ئەمڕۆ شەممە، کە ٣١ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر رووداوەدا و ساڵیادی ئەو چیرۆکە خەمناکەیە لە شارۆچکەی سەید سادق مەراسیمێک بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەكە تاجەگوڵینەی لەبەردەم پەیكەری ئەو دوو خوێندكارەدا دانا، هەفتەیەك چالاكی هونەری وەرزشیش لەناو خوێندنگاكاندا بەڕێوەدەبات
٧ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ خەڵکی هەرێمی کوردستان گوێبیستى رووداوێکی ناخهەژێن دەبن، ئەو رووداوە گیانلەدەستدانی هێمن و چنار بوو، کە خوێندکاری یەکێک لە خوێندگاکانى شارۆچکەى سەید سادق بوون
چنار ناسح عەلی و هێمن ناسح عەلی،
خەڵكی گوندی برایم غوڵامی سەر بە شارەدێى قادركەرەم بوون و باوكیان لەشاڵاوی ئەنفالدا ئەنفالکرا، دواتر خۆیان و ئاهوخانی دایکیان لە شارەدێى شۆڕشی سەر بە شارۆچکەى چەمچەماڵ نیشتەجێ بوون.
دوای ئاوارە بوونیان لەكۆڕەوەكەی ١٩٩١ لە ئێران دەگەڕێنەوە و لە ئۆردوگای شانەدەری نزیك شارۆچکەى سەیدسادق دەگیرسێننەوە، چناری تەمەن ٩ ساڵ پۆلی سێیەمی سەرەتای و هێمن تەمەن حەوت ساڵی پۆلی یەكەمی سەرەتایی دەبێت، ئەوان هەموو بەیانییەك لە ئۆردوگای شاندەرییەوە بەپێ دەڕۆشتن بۆ سەیدسادق بۆ خوێندن بەوهۆیەوە لە ٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ سەرما و بەفرێکی سەخت لە رێگای رۆیشتن بۆ خوێندگا گیانی هەردووکیانى لە دایکی سەندەوە