نوسینی: ژیوار خدر
ژن بوون ئاسان نییە، رەنگە ئەمە دەربڕینێکی زۆر کڵیشێ و دووبارە بێ بۆ زۆربەمان، بەڵام تەنها ژنێک دەتوانێ بە مانای وشە لەم دەربڕینە تێبگات و هەستی پێبکات.
لەم جوگرافیایەی ئێمەدا ئەگەر ژیان بۆ تاکێکی نێر جارێک سەخت بێت ئەوا بۆ مێیینەک دە بەرابەر سەختتر و دژوارترە.
بەڵگەم بۆ قسەکانم دەکرێ ئەم نموونانە بن کە لەم نوسینەمدا باسی دەکەم کە وەکو دەڵێن ئەوانە مشتێکن لە خەروارێک و کۆمەڵێک نمونەی زۆر سادەن کە کەم تا زۆر دەکرێ هەموو ژنێک لە ماوەی تەمەنیدا لانی کەم یەکێکیانی ئەزمون کردبێ.
کاتێک ژنی تۆ ئەو کەسەنی کە خاوەنی بڕیاری خۆتی، نەک لەبەرئەوەی کەسێکی بە پێی پێویست بەهێز نی توانای بڕیاردانت نیە، بەڵکو لەبەرئەوەی دەوروبەرەکەت کە زۆرینەیان نێرن و نێرپەرست پەروەردە کراون پێیان وایە لەتۆ باشتر دەزانن و تێگەیشتوترن لەتۆ، چونکە هەموویان خاوەنی مێنتاڵێتییەکی وان کە تۆ بەهۆی ئەوەی کچی کەموکوڕی لەبیروبوچونەکانتدا هەیە و خاوەنی مێشکێکی وا نیت کە بتوانێ بڕیاری درووست لەبارەی ژیانی خۆتەوە بدات.
نمونەشمان بۆ ئەمە زۆرە دەکرێ رۆژانە لە خێزانەکانی خۆمانەوە تاوەکو دەگاتە سەرەوە لە بەڕێوەبردنی کار و بارەکانی دەوڵەتیشەوە ئەوە ببینین کە تاوەکو ژنێک دەکرێ بە بڕیاردەر و بەڕێوەبەر دەیان پیاو ئەو پۆستانەیان پێدەبخشرێ تەنانەت ئەگەر کەسانی شیاو و بە ئەزمونیش نەبن.
کە کچی تۆ ناتوانی لە کاتێکی دیاریکراو بە دواوە بڕۆیتە دەرەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانت نەبێ، بەلانی کەمەوە دەوروبەرەکەت وابیر دەکەنەوە ئەگەر لە راستیشدا بارودۆخەکە بەم شێوەیە نەبێت، هەر بە نمونە کاتێک کچێک لە دەرەوە کاردەکات و ناچارە تا 12ی شەو لەسەر کار بێت، ئەگەر لەکاتی تەواو بوونی کار و گەڕانەوەی بۆ ماڵ توشی کارەساتێک بێت، کەس ناڵێت بۆ توشی ئەو کارەساتە بووە هەمووی دەڵێت بۆ بەم شەوە درەنگە لەدەرەوە بووە ئەوە کەی کاتە تا کچێک بە تەنیا لەدەرەوە بێت.
کاتێک کە کچی ناتوانی لە کاتی بێتاقەتیتدا بە تەنیا بڕۆیتە پارکێک و پیاسەیەک بکەی چونکە لە هەر ساتێکدا کۆمەڵێک نێر هەن کە بە قسە و مەرامە قێزەونەکانیان رۆژەکەت لێ تاڵتر دەکەن و هەراسانت دەکەن و دەکرێ ئەم هەراسانکردنانە لە گەڕەکەکەی خۆت و شەقام بازاڕ و خوێندنگە و تەنانەت لەناو زانکۆکەشتدا رووبەڕووت ببنەوە کە کاردانەوەشت هەبوو ئابڕوی خۆت دەچێ بە پێی بیروبۆچونی کۆمەڵگەکەت.
