سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، بەراورد بە ساڵی 2021، ساڵی رابردو ئاماری پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان زیادیکردوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا بە ڕاپۆرتێک بە ناونیشانی “پارێزەرانی یاسا لە ئەرکەکانیان هەڵدەگەڕینەوە، زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەکان، یاسای رۆژنامەگەری پەکدەخات” ئاماری ساڵی 2022ـی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسانی خستەڕوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە بوون:
“ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە”
کە بەمشێوازە دابەشبوون: (رێگری 195، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی 68، هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی 46، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 64، دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگا 4، لێدان و برینداربوون 26، داخستنی نوسینگەی کەناڵ 1، هێرشی مووشەکی 2، هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووس 3، هێرشی ئەلیکترۆنی 6، پڕکردنەوەی بەڵێننامە 16 حاڵەت)
رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، “ساڵی 2022 رەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، لە زۆربەی ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵییان هەیە، ئاستەنگ بۆ رۆژنامەنووسان دروستکراوە، دەستبەسەرکردن بە بێ فەرمانی دادگا، توندوتیژی و شەق وەشاندن، پەلاماردانی راگەیاندن و توندکردنیان لە بنکەکانی هێشتنەوەی پۆلیس و زنیدانی ئاسایش، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری، تەنانەت هەندێک رۆژنامەنووس پێش چوون بۆ رووماڵی خۆپیشاندان، لە بەردەم ماڵەکانیان دەستگیرکراون
وتیشی،”گرێبەستی چەوساندنەوەی میدیاکاران، کەمی و پێنەدانی موچەی چەند مانگەیان بوە بە دیاردە، لە باشترین حاڵەتیشدا موچەکانیان دوادەکەوێت، ئەوە جگەلەوەی جیاکاری لە موچەی نێوان خانمانی میدیاکار و هاوکارەکانیان هەیە”