ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

یەكێتی ژنانی كوردستان هاوكارییەكانی گەیاندە كەمپینەكانی هانا‌و هاوخەمتانین

ئەمڕۆ یەكێتی ژنانی كوردستان لەچوارچێوەی هەڵمەتی كۆكردنەوە هاوكاری بۆ زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكەی باكورو ڕۆژئاوای كوردستان، هاوكارییەكانی خۆی گەیاندە هەردوو كەمپینی هانا وهاوخەمتانین.

گەیاندنی هاوكاری بۆ كەمپینی هانا لە كارگەی كلتوری جگەرەی سلێمانی كە پێكهاتبوو لە ٥٠كارتۆن لە ١٢جۆر پێداویستی سەرەكی خۆراك و پێداویستی ژنان، هاوكات هەمان هاوكاری گەیاند بە كەمپینی هاوخەمتانین لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەكە.

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كنێر عبدوڵا، وتەبێژی یەكێتی ژنانی كوردستان وتی: “ئێمە ئەمڕۆ وەكو یەكێتی ژنانی كوردستان لە ڕێگەی كەمپینی هانا وە لە باشوری كوردستان لەسلێمانی كەمپینی ڕاگەیاند، جارێكی تر هاوخەمی وپشتوانی وهاوسۆزی خۆمان، دووپاتدەكەینەوە، بەهۆی ئەو كارەسات‌و رووداوە دڵتەزێنەی شەشی شوبات ڕوبەڕووی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان بۆیەوە”.

وتیشی: “دیارە ئەم پشتیوانیە، وەكو ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوایەتی و مرۆیی و ئەخلاقی، بیبینیەوە، كە لەڕێگەی كەمپینی جۆراوجۆرەوە لە ئاستی لقەكانەوە لەڕێگەی سەرماییە مرۆییەكانی خۆمانەوە، هەموو هەوڵ و پشتوانییەكەوە، دەخەینە گەڕ، ئێمە وەكو یەكێتی ژنانی كوردستان هیوادارین ئەم جۆرە كارەساتە دوبارە نەبێتەوە‌و هیوای چاكبونەوەی بریندارەكان دەخوازین‌و هیوای ئەو زیانلێكەوتوانەی كە روبەڕووی بونەتەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، دەستخۆشیش لە كەمپینی هانا دەكەین هیوادارین جارێكی تر كۆمەككردنمان بۆ ئەم مەسەلانە نەبێت كە كارەساتی دڵتەزێنی لێدەكەوێتەوە”.

نەورۆز محەمەد ئەمین، یەكێكە لە سەرپەرشتیاری كەمپینی هانا لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیەكەدا وتی: “سوپاسی یەكێتی ژنانی كوردستان دەكەین بۆ بەدەم هاتنەوەی كەمپینی هانا لە پرسی ئەوەدا ئەم پێداویستی و هاوكاریانە بگەیەنین بە ڕۆژئاوا و باكور كوردستان”.

وتیشی: “یەكێتی ژنانی كوردستان هەمیشە دەسپێشخەربوون بۆ گیانی هاوكاری و یەكێتی و یەكڕیزی خەڵك و ژنان، لەلایەكی ترەوە یەكێتی ژنانی كوردستان لە ڕۆژێكی ئەمڕۆی هەستیاردا هاوكاری جدی هێناوەتە پێشەوە بتوانین چەمكێك لە ئازارو معنەوی ئەو خەڵكە بڕەوێنیەوە‌و چارەسەریان بكەین، ئێمەش وەكو كەمپینی هانا جارێكی تر سوپاسی یەكێتی ژنانی كوردستان دەكەین، كە بەئەركی پیرۆزی خۆیان هەستاون، بەراستی بۆ كەمپینی هانا جێگەی شانازین و بە خەمخۆریەكی جدی بەشدارن، ئێمەش بە ئامانەتەوە پێداویستیانە دەگەیەنن بە شوێنی مەبەست باكورو ڕۆژئاوای كوردستان”.

خاتوو سەیوان رۆستەم، ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتی ژنانی كوردستان لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەكە ڕایگەیاند: “بەشداریكردن بەتایبەتی ئەم كەمپینی هاوخەمتانین كە تایبەتە بە ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان گەیاندنی هاوكاری بە زیانلێكەوتوان، ئێمەش وەكو یەكێتی ژنانی كوردستان هەمیشە لە هەوڵداین بەشداربین لە هەموو كەمپینێك‌و هاوكاری ئەگەر شتێك كەمیش بێت ئەگەر تواناكەشمان ئەوەندە نەبێت بتوانین، بەڵام بەشداریكردنمان كارێكی ویژدانی و نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیە كە دەمانەوێت بەشداربین، داواكاریشین كە هەموو كەسێك بێتە پێشەوە، ئەمە لێقەومانی هەموو گەلی كوردستانە، ئەركێكی مرۆڤایەتیە كە بێیتە پێشەوە بەتوانای خۆی هاوكار بێت‌و بەشدار بێت لە كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری ئەو خوشك و برایانەمان كە تووشی زیان بوون، بەڕاستی لەگەڵ ئەو هەموو كارەساتەدا هاتنە پێشەوەی ئەم خەڵكە بۆ ئەم كەمپینانە جێگەی دڵخۆشیە”.

ئا: تریفە حسن

هاوشێوە

ڤیدیۆ