ئەمڕۆ بەرواری ٢١-٢-٢٠٢٣ لە هۆڵی تەوار سیمینارێک بە ناونیشانی ” جێندەر و کێشەکانی فێمینیزم” لەلایەن خاتو “شیرین تاهیر” پێشکەش کرا، نووسەر لە ناوەڕۆکی بابەتەکەدا چەند دیدێکی جیاوازی بە پوختی دەربارەی “زانستی جێندەر و چەمکی جێندەر و تیۆریی جێندەر و تێگەیشتن لە جێندەر” خستەڕوو، جگە لەوەش ئاماژەی بەوەدا ئەم چەمکە چەندین ڕەهەندی جیاجیای هەیە لەوانە: (ڕۆڵی جێندەری و شوناسی جێندەری و مەیلی جێندەری) هەموو ئەم ڕەهەندانە لێکدانەوەیەکی سەربەخۆیان پێویستە، بە گشتی ئەم چەمکە؛ چەمکێکی زانستیە و ڕیشەی ئەم چەمکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک زانستی تری وەک زانستی کۆمەڵناسی و بایۆلۆژیی و دەروونشیکاری. کێشەی فێمینیزم بەشێکی پەیوەندی بە ڕۆڵی جێندەری هەیە؛ کە کۆمەڵێک ڕۆڵی بۆ ژن و پیاو دیاریکردووە، لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی و ئاینی و کلتوری.
سەبارەت بە هەردوو ڕەهەندی “شوناسی جێندەری و مەیلی جێندەری” ئەم دوو ڕەهەندە بە تەواوی وابەستەن بە زانستی بایۆلۆژیی و دەروونشیکاریی و کۆمەڵناسیەوە. هاوکات تیشکی خستەسەر ئاڕاستەکانی فێمینیزم و کێشەکانیان، بە تایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چۆن ئیپستمۆلۆژیایەکی گونجاو فۆرمەلە بکەین وەک ژنی کورد لە چوارچێوەی ئەو کێشە ئاڵۆزانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئامادەکردنی تریفە