عه‌تا حه‌مه‌ساڵح
ئه‌و دۆخه‌ى ئه‌مرۆى ژنانى کوردستانى تێکه‌وتووه جۆرێکه له وون بوون له نێوان ئایدۆلۆژیاى ده‌سته‌ڵات و بڕیارى خێل و نه‌ریته باوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌دا، ژنان توشى شۆک بوون له به‌رده‌م کردنه‌وه‌ى هه‌موو ده‌رگاکانى ئازادى تاک له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتى سیاسییه‌وه و هه‌ره‌شه‌ى له ناوچوونى ژن له رێگه‌ى بوونى ده‌سته‌ڵاتى خێڵه‌کى و نه‌ریته باوه‌کانى گووناهى ژن بوونه‌وه. ئاخر ناکرێت له ولاتێکدا ژن بکوژرێت که هه‌رچى حیزبى سیاسى هه‌یه پاشگرى ناوه‌کانیان دیموکرات و سۆشالیست ، ئازادى و دادپه‌روه‌رى و مه‌ده‌نى بێت. له کوێى دنیادا هه‌بووه نه‌ته‌وه‌یه‌ک رۆژانه و هه‌فتانه و مانگانه کۆنگره و پانیڵ و کۆڕى هه‌بێت و باس له ئازادى مرۆڤ و یه‌کسانى کۆمه‌ڵاتى و کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و دنیاى مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنه بکات. که‌چى به‌رگه‌ى یه‌ک وشه‌ى ئازادانه‌ى ژن نه‌گرێت، چاوى به‌یه‌ک هه‌نگاوى ژن هه‌ڵنه‌یه‌ت، هیچ شتێک به‌ژن ره‌وانه‌بینێت و له کوێشدا ویستى بیکوژێت.
لێره‌دا پرسیارێک دێته ئاراوه که ده‌شێ ژن چیبکات ؟ چۆن له‌م دۆخه دوو ڕووییه بێته ده‌ره‌وه ؟. پێویسته ژنان له‌وه بگه‌ن که هه‌رچى مانێفستى ئه‌م ئایدۆلۆژیانه‌ى ته‌واوى کۆمه‌ڵگه‌یان پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه جوانن، به‌ڵام له ژێر کاریگه‌رى گۆڕنکارییه‌کانى دنیاى ده‌ره‌وه‌ى ئێمه نوسراونته‌وه، هیچیان هه‌ڵقوڵاوى بیرى سیاسى تاکى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى نیه و جۆرێکه له لاسایکردنه‌وه بۆ نیشاندانى روویه‌کى گه‌شى دیموکراتى کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ناوه‌وه‌ى تاریکه، بیرى داخراوه، په‌روه‌رده‌ى کلتورێکه له کوشتنى ژن، ژنناس نیه، ژن له چوارچێوه‌ى ئه‌و ته‌عریفه‌دا ده‌ناسێ که ده‌ڵێن (ژن و ماڵیان وتووه) نه‌مانتوانیوه ئه‌و ته‌عریفه زوڵم ئامێزه به‌جێبهێڵین، ئێمه تائێستاش زۆرێکمان کۆمه‌ڵگه‌ى خێڵه‌کی جێنه‌هێشتووه و به‌بێ ناسینى پرێنسیپه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى مه‌ده‌نى بانگه‌شه بۆ مه‌ده‌نى بوون ده‌کات، دیسانه‌وه مه‌ده‌نیبونیش ناناسین، به‌ڵام پێمانوایه مادام له دنیادا مه‌ده‌نى بوون و ئازادى تاک بۆته باس و خواستى گه‌لان ده‌شێ ئێمه‌ش لاساییه‌کى بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام عه‌قڵمان قبوڵى ناکات.
هه‌ر بۆیه هه‌رکاتێک ژن بیه‌وێت له ده‌رگاى هه‌رشتێک بدات که دڵخوازى خۆى بێت ده‌کوژرێت. گوناهى توره‌بوونى پیاوه‌کان ده‌که‌ینه ملى ژن، تاوانى دواکه‌وتوییمان له په‌روه‌رده، له سیاسه‌ت، له شه‌ڕ ، به یه‌خه‌ى ژن‌دا هه‌ڵده‌واسین و کوشتن له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه دورناکه‌وێته‌وه. رام وایه ده‌بێت چیتر ژنان له به‌رده‌م ئه‌م هه‌موو غه‌در و کوشتنه بوه‌ستنه‌وه، ده‌بێت ژنان خۆیان ببنه هێزێک بۆ گورانکارى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌بێ بوونى ئه‌م ده‌سته‌ڵاى که ژن نانا سێت.