سیل بەوەناسراوە نەخۆشیەكی درێژخایەن و گواستراوەیە بەهۆی جۆرە بەكتریایەك تووشی مرۆڤ دەبێت و زۆرینەی جار ئەو بەكتریایە لەسییەكاندا جێگیردەبێت، بەڵام هەندێكجار زیان لەبەشەكانی دیكەی لەش دەدات وەك گورچیلە و مێشك.
بەكتریای سیل بەهۆی هەواوە لەكاتی كۆكە و پژمینی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە ئەو بەكتریایە توانای هەیە بۆچەند سەعاتێك لەهەوادا بمێنێتەوە و كۆكەی بەردەوام بۆ زیاتر لەدوو هەفتە بەیەكەم نیشانەی تووشبوون بەسیل دادەنرێت.
سیل نەخۆشیەكی بۆماوەیی نییە و ڕوودەدات بەهۆی گواستنەوەی بەكتریا لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە یاخود خواردنەوەی شیری پاكژنەكراو.
نەخۆشی سیل ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست چارەسەرنەكرێت و نەخۆش پابەند نەبێت بەرێنماییەكانی پزیشك ئەوا زۆرینەی جار دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و دەكرێت كەسێك زیاتر لەجارێك تووشی سیل بێت.
دوو جۆر تووشبوون بەسیل هەیە ئەوانیش:
- تووشبوونی شاراوە: ئەویش ئەوەیە كاتێك كەسە هەڵگری بەكتریاكە دەبێت لەناو لەشی بەبێ ئەوەی نیشانەكانی لەسەر دەربكەوێت بەهۆی بەرگری لەش بۆ بەكتریاكە، لەم حاڵەتەدا كەسی تووشبوو ناتوانێت پەتاكە بۆ كەسی دیكە بگوازێتەوە، بەڵام پێدەچێت حاڵەتەكەی بۆگرێت بۆ تووشبوونی چالاك.
- تووشبوونی چالاك: ئەویش بریتیە لەوەی كەسەكە تووشی بەكتریای چالاك بێت ونیشانەكانی لەسەر دەربكەوێت و توانای گواستنەوەی بۆ كەسانی دیكە دەبێت.
شێوازی گواستنەوەی سیل:
بەكتریای هۆكاری تووشبوون بە سیل لەرێگەی هەوا و لەكاتی پژمین و كۆكەی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە و كەسانی دیكە لەرێگەی هەناسەدانەوە ئەو بەكتریایە هەڵدەمژن و تووش دەبن، بەكتریای سیل بەشێوەیەكی ئاسانتر لەشوێنە قەرەباڵغەكان دەگوازرێتەوە.
گرنگترین نیشانەكانی تووشبوون بە سیل:
- كۆكەی بەردەوام بۆ دوو هەفتە زیاتر لەگەڵ بوونی بەڵغەمی خوێناوی.
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و تالێهاتن.
- ئارەقكردنەوەی شەوانە و هەستكردن بەگێژبوون.
- لەدەستدانی كێش و ئازار لەسنگ و لاوازی ویستی خواردن.
چ كاتێك پێویست دەكات پزیشك ببینرێت:
لەكاتی بوونی تا و كەمبوونەوەی كێشی بێ هۆكار و ئارەقكردنەوەی شەوانە و كۆكەی بەردەوام دەبێت سەردانی پزیشك بكرێت.
دەستنیشانكردنی تووشبوون بە سیل:
- پشكنین لەنەخۆشخانە و شیكاری تاقیگەیی.
- تیشكی سینی.
- هەندێك پشكنین بۆ پێست و بەڵغەم.
- وەرگرتنی سمپڵ لەشانە و دەردراوی بەشی گومانلێكراو جگە لەسییەكان.
مەترسی تووشبوون بەسیل: - پەیوەندی ڕاستەوخۆ بەتووشبووانی سیل و بەكارهێنانی كەلوپەلەكانیان.
