ئەم هەنگاوە مێژوییە و نەتەوەیی و ستراتیژییە. بەناوی ئەو ژنانەی بەڕەنج، خوێن و وزەیان، بە زانین و وشیارییان ئێمەیان گەیاندە ڕۆژی ئەمڕۆ. بەناوی هەموو ئەو ژنانەشی باوەڕیان بە ئازادی و یەکسانی هەیە. بەخێرهاتنتان دەکەین.بەڕێزان، ئێمە کۆمەڵگەیەکی زیندوویین، توانەوە، سرینەوە، دابەشکردن، قڕکردن و پەراوێزخستن نەیتوانیوە لەناومان بەرێت. بەڵام ڕاستییەکیش هەیە کە زۆر جار تراژیدیاکانمان دووبارە بوونەتەوە، بەشێکیشی سەرچاوەی لە نەناسینی مێژوو و ناوشیاری مێژووییەوە دەگرێت. مێژوو تەنیا بریتی نیە لە دیاردە و ڕووداوگەلێک بەڵکو، گرنگە بزانین ئێمە خاوەن چ مێژوویەکین، کێ ئەو مێژووەی نوسیوەتەوە، ئێمەی ژن لە کوێی ئەو مێژووەداین. لەو سۆنگەیەوە ژمارەیەک لە ژنانی هەرچواربەشی کوردستان بێ ئەوەی جیاواز سنور، زمان و زاراوە بکەینە تەگەرەیەک هاتینە لای و باسی گرنگی یادەوەری مێژووییمان کرد. یادەوەری نەبێ، ڕەگ و ڕیشەیەکی داکوتاوی مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتی نەبێ، هەر بایەک بێ ڕاماندەڵێ و لە ” خۆبوون”مان دووردەخاتەوە. جێی داخیشە کە بەهۆی کەموکورتی خۆمانەوە بەهۆی شەپۆلی زانینێک کە پەیوەندی بەڕاستی کۆمەڵگەکەمانەوە نیە یادەوەرییمان لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە. ئێمەی ژنان دوینێمان نەناسین چۆن دەتوانین ئەمڕۆیەکی ڕاست، چاک و جوان بونیاد بنێین، چۆن دەتوانین ئێستا و ئایندەیەکی دیموکراسی مسۆگەر بکەین. تا ئەو کاتەی دەستمان بە بەدیهێنانی ئەم خەونە کرد نەماندەزانی کە مێژووی نەنوسراوی ژن و مێژووی زارەکی ژنی کورد هێندە دەوڵەمەند و پڕ زانین، حکمەت، فەزیلەت و زانستە، نەماندەزانی کە ژنانی کورد بۆ ئەوەی خاوەن گوتن، کردار و چالاکی خۆیان بکەن، خاوەن ڕەنج و ڕێکخستنی خۆیان بن چ قوربانیەکیان داوە، ئەگەر ڤرجینیا ۆلف دەڵێ ” ژوورێک تایبەت بە ژن ” ئێمە بە تەنیا ژوورێک ناوەستاین، بەڵکو بە ئیلهام لە تێکۆشان ژن لە کاری بەڵگاندن و کتێبخانە و توێژینەوە لە جیهاندا و بەئیلهام وەرگرتن لەو مێژووە نەنوسراوە و مێژووی زارەکی خۆمان هێز و وزەی دەستپێکردن و بەردەوامیمان وەردەگرینیادەوەری و یادگای مێژووییمان ئەگەر دەنگ، ڕەنگ و دەربڕینی ژنی تێدا نەبێت، چۆن دەتوانین بڵێین خاوەن کۆمەڵگەیەکی زیندووین. ئەگەر پێوەری ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنەوە بێت ئەوە ناچارین لە مێژووی نوسراو و زارەکیەوە سەیری بکەین کە چەند ئەو مێژووە تۆمار کراوە، چەند لە دووتوێی ئەو مێژووەوە دیدێکی دیموکراتیانە هەیە لەئاست ژن و بەشە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە. بۆ ئەوەش ئەرکێکی گەورەی مێژووییمان لەسەر شانە و بڕیارشیمان داوە شانی بدەینە بەر. لە قۆناغی رابردوو بە دەستێکی ڕەش هاورێمان و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد ناگیهان ئاکارسەل تیرۆر کرا بەڵام ئێمە بڕیارمان دا و پێداگریمان لەسەر بەردەوامیدان بەم خەونەمان دەربڕی. چونکە ئەمە بۆ ئێمە ئەرکێکی ویژدانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی، مێژوویی و ستراتیژییە. دەزانین کە بارێکی گرانە بەڵام هێزی ئەو بارە گرانە لە کۆمەڵگەکمان، لە ژنان و کەسانی ئازادیخواز و ڕۆشنبیرەوە وەردەگرین.ئەم کارەی ئێمە تەنیا کارێکی نەتەوەیی ژنانی کورد نییە بەڵکو لەئاستی گەردوونیشدا هەم دەبێتە پردێک بۆ گەیشتن بە زیاتر لە ٤٠٠ کتێبخانە و ئەرشیفی ژن، فێمینست و جێندەر لە جیهاندا و هەم لەڕێی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد باشتر خۆمان بە دونیا دەناسێنین و سەرچاوەی زانستی و پراکتیکی دەخەینە بەردەستی ژنان لە هەموو جیهاندا.وەک دەزانن بەرهەمی لە ژمارە لەنەهاتوو، بەزمانی جیاواز لە سەر ژنی کورد و بەدەستی ژنی کورد نوسراون، ئەو بەرهەمانە یان داهێنانی تاکەکەسی یان بەرهەمی ڕەنج، تێکۆشان، ئەزموونی هەرەوەزی و ڕێکخراوانەی ژنی کوردن دەمانەوێ جیهان لەو ڕوانگەیەوە ئێمە بناسێ، نەک لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسان و کۆلۆنیالیستەکان.ئێمە ئیتر خۆمان، خۆمان پێناسە دەکەینەوە، بەزمانێکی زانستی ئاوڕ لە خۆمان دەدەینەوە. لەگەڵ ژنانی جیهانی جیهاندا، لە ڕێی ئەرشیف، توێژینەوە و کتێخانەکانەوە لە ڕوانگەیەکی ئازادیخوازی و دیموکراتیخوازییەوە خاڵی هاوبەش دەبینینەوە. بۆیە داواکارین لە هەموو ژنان، مرۆڤدۆستان، نوسەران، ڕۆشەنبیران و ئاکادیمیستان و هەموو کەسێک دەکەین کە خاوەنداری لەم هەنگاوە مێژووییە بکەن، بە بەرهەمەکانی خۆتان و بە بەرهەمی ژنانی دیکەش پاڵپشتی لەم ئەرکە نەتەوەیی و گەردوونییە بکەن. ناوەندی ئەرشیف، بە ناوەندی خۆتان بزانن بە هەر دەرفەتێکی ماددی و مەعنەوی لە دەستان دێت پاڵپشتی بکەن، بەرهەمەکانی ژنانی کورد و ئەوانەشی لە ژنانی کورد هەیە بگەیەننە ناوەندەکەمان. هەروەها ئێمە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی ئەرشیف، کار دەکەین. ئامادەبوونی ئەمڕۆی میوانان و دۆستانمان لە دەرەوەی وڵات گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن. ئێمە