سازیان شەهید تالب
لەدوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان هێشتا ڕاگەیاندنی بینراو بەوشێوە بەرفراوانە چالاك نەبوو، ژمارەی تەلەفیزیۆنە كوردییەكان ئێجگار كەم بوو، هەرلەبەر ئەوەش ڕۆژنامە توانیبوی دونیای ڕاگەیاندن بۆخۆی داگیر بكات و هاوڵاتیان لەچاوەڕوانی دەرچونی ڕۆژنامەدا بوون، یەكێك لەڕۆژنامە گرنگ و بەبایەخەكانی زەمەنی پێش سۆشیال میدیا و دونیای ئیفترازی، ڕۆژنامەی ژیانەوە بوو، كە كاریگەریەكی ئێجگار گرنگو پڕ بایەخی هەبوو بۆ ژنانی كوردستان.
ڕۆژنامەی ژیانەوە كە زمانحاڵی یەكێتی ژنانی كوردستانە، چەندین ژنە چالاك و نوسەرو ڕۆژنامەنووسی لەخۆیدا كۆكردبوەوە، لەگەڵ هەر ژمارەیەكدا چەند قەڵەمێكی ژنی بەتوانا وتارو بابەتە ڕۆژنامەوانیەكانیان تیایدا بڵاودەكردەوە، هەڵبەت یەكێتی ژنانی كوردستان لەودەمەدا لەڕووی فیكرو ئەندێشەوە هەژار نەبوو بگرە لە شاخ یەكەم ژمارەی گۆڤاری تەوار دەردەكات و بەو چەپكە گوڵەوە خەباتی شاخ دەگوازنەوە بۆ شار، هەر لەبەرئەوەیە كە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەجۆرێك دەنگدانەوەی دەبێت، دوو هەفتە جارێك دەبێتە میوانی تەواوی شارو قەزاو گوندەكانی كوردستان، بەئامانجی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریو كرانەوەی ئەقڵی تاكی كوردی كە بێگومان ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو.
بەشانازیەوە من وەكو ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەی ژیانەوە ساڵانێكی زۆر خزمەتم كردوەو خزمەت دەكەم، دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەكە بووم، تەواوی چالاكیو بابەتە ڕۆژنامەوانیەكانم تەرخان كردبوو بۆ پرسی ژن، ژیانەوە وەكو سەكۆی ئازاد لەخزمەتی قەڵەمی ژناندا بوو، لێرەوە پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دەرچونی ڕۆژنامەی ژیانەوە لە خوێنەران و لە ستافی ئێستاو ڕابردوو تەواوی ئەو ڕۆژنامەنوسانە دەكەم كە ژیانەوەیان بە ماڵی خۆیان بینی و لەخزمەتابوون، بەهیوام ژیانەوە هەمیشە جێگەی ئومێدی ژنان بێت لە هەرچوار پارچەكەی كوردستان.