ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

پێكەوە ژیان

عائیشە حەكیم

خێزان پایەی كۆمەڵگە ‌و ژیانی كۆمەڵایەتییە، خێزان بونیادێكی زۆر پتەوە ‌و لانەیەكی زۆر مەزنە، خۆزگە چ كچان چ كوڕان ئەگەیشتنە ئەوەی بتوانن بەرپرسیارێتی ئەو خێزانە بەجوانی هەڵبگرن و بەردەوامی پێبدەن ‌و ئارامگر بن لەسەر ئەو گرفت و كێشانەی لەم قۆناغەی ژیانیان رووبەروویان دەبێتەوە.

بەژیرانە مامەڵە لەگەڵ گرفتەكان دەكەن و بەئاسودەیی و ئارامی ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ‌ دەكەن، نەك خۆیان بدزنەوە یان بەباشی ئەو ئەركە جێبەجێ‌ نەكەن و مافی كەسیی بەرامبەری پێشێل بكەن، چونكە ژیانی هاوسەرێتی بریتیی نییە لە قسە، بەڵكو كردار و خۆشەویستی راستەقینەی دەوێ‌.

خێزان بەهێزترین هێزە كە مرۆڤ و كۆمەڵگە كۆنترۆڵ دەكات، بێگومان بونیادنانی خێزانیش واتە دروستكردنی ماڵ و منداڵ، بەتایبەتیش ئامادەكردنی مناڵ ‌و پەروەردە كردنییەتی بۆ ناو كۆمەڵگە بەشێوەیەكی جوان و تەندروست و تێگەیشتوو، بۆیە پێویستە دایك و باوك هۆشیار و رۆشنبیر بن و توانای زۆر باشیان هەبێت لەچۆنییەتی مامەڵە كردن لەگەڵ مناڵەكانیان ‌و پەروەردە كردنیان، چونكە ژیانی خێزان رۆژ و دوو رۆژ نییە، تەمەنێكی دوورودرێژە و كێشە و گرفتی زۆر و جیاوازی تێدایە ‌و هەر كەس پشوو درێژ نەبێت و توانای خۆڕاگرتنی نەبێ‌ بۆ گرفت و كێشەكان، ئەوا زوو لەناو دەچێت.

ژیانی خێزانی پێویستی بەلێك تێگەیشتن و لێبوردن و متمانە و خۆشەویستی هەیە، كاتێك ئەمانە هەبوو بێگومان ئەو ژیانە سەركەوتوو دەبێت و گەر كێشەش هەبوو لەلایەن هەردوولا بچووك دەكرێتەوە و لێكترازاندن دروست نابێ‌، بۆیە هەوڵبدەن جوانی ڕاستەقینەی ژیانتان تەنها لەسنوری خێزان دەستبكەوێت و بەهیچ نرخێك لەدەرەوەی سنووری خێزان بەدوای خۆشەویستی ڕاستەقینە و ڕێزی هاوسەری ڕاستیدا نەگەڕێن.

هاوشێوە

ڤیدیۆ