کارەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە بگرە کەمێک ئەستەنگ ترە کاتێک شان دەخەیتە ژێر کاری میدیای نووسراو؛ بەرپرسیارێتی زیاتر دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئەو ستافەی کاری تیا دەکات، ئەم بەرپرسیاریتیە بە تەنها نامانبەستێتەوە بە خولیاو کارکردنەوە بەڵکو پێویستی بە جۆرێک وشیاریی ڕاستەقینە وشیاوە کە کاری نووسین و پەیامەکانی ئیمڕۆی سەردەم بە یەکەو گرێبدات، لەگەڵئەوەی کارکردن لە هەر میدیایەکی بەتایبەتکراودا زیاتر قەتیس و دیسپلین کراوە وەک ئەوەی کە لە هەر بابەتێکی نووسینی بە تایبەتکراودا دەیبینینەوە.
میدیاو کێشەی فێمنیزم و شوناسی ژن پەیوەندییەکی بە تایبەتکراویان هەیە، سەرەڕای ئەم بە تایبەتیکردنە پێشەی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن لەو پیشانەن کە ژن ئارەزوو دەکات بۆ داواکردنی ماف و ئازادییەکانی پەنای بۆ بەرێت، سەرەڕای ئەوەی ئاستەنگی زۆر دێتە بەردەمی بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا. دیارە خودی ڕاگەیاندن وا پێشوازی لێکراوە سەرەڕای هەموو لێكەوتەکانی بە باش و خراپیەوە ڕۆڵێکی کاریگەرە لە گۆڕینی بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا. ڕاگەیاندنی ژنانیش بەشێکە لەو ڕاگەیاندنە گشتیەی تایبەتکراوە بە توێژێک. بۆیە گەر باسی گۆڤاری تەوار بکەین ئەوا ئەم گۆڤارە لە ڕێی ڕاگەیاندنێکی نووسراوەوە ویستوویەتی پەیامێک بگەیەنێت لە ڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دژیەکیەی هەیە سەبارەت بە کێشەی فێمێنیزم و جێندەرو ڕەگەزی نێرو مێ، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو ناکۆکیانە بۆتەوە کە دەشێ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕووبەڕووی ژن ببێتەوە. لەگەڵئەوەشدا ڕاگەیاندن مادام بەشێکە لە زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکرێ شەن و کەوی بونیاد کۆمەڵایەتیەکە بکات لە چەند ڕەهەندیکی جیاوازی فیکری و دینی و پەروەردەو یاسایی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە. ئەمە ڕێک ئەو کارەیە کە پێویستە کۆمەڵگەی ئەعلامی هەوڵی بۆ بدات و بە تایبەتی ڕاگەیاندنی نووسراو، بۆیە هەمیشە بەرپرسیارە لەبەردەم ئەزموونی خۆ تازەکردنەوەی چەمک و مەعریفەی کارکردندایە، چونکە ڕووی گەشەکردنی مرۆڤ لە کۆمەڵگە تازە گەشەکردووەکاندا ڕووی لە پێشەوەیە و تەنها بابەتی زانیاری لە بارەی سروشتی مێژووی و دۆکۆمێنتەکان سەبوری مەعریفەی مرۆڤ نادەن. بەڵکو وشیاری بۆ خۆنوێکردنەوەی مەعریفەکەی، لەگەڵ شرۆڤەکردنی بەھای مێژووی خەباتی فێمێنیزم و دژیەکیەکانی بەھای ڕاگەیانی مێینیزم و بەھای سیاسەت و فیکرەکەیەتی کە زۆر گرنگن. بە داخەوە کۆمەڵگەی کوردی ئەو بەرەو پیشچوونەی لە ڕوواڵەتدا پراکتیزە کردووە، بەڵام بونیادە کۆمەڵایەتیەکە دەقگرتوو و ڕوو لە دوواو ڕوواڵەتیانەیە. لەمڕۆدا کەسایەتی ژن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بە شێوەیەکی مادەگەرایی بوونەکەی جۆرێکە لە قوربانی و ئامرازی وروژاندن وبە کاڵاکردنی جەستە، ئەم ئەکتی کارکردنە شوناسە مەعریفیەکەی ژنی لە چییەتی هەبووندا ونکردووە، کۆمەلگەی بەرەو توندوتیژی زیاتر بردووە. بۆیە جارێکی تر پێویستە ئەو وێنەیەی ژن بگۆڕی لە وێنە شێوەگەراییەکەیەوە بۆ وێنە واقیعیە مەعریفیەکەی. پێویست بوو وا ئیبرازی کەسێتی ژن بکرێت کە ڕۆڵە مەعریفی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەی فەرامۆش نەکرێ. نابێ ئەوە لە یاد بکەین ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ژنان لە بەرامبەر سەپاندنی دەسەڵاتە جۆریەکانی ڕەگەزەکەی تر کەدەردراوی دەسەڵاتێکی باڵایی ھەژمونکراوە تا ڕادەیەک میدیایەکی پێشکەوتووی بابەتی بووە، لە سەرەتای دەرچوونی بڵاوکراوەکانیەوە دەرخەری گرفتەکانی ژن بووە، لە لایەکی ترەوە لە چوارچێوەی بابەتی گرنگ و سەنترالدا هۆکاریک بووە بۆ هۆشیاری و رینمایی یاسایی وکۆمەڵایەتی، کاتێک ڕاگەیاندنی ژنان بە گشتی دەرگا بۆ مەعریفەو هۆشیاری بەهێزی ژن دەکاتەوە ئەمە دەبێتە پراکتیزەو هەوڵێک بۆ گەیاندن و چەسپاندنی چەمکی هیۆمانستی، کە ئەمە جۆرێکە لە جێکەوتە و پێگەیشتنی شوناس.