نیان سەلام: خانەقین
هاژە كچێكی تەمەن 33 ساڵە و خاوەن پێدایستی تایبەتە و ئەوەش نەبووەتە هۆی ئەوەی واز لە خەونەكانی بهێنێت و كورسییەكەی دەبێتە هاوڕێی و دەروات بۆ پاڵەوانێتی عێراق لە یاری باسكەدا.
كچە یارێزانی خاوەن پێداویستی تایبەت هاژە لە شاری خانەقین دەژی و پاڵەوانی عێراقە لە یاری تۆپی باسكە و تا ئێستا خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە و بە كچێكی بوێر و زیرەك و چاونەترس ناوی دەهێنرێت.
لە نێو خێزانەكەی هاژەدا براكەی هاوكارێکی باشە بۆی و وەك خۆی دەڵێت:”رۆژێك لەگەڵ براكەم پیاسەمان دەكرد مامۆستایەك هات و وتی” تۆ دەتوانی بگەی بە ئامانجەكەت” منیش وتم حەزی من ئەوەیە ببمە یاریزانی باسكە و خەڵك بمناسێت، چونكە لە ماڵەوە بێزاربووم”.
هەروەها خاتوو هاژە دەڵێت”براكەم و دایكم و باوكم:”لەگەڵم ماندوودەبوون بەهۆی ئەوەی قسەكردنم باش نییە، تەنها دەتوانم گوێبگرم دەزانم بنوسم و بخوێنمەوە، چونكە لە منداڵی فێریان كردووم، بەڵام بەداخەوە لەبەر حاڵەتەكەم نەمتوانی بچمە قوتابخانە، بەڵام لە ئێستادا خاوەنی چەندین دیاری زیوم كە پێم بەخشراوە لە بواری وەرزشدا”.
هاژە بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە ئەوەی راگەیاند كە لە ئێستادا بانگهێشتی پاڵەوانێتیەك كراوە و ووتی:”بانگهێشت كراوم بۆ پاڵەوانێتی یاری باسكە لە وڵاتی ئیمارت كە هیوادارم بتوانم پلەی باش بە دەستبهێنم و پێشم خۆشە بە خەڵك بڵێم كە من مرۆڤم و مافی ئەوەم هەیە وەك تۆ بژیم، دەچمە دەرەوە و دونیا ببینم و بگەمە ئامانجەكانم و ناش وەستم لە بە دەستهێنانی ئامانج و خەونەكەم ، داواش لەو كچانە دەكەم كە وەك منن مەوەستن و نائومێدمەبن بۆ بە دیهێنانی خەونەكانتان”.