کە کچیت و ئارەزوو دەکەی گەشتێک بکەی و دەتەوێ ئەو کاتەی کە هەتە هەرخۆت بە تەنها ئەزمونی ژیان و کلتورێکی جیاواز بکەی، رێگەت پێنادرێ لەبەرئەوەی دابونەریت و دین و هەرچی پیرۆزییەکی تری کۆمەڵگەکەتە لەدژی ئەوەنو دووبارە ئازادییەکانت بەبیانوی پاراستنت سنوردار دەکرێت و هۆکاری نەپارێزراویشت دووبارە نێرێکە.
لە سادەترین نمونەشدا ئەگەر کچ بیت و بتەوێ کاتی خۆت بە خوێندنەوە یان سەیرکردنی تەلەفزیۆن، یان بەکارهێنانی مۆبایلەکەی دەستتەوە بەسەر بەریت، ئەوا باوک و براو دایک و خێزانەکەت لەو ساتەدا هەرچی کاری کۆکراوەی هەیانە تۆی دەبێ بۆیان جێبەجێ بکەیت ئەو کارانەش لە هێنانی پەرداخێک ئاوەوە بیگرە تا پاککردنەوەی هەموو ماڵەکە کە هیچیشیان کاری ئەوەندە گرنگ نین و پێویست نیە کە لەو کاتەدا بەجێ بگەیەنرێن.
تۆ کە ژنی ئازادی رادەربڕین و پۆشینی جلوبەرگ و سەفەر کردن و تەنیایی و بڕیاردان و هەزاران شتی تریش قەدەغە کراون لێت و سەرچاوەی هەموو ئەمانەش بیروبۆچونی پیاوسالاری و ئەو پیاوانانەن کە رۆژێک لە رۆژان سەرکردە و کاربەدەست بوون و کۆمەڵگە و کلتوریان ئاڕاستە کردووە و بەرهەمەکەشی بوونە قوربانی خەون و ئاواتەکانی ئێمەی ژنە، کەسێکیش نایەت بڵێت کوڕەکانتان بەدرووستی پەروەردە بکەن لەبری ئەوەی ژیان بۆ کچەکان بکەن بە دۆزەخ، چونکە هەموو بابەتەکە لە پەروەردە کردنێکی دروستی منداڵێکی نێردا کۆتایی دێت.
وە ئەوە ئێمەی ژنین کە دەبێت خاڵێک بۆ ئەم نایەکسانییە دابنێین و لە پەروەردە کردنی کوڕەکانی خۆمانەوە دەست بە گۆڕانکاری بکەین، وە ئەوەش بە ژنی بوێر و تێگەیشتوی یەکسانیخواز دەکرێت.
زەوتکردنەکان زۆرن و بە نوسینێکی وا کورت هەموویان نایەنە باس کردن، بەڵام تۆ کە مێینەیەک نیت و هەموو ساتێکت بە ئەزمون کردنی ئەو رێگرییانە بەسەرنابەی بەدڵنیاییەوە ناتوانی لە مانای دەستەواژەکە تێبگەی.
بۆیە ئێمەی ژنان هەموو رۆژێک بەدەم شانە کردنی قژمانەوە هەزاران خەونمان دەنێژین و بێدەنگ و بێ ئەوەی کەس پێیبزانێ دڵمان کردووە بە گۆڕستانی ئەو خەونانەی کە بەدیهاتنیان زۆر ئاسانە و باجی مێینەیی خۆمان دەدەین.
لە کۆتاییدا من پرسیارەکە بۆ تۆی خانم جێدەهێڵم،
ئایا تۆ وەک ژنێک ئامادەی کۆتایی بەم نادادپەروەرییە بهێنیت و کوڕەکەی خۆت مرۆڤانە پەروەردە بکەی؟