ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

بەكوشتنی ژنەكان كێشەكان چارەسەر دەبن ؟

شۆخان مەحمود

لەماوەی چەند هەفتەی پێشوودا ڕۆژانە بەرگوێمان دەكەوت، ئەمڕۆ تەرمی ژنێك بەكوژراوی دۆزرایەوە، ئەمڕۆ كچێك خۆی خنكاند، ئەمشەو پیاوێك ژنەكەی خۆی كوشت، ئەم ئێوارەیە ژنێك خۆی سووتاند، ئەمانە ئەو هەواڵانەن كە بەداخەوە تاكی كوردی و ڕاگەیاندنی كوردی بەجۆرێك لایان سانا بۆتەوە تا ڕادەی بەتام و چێژەوە گێڕانەوە.

لەكاتێكدا لەهەموو دونیادا هەواڵی لەو جۆرە هەرچۆنێك بێت، دەچنە خانەی تاوانەوەو لەوێشدا، تاكۆتایی لێكۆڵینەوەكان و دەركەوتنی ڕاستی ڕووداوەكە بڵاوكردنەوەو ناوهێنانی هێڵی سورە، بەڵام بەداخەوە لای خۆمان، چونكە بۆ هیچ جۆرە تاوان و كوشتنێك هێڵی سور نییەو لەكاتی ڕووداوەكاندا پەیامنێرەكان لە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش زیاتر ئەچێتە نێو ڕووداوەكەوەو زانیاری زۆرتری لایە، دواتریش هەریەكەو بەتێگەیشتنی خۆی و ئاراستەی كاری كەناڵەكەی بڵاویدەكاتەوە، بەمەش ئاراستەو ڕاستەڕێی ڕووداوەكە دەگۆڕدرێت، لەناو خەڵكیشدا هەریەكەو بەجۆرێك باسی لێوە دەكات، زۆربەی كاتیش لەم هێنان و بردنەدا سەیردەكەی هەمووان ئەو قەناعەتەیان لا دروست دەبێ، كە حەقی خۆی بوو ئەو ژنە كوژرا، چونكە هەر لەسەرەتاوە خوێندننەوە تێگەیشتنی كۆمەڵگەكە بۆ تاوانەكان و تووندوتیژییەكانی دەرهەق بەژنان ئەو باوەڕەیان لادروست بووەو زۆربەی كات پیاوەكان ئەگەر لەسەر حەقیش نەبن و بگرە تاوانباریش بن بەكردەوەیەكی نەشیاو، بەڵام چونكە پیاوەو حەیاو حورمەتی خێزانەكەی لەئەستۆیە، ئەوا شتێكی پیاوانەی كردووە كە شەرەفی خێزانەكەی پاراستووەو ئەو تاوانەی بەرامبەر بە خوشكەكەی، ژنەكەی، كچەكەی ئەنجامداوە.

لێرەوە ئەوەمان بەڕوون دەبێتەوە كە بۆچی زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردی لەگەڵ ئەوەی كە دەزانن كوشتن و سووتان و خنكان، گوناهێكی گەورەن بەرامبەر هەركەسێك ئەنجامبدرێن و لێسەندنەوە ڕۆحی مرۆڤەكان تەنها لای خودایە، كەچی زیاترو زیاتر دەستی بۆ دەبەن، تۆ بڵێی كوشتنی ژنەكان و ڕشتنی خوێنیان بەڕاستی چارەسەری كێشەكان بكات، لێرەدا ئێمە باسی تاوان دەكەین كە خۆی لەهەموو دونیادا سزای هەیەو تاوانبار ڕووبەڕووی یاساو دادگا دەكرێتەوە، دواتر باسی ژن دەكەین كە ئەویش لەزۆربەی زۆری وڵاتە دیموكرات و پێشكەوتووەكاندا ماف و ئەرك و داواكارییەكانی پێش پیاوان و بۆ هەر پێچەوانە جوڵانەوەیەك لەگەڵیدا سزاو لێپرسینەوەی تووند هەیە.

