ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

هێمن بەرزنجی نوسەر و شاعیر: پیشەنگاكە وەك كەرنەڤاڵێكی گەورە دەبینم

هێمن بەرزنجی نوسەر‌و شاعیر، پیشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب وەك كەرنەڤاڵێكی گەورە‌و جەژنی خوێنەران‌و نووسەران دەبینێت كە تێیدا هەردووكیان بۆ لای دڵخوازی خۆیان دەچن.

هێمن بەرزنجی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی تەوار دەڵێت: ئەمساڵ فراوانتر بەشداری هەبووە لەسەر ئاستی ناوەند و وڵات و چاپخانەكان، كە تێیدا نزیكەی دوو ملیۆن ناونیشانی كتێب لەوێدا بوونی هەیە، ئەمە خۆی لەخۆیدا مایەی دڵ خۆشیەكی گەورەیە، هەروەها دەروازەیەكی جیهانگیری ڕۆشنگەریشە بۆ سلێمانی و كوردستان و خوێنەری ئێرە.

وتیشی: “سەرجەم ناوەندەكان بۆ ئەوەی خوێنەران كتێبی دڵخوازی خۆیان دەست بخەن، خۆشبەختانە چەندین داشكاندنی بەرچاویان هەیە، كە كاریگەری هەیە لەسەر گیرفان و ئابوری خوێنەر تا بتوانن خوێنەر بەشداری پێبكەن لە كڕین و دەستكەوتنی سەرچاوەی زیاتری ڕۆشنگەری”.

هێمن سەرنجی هەبوو لەسەر ئەوەی : “چالاكییەكان لاوازن‌و زیاتر گرنگیدراوە بەهونەری فرۆشتن، چونكە ئەوەی لەوێدا بەشدارە زیاتر بیری لای فرۆشتن و پەیداكردنی داهاتە كە ئەوە مافی خۆیانە، بەڵام لەسەر ئاستی ڕێكخراوەیی و بەرپرسیارێتی وەزارەتی ڕۆشنبیریی، چالاكی فەرهەنگی و ناساندن و نوسەران و ئاوڕدانەوە لەنووسەران، سست و لاوازە، كە دیسان نووسەر خۆی پشت دەبەستێت بە گەشەی خۆی و ئاریشەكانی ژیانی بەردەم نوسین و دنیای داهێنان و ڕۆشنگەری، بەڵام بەگشتی بوون لە نەبوون باشترە، بەو مەرجەی وەك ساڵان سایكۆلۆژیای ئایدیا دینی و سیاسی زاڵنەكرێت بەسەر پێشانگاكەدا”.

هێمن پێشنیاری هەبوو: “بەبڕوای من هەڵەیەك هەیە لەئەتەكێتی پیشانگادا دەبێت ڕاست بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بایەخیكی گرنگ و قورسای زیاتری هەبێت، یەكەم جگە لە كتێب و چاپ، كاڵاكانی تر لاببرێت، پاشان ئەو ڕۆژانە دابەشبكرێت، رۆژی یەكەم و دووەم بۆ خوێندكاران، سێیەم و چوارەم بۆ فەرمانبەران، پێنجەم‌و شەشەم بۆ میری،
پاشان رۆژانی تر بكرێتە گشتی، كە بە بڕوای من ئەوە بایەخی زیاتر دەدات بەڕۆڵی خوێنەر‌و بەهای خوێنەر گەشە پێدەكات، هەروەها تێیدا نووسەرانی خۆماڵی پاداشت بكرێن، كتێبی نوسەرانی كورد، وەك پێشەنگ سەیر بكرێت، ئامارێك هەبێت كە ساڵانە ئاستی چاپ و خوێنەر دەربخات، هەروەك گرنگی بە لایەنی وەرگێڕان و ناساندی كتێبی نوسەری كورد بدرێت بەجیهانی دەرەوە، با بپرسین ئایا ئێمە لەپاش تەواو بوونی پیشانگا بەهەزاران ناونیشانی كتێب لەدەزگا ئێرانی و عەرەبی‌و جیهانییەكان دەكرین، ئەی ئەوان تاقە كتێبێكی كوردی دەكڕن؟.

ئا: تریفە

هاوشێوە

ڤیدیۆ