ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

٨ی مارس زەنگێکە بۆ هەبوون

کنێر عەبدوڵا

فەلسەفەی سەرهەڵدانی رۆژی ٨ی مارس هەڵقوڵاوی خەم و مەسەلەیەکە و لە بیروباوڕو فکرێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە دیوێکدا پەیوەندیدارە بە ژنانەوە ؛وەک رەگەز لە رووی ئەو ناداپەروەری، بێ بەهاکردنی مرۆڤ، جیاکاری وجیاوازیکردنەی بەهۆی ژنبونییەوە رووبەڕووی دەبیێتەوە ؛بۆیە لە بەرامبەر سەندنەوەی مافی رەوای خۆیان ؛وەک رەگەز هەڵوەستە دەکەن و٨ مارس دێتە بوون، وە بەدیوێکی دیکەشدا هاتنەکایەوەی ئەو رۆژە خوێندنەوەی عەقڵی خاوەن کارو سەرمایەداران دەخاتەڕوو لەبەرامبەر خاوەن دەستی کار وچینی کرێکاردا ؛ بۆیە لەم ڕوەوە دەرئەنجام خەبات و هەوڵەکانی ژنان نیشاندانی ئیرادەو توانا وملکەچنەکردنە ؛لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدوور لە جیاکاریکردن لە نێوان مرۆڤەکاندا.

ساڵی ١٨٥٧ی.ز، ژنە کرێکارەکانی کارگه‌ی چنین لە شاری «نیۆیۆرک- ئەمریکا «به‌هۆی زۆری کاتی کار و که‌می مووچه‌یان، مانیان گرت و ناڕەزایەتییان دەربڕی ، بەڵام بەهۆی مانەوەی سەختی دۆخەکەیان وەک خۆی دوای ٥٠ ساڵ ژنانی ئەم کارگه‌یه لە ٨ ی مارسی ساڵی ١٩٠٨دا سەرلەنوێ دەستیان بە مانگرتن کردەوە ،بەڵام بەرپرسانی کارگه‌که‌ ،ژنانی ناڕازی ومانگرتووی ناو کارگه‌کەیان د‌ەست بە سەرکرد و دواتر گڕی تێبه‌ردرا. دەرئەنجام لە ١٢٩ کرێکاری ژندا ؛تەنها چەند کەسێک به‌ زیندوویی مانەوە‌ و ئەوانی دیکه‌ لە ناو ئاگرەکەدا دەسووتێن و ده‌بنە قوربانی .
ساڵی ١٩٠٩دا نزیکەی دوو هەزار ژنی نارازی بە دروشمی «مافی دەنگدان بۆ ژنان» داوای دیاریکردنی ڕۆژێکیان کرد بە ناوی «ڕۆژی ژنان» وە ساڵی ١٩١٠ لە دووهەمین کۆنفرانسی «ژنانی سۆسیالیست» بە سەرپەرشتی «کلارا زتکین» داوای دیاریکردنی ڕۆژی ژنانیان کرد. لەو کۆنفرانسەدا ١٠٠ ژنی چالاک لە ١٧ وڵات بەشداربوون و هه‌ر لەوێدا «کلارا زتکین» داوای کەمکردنەوەی کاته‌کانی کاری کرد بۆ ٨ کاژێر لە ڕۆژێکدا ، هەروەها پێویستی پشووی بۆ ژنان خستەڕوو له‌ کاتی منداڵبوونیدا ، وە بە هەمان ئامانج لە ١٩ی مارسی ساڵی ١٩١١دا، وڵاتانی ؛وەک ئەڵمانیا ،نه‌مسا، دانیمارک ،وسویسرا، ژنان و پیاوان دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد ،هەروەها لە ساڵەکانی ١٩١٥ژنانی ١٢ وڵات لە هۆڵەندا دژ بە شەڕی یەکەمی جیهانی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ساڵی ١٩١٧ بە دروشمی «نان و ئاشتی» ژنانی کرێکاری ڕووس لە سەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان کرد و مانگرتنی گشتییان راگەیاند «، هەروەها رێکخراوی نەتەوە یه‌کگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٧دا ، ٨ی مارسیان ؛وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناساند ،وە یه‌کێتی سۆڤییه‌ت پاش ٤ ڕۆژ مافی دەنگدانی ژنانی بە رەسمی ناساند.

ئەو مێژووە بووە هۆی یادکردنەوەی ئەو رۆژە لە هەموو ساڵێکدا ، زەنگێکە بۆ ئەوەی ژن بوونی هەبێت ، خۆی بناسێت و داوای مافەکانی خۆی بکات ؛ و لەپێناو پاراستنی کەرامەت و کەسایەتی خۆیدا بجەنگێ ؛ وەک مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، و وەک توانا و لێهاتوویی و شارەزایی خۆی ،هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، خاوەن ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی بێت لە بڕیارداندا ، بڕیاردەر بێت ؛ نەک بڕیاربۆدراو، هاوبەش بێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵ؛ نەک پاشکۆو وەلا بنرێت، هاوشان بێت ؛ نەک ملکەچ و کۆیلە ؛ بۆیە کۆی مانگرتن، بزووتنەوە، و ناڕەزایەتییەکان هەمووی ئاماژەن بۆ هەبوون.

ئەوەی جێی سەرنج وهەڵوەستەلەسەرکردنە تێگەیشتنی جیاوازە بۆ ئەم یادە، بەوەی تا ئەمڕۆ هەندێک شوێن ئەم یادە ؛وەک ئەو مێژووە ناخوێننەوە و وەک ئەوترێت ڕەنگ و بۆی خۆی لە دەستداوە و بۆتە بۆنەیەک بۆ دەربڕینی پیرۆزبایی یان خۆشەویستی یاخود بەخشینی دیاری لەلایەن پیاوان یان دامەزراوەودەزگاکانەوە بۆ ژنان یاخود بەشێوەی سازکردنی ئاهەنگ وبەخشینەوەی نوقڵ وگوڵ و شیرینی یاددەکرێتەوە، یاخود بۆتە رۆژێک بۆ هەڵپەرکێ و پۆشینی جلوبەرگی کوردی و خۆڕازاندنەوەوهتد ، باسەکە لەوەدایە کە ناکرێ پەیامی ٨ی مارس لە مەوداوپانتایی تاکه‌که‌سیدا به‌رته‌سک وکورت بکرێته‌وه‌، چونکە راستییەکە ئەوەیە کە تا ئەو ڕۆژەی تەواوی مافە مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا بە رەسمی نەناسرێت و جیاکارییە جێندەرییەکان بوونی هەبێت و یەکسانی ژن و پیاو لە ئەرک و مافدا بەرجەستە نەکرێت ، خەبات هەر بەردەوام ئەبێت ؛لەپێناو هەبووندا.

هاوشێوە

٨ مارس

ڤیان حەمە لاوساڵیادی ڕۆژی جیهانی ژنان کە هەموو ساڵێک لەم

ڤیدیۆ