یەکێتی ژنانی کوردستان چالاکی ئەمساڵی بۆ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تەواو جیاواز بوو، چالاکییەکانی لە هۆڵەداخراوەکانەوە گواستەوە بۆ ناو هاووڵاتییان و شوێنە گشتییەکان.
بە بەخشینەوەی گوڵ بەسەر هاووڵاتییاندا و لە ژێر دروشمی پشتیوانی یەک دەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان یەکێتی ژنانی کوردستان لە ١٦ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکییەکی هونەری لە ماجیدی مۆڵی شاری سلێمانی ئەنجامدا.
بەفرین عوسمان،یەکێک رێکخەری پرۆژەکە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی:” ئەمجارە ویستمان چالاکی جیاواز ئەنجامبدەین بیگوازینەوە ناو هاووڵاتییان راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا بین بە هەموو چین و توێژەکانەوە”. وتیشی:”پەیامی ئەمجارەی ئێمە نا بۆ توندوتیژی بەڵێ بۆ پێکەوەژیان بەڵێ بۆ خێزانێکی ئارام و و دوور لە توندوتیژی و بەڵێ بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست، ئێمە دروست بووین بۆئەوەی یارمەتی یەکتری بدەین ئەگەر ناتوانین ئەوەش ئەنجامبدەین با نەبینە هۆکار بۆ ئازار و دەرد بۆ یەکتری”.
دەریا عومەر تەیمور کە جلێکی جیاواز و تایبەتی پۆشی بوو بە بەرگە سپییەکەی سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشابوو بۆ تەوار وتی:”پەیامی ئێمە ئاشتی و پێکەوەژیان و خۆشەویستییە هیوادارین تەواوی هاووڵاتییان رێز لە مافەکانی هاووڵاتییان بگرن و هاوسەنگی ژیانێکی چالاک بە رێ بکەن”.
نەسرین تەنیا، شاعیر یەکێک بوو لە بەشداربوانی چالاکییەکە بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی:”دەبێت ئەو چالاکییەکان ببرێنە شوێنە گشتییەکان بە تایبەت شوێنە دوورەکان و سەرەتای هۆشیاری دەبێت لە مزگەوتەکانەوە دەستپێبکرێت و بکوژانیش دەستگیر بکرێن و چالاکییەکانیش تەنها لە نێوشارەکاندا نەمێننەوە بگوازرێنەوە بۆ گوند و قەزا و ناحییەکانیش، هەروەها دەبێت ژنان و کچانیش فێربکرێن مافەکانی خۆیان بزانن”.
هاودەنگ سلێمان، چالاکوانی مەدەنی ئەم چالاکییانە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت:” دەبێت لەمەودوا چالاکییەکان تەنها لە هۆڵە داخراوەکاندا نەمێننەوە و ببرێنە شوێنە گشتییەکان وەک ئەم چالاکیانە بۆئەوەی تەواوی هاووڵاتییان هۆشیار بکرێنەوە دەبێت پیاوان هۆشیار بکرێنەوە سەبارەت بە مافەکانی ژنان . هەروەها لە مزگەوتەکان و مەکتەبەکانەوە دایکان و باوکان هۆشیار بکرێنەوە مافەکانی کچان و ژنان بزانن.
ئا:تریفە حسن