- كاركردن لەهەندێك پیشە كە وادەكات مەترسی تووشبوون زیاد بكات.
- تووشبوون بەهەندێك نەخۆشی درێژخایەن وەك شەكرە و نەخۆشیەكانی گورچیلە.
- ئالوودەبوون بەماددەی هۆشبەر.
- بەساڵاچوون و خراپی خۆراك.
- تووشبوون بەئایدز.
- شیردان یاخود منداڵان.
ئاكامەكانی تووشبوون بەسیل:
- بوونی ئازار لەبربڕەی پشت.
- هەوكردنی دیواری مێشك.
- كێشە لەجگە و گورچیلە.
- ناڕێكی لەكاركردنی دڵ.
چارەسەركرنی سیل:
- كەسی تووشبوو چارەسەردەكرێت بەوەرگرتنی كۆمەڵێك دەرمانی ئەنتی بایۆتیكی تایبەت بۆ ماوەی شەش مانگ و كەسی تووشبوو بەتەواوی چاك دەبێتەوە لەكاتی پابەندبوون بەرێنماییەكانی پزیشك و چارەسەركردن و ماوەی چارەسەری كەسی تووشبوو بەپێی جۆری نەخۆشیەكە و بەشی تووشبووی لەش دەگۆرێت.
ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەتووشبوون بەسیل:
- وەرگرتنی ڤاكسین بۆ دایكی شیردەر و منداڵ.
- تێكەڵاونەبوون بەكەسانی تووشبوو بەبێ بەكارهێنانی كەلوپەلی خۆپارێزی.
- دووركەوتنەوە لەشوێنە قەرەباڵغەكان.
- گرنگی دان بەسیستمێكی خۆراكی هاوسەنگ.
- ڕاوێژكردن بە پزیشك لەكاتی هەستكردن بە تێكچوونی تەندروستی.
رێنمایی بۆ كەسانی تووشبوو بەسیل:
- ڕەچاوكردنی رێنماییەكانی بەكارهێنانی دەرمان كەلەلایەن پزیشكەوە نوسراوە.
- داپۆشینی دەم بەكلێنس لەكاتی كۆكین و پژمین یان پێكەنین و دواتر فرێدانی كلێنسەكە لەكیسێكی داخراو.
- بەكارهێنانی دەمامك لەكاتی سوڕانەوە یان بوون لەگەڵ كەسانی دیكە.
- فڕێدانی كەلوپەلی بەكارهاتوو لەكیسێكی پلاستیكی داخراو.
- كردنەوەی پەنجەرە و دەرگاكان بۆ هەواگۆڕكێی و هاتنی هەوای پاك.
- دووركەوتنەوە لەخەوتن لەگەڵ كەسانی دیكە لەژوورێكدا.
- نەرۆیشتن بۆ كاركردن و خوێندنگا تائەو كاتەی پزیشك رێگەت پێدەدات.
رۆژی جیهانی نەخۆشی سیل 24/3
- ساڵانە هەموو ڕۆژێكی 24ی ئادار بەرۆژی جیهانی نەخۆشی سیل دانراوە لەپێناو هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لەدەرەنجامە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییە وێرانكەرەكانی ئەو نەخۆشیە و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەرەو كۆتایی هێنان بەو پەتایە لەجیهان.
رۆژی جیهانی سیل دانراو لەو رۆژەی لەساڵی 1882 لەلایەن دكتۆر ڕۆبەرت كوخ دۆزینەوەی بەكتریای هۆكاری سیل ڕاگەیەنرا و ئەوەش ڕێگەخۆشكەر بوو بەرەو دەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشیە و چارەسەركردنی تووشبووان و تائێستا سیل بەیەكێك لەنەخۆشیە گواستراوە كوشندەكان لەجیهان دادەنرێت.
تەندروستی سلێمانی
ئا: تریفە