مامۆستا سروە هاشم مامۆستا لە بەشی کیمیا له کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی گەرمیان بڕوانامەی داهێنان (براءة اختراع)ی لە لایەن وەزارەتی پلان دانان و دەزگای پێوانەکاری و دەزگای کواڵیتی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقەوە پێبەخشرا.
ئەو بروانامەیە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە بەھاوبەشی لەگەڵ چەند توێژەرێکی تردا بەناونیشانی: (Increasing the efficiency of the dye-sensitized solar cell using new photo-synthesized Nanocomposites) بڵاوکراوتەوە
کورتەی توێژینەوەکە بریتیە لە :
لەم ساڵانەی دواییدا تەکنیکى نانۆتەکنەلۆژیا بووەتە چارەسەرێکی نمونەیى بۆ ڕزگاربوون لە پیسبوون بە شێوەیەکى گشتی و پیسبوونی ئاو بە شێوەیەکى تایبەت ، بە تایبەتتر پیسبوون بەو بۆیاخانەی کە لەلایەن کارگەکانى پیشەسازى رستنەوە بەرهەمدەهێنرێن.
نانۆ ئۆکسیدەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لەم پرۆسەیەدا، ئەوەی گرنگییەکەی دوو هێندە کردەوە، بەدەستهێنانی بوو لە شێوەی ئاوێتەى گۆشەیی نوێ، و بەهۆی ئەم شێوەیەشەوە تایبەتمەندی نوێی جیاوازی پێدەبەخشێت وەک زیادبوونی ڕووبەری ڕوکەشى وسەقامگیری کیمیایی و توانای گەیاندنى کارەبایى بە شێوەیەکی کارایی باش و تێچوویەکی کەم.
ئەم توێژینەوەیە باسی چەند لایەنێکی دهكات:
لایەنی یەکەم: ئامادەکردنی نانۆ پێکهاتە نوێیەکانی CuNiO2، Fe2NiO4، Fe2CuO4، CuNiFe2O5 بە بەکارهێنانی شێوازی تیشکی بینایی، کە شێوازێکی نوێیە بۆ ئامادەکردنی ئەم تەنۆلکە سادە و هەرزانە کە کارایی بەرهەمی بەرزی هەیە.
لایەنی دووەم: ناسینەوەی ئەم نانۆمادەیە و پێوانی تیرەکانی بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی وردبینی ئەلکترۆنی (TEM)، وردبینی ئەلکترۆنی سکانەر (FE-SEM)، سپێکترۆمێتری فۆتۆلۆمینەسەنس (PL) وتیشکی ئێکس (XRD).
لایەنی سێیەم: بەکارهێنانی ئەوە ماددانەى کە ئامادە کراوە وەک ئەلکترۆدی ئەنۆد لە دروستکردنی خانە خۆرەکان کە هەستیارن لە ڕووناکی.
لایەنی چوارەم: لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی نانۆ پێکهاتە ئامادەکراوەکان وەک ئەلکترۆدی ئەنۆد، بەکارهێنانی ئۆکسیدی گرافین و ئۆکسیدی گرافینی بارگاویکراو بە زیو وەک ئەلیکترۆدی کاتۆد، بەکارهێنانی بۆیەی سایپکرۆنی سووری گەش وەک پێکهاتەیەکی ئۆرگانیکی هەستیار لە ڕووناکی. و بەکارهێنانی گیراوەیەکی ئەلکترۆلایتی لە ئایۆدین وەک ناوەندێک کە ئەلیکترۆنەکان دەگوازێتەوە بۆ تەواوکردنی خانەی کارەبایی. هەروەها توێژینەوەکە باس لە پێوانەکردنی ڤۆڵتیە و کارەبا و کارایی گەیاندن دەکات.