ئەگەر چی لەو وڵاتانەش توندووتیژی و تاوانكردن بەرامبەر ژنان و كچان هەر دەكرێن و ساڵانە ئەوانیش بەهەمان شێوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە دواكەوتووەكان ئاماری پێشێلكاری و تاوانكارییەكان بەرامبەر ژنان بڵاودەكەنەوە، بەڵام ڕاستییەكیش هەیە كە بۆ هەرتاوانێك سزادراوێك هەیەو كەس لە پۆلیس و قانوون قوتاری نابێ‌، بۆیە ئەمە وایكردووە كە ئەو پیاوانەی ڕەگی تووندوتیژی لەناخیاندا چەكەرەی كردووەو بڕاوایان بەمافەكانی ژنان نییە جۆرێك لەسڵكردنەوەیان هەیە بۆ ڕووداوەكان و دەترسن لەڕووبەڕووبوونەوەیان لەبەردەم پۆلیس و یاسا.

بەڵام ئەم هاوكێشەیە بۆ كوردستان تەواو جیاوازە، چونكە هیچ كەسێك لە تاكەكانی كۆمەڵگە بەگشتی و پیاوان بەتایبەت سڵ لەهیچ تاوان و كارێكی نەشیاو ناكەنەوەو هەریەكە بەبیركردنەوەو مەزاجی خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی خوشك و كچ و ژن و خێزانەكەی دەدات و ئەگەر لەو ڕێگەیەی ئەویش لایاندا، ئەوا چۆنی بوێت ئاوا سزاشیان دەدات، جا ئەگەر ڕێگە لادانەكە بەخوێندنەوەی كەسانێكی بیر تەسك ئابڕووچوون بێت و دژی دابوونەریت بێ‌، ئەوا بێ‌ یەك و دوو حوكمەكەی سزادان و زۆرجار كوشتنە، كە لێرەدا بەرلەوەی یاسا حوكمی خۆی بدات پیاوانی ناو كۆمەڵگەو خێڵ و عەشرەت حوكمەكەی خۆیان سەپاندووەو جێبەجێشیان كردووە، ئەگەر لەم بارەشدا لەهەركامێك لەو كەسانە بپرسی بۆ تاوانێكی وەهای ئەنجامداوە دەڵێ بۆ پاراستنی شەرەفی خێزان و بنەماڵەكەمان وامكردووە، جا ئەوەی لێرەدا ئەوەندەی تر خەمەكە قووڵدەكاتەوە ئەوەیە لەكاتی هەر ڕووداوێكی نەخوازراوی كوشتن و سووتان خنكانی ژن و كچەكان، ئەوەی زیاتر ئاگرەكە خۆشدەكات و ئەوەی زیاتر بارودۆخەكە بەرەو تاوان دەبات ژنەكانی تری ناو خێزان و بنەماڵەو كۆمەڵگەن كە بەقسەی بێ بنەماو وتی وتی و هێنان و بردنی ڕووداوەكە بەئاراستەی تاوان و خوێن ڕشتن، چونكە لەگەڵ ئەو هەموو باس و خواسە جدی و كاروچالاكییانەی كە چالاكوانان و شارەزایانی پەروەردەو كۆمەڵگە باسی لێوە دەكەن و ڕوونكردنەوەو شیكردنەوە دەكەن لەسەر ئەرك و مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و ژنان بەتایبەت، یەكسانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵ، كەچی هێشتا زۆرێك لەژنان و دایكان و بەتەمەنەكانی ناو خێزانەكان و خێڵ و بنەماڵەكان و تەواوی كۆمەڵگەش بڕوایان وایە كە ئەگەر ژنێك یان كچێك كارێكی كرد دژی دابوونەریت و یاسای ئەوان بوو، چارەسەرەكەی هەر كوشتنە هەربۆیە لەكۆتاییدا بەقسەیەكی دایەگەورەو باوەگەورەی خۆم تەواوی قسەكانم پشتڕاست دەكەمەوە، ئەویش دوای ئەوەی دایكم یەك دووجار سكاڵای هەڵسووكەوتە تووندەكانی باوكم دەكات لایان كەچی دوا قسەی ئەوان ئەوە دەبێ بۆ باوكم، “بڕۆ گۆشتی بۆ تۆ و ئێسقانی بۆ ئێمە”، ئاخۆ ئەبێ چەند دایك و باوك و خێزانی تر گۆشتی كچ و ژنەكانیان بەكوشتن حەڵاڵكردبێ و ئێسقانەكانیشیان بۆ ژێر خاك.

هاوشێوە

٨ مارس

ڤیان حەمە لاوساڵیادی ڕۆژی جیهانی ژنان کە هەموو ساڵێک لەم

ڤیدیۆ