25 نۆڤەمبەر رۆژی بەگژداچونەوەی توندوتیژییە دژ بەژنان و یەكدەنگی جیهانە بەرامبەر تاوانەكانی توندوتیژی و جیاوازی ڕەگەزی.
ئەم ڕۆژە دەرەنجامی ئەو توندوتیژیانەیە كە سیستمە دیكتاتۆرەكان دژی ئازادی ژن كردوویانە و دەیكەن، جگە لەكلتورو دابونەریت، فاكتەری نەتەوەیی و سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەییش هۆكاری ترن لەسەر زۆربونی توندوتیژی و زەبرو زەنگ بەهەموو جۆرەكانییەوە.
لەئێستادا توندوتیژییەكان بەڕادەیەكە هیچ كۆمەڵێك نییە خاڵی بێ لەم دیاردەیەو جیاوازییەكان تەنیا ڕێژەییە.
٢٥ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لەكاتێكدایە كە جیهان كەوتوەتە ناو گێژاوی جەنگ و ململانێی سیاسی و ژینگەیی بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی ڕووبەڕووی چەندین كۆمەڵكوژی و قەیران و ناداد پەروەری بووەتەوە كە ڕەنگدانەوەیەكی بەهێزی هەیە لەسەر نەبونی ژینگەیەكی لەبار بۆ رێگەگرتن لەتوندوتیژی.
بەڵام ئەوەی دڵخۆشكەرە ژنان بێدەنگ نین و دژی دەسەڵاتە خۆسەپێنەر و زەوتکەرانی مافەکانیان لەخەبات و تێكۆشان بەردەوامن.
ئەمڕۆ شۆڕشی ژنان بەپێشەنگایەتی ژنی كورد بوەتە سەر مەشقی ژنانی جیهان و سەلماندیان كە ژنان ئەو هێزەن كە دەتوانن گۆڕانكارییە ریشەییەكان لەجیهانی ئەمڕۆدا و بۆ ئایندەیەكی باشتر بچەسپێنن و هەنگاو بنێن بۆ جیهانێك كە هیواكانیان بهێننە دی.
بۆیە دەبێت ژنان لەجیهان بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەتی لەم ڕۆژەدا بەیەكدەنگی و هاوخەباتی لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێكی ئاسودەو دوور لە توندوتیژی بەهەموو شێوەكانییەوە بەردەوام بن و كۆڵنەدەن تادەگەنە ئەو ژیانەی كە شایستەیانە.
نا بۆ توندو تیژی…….
یەكێتی ژنانی كوردستان
25/11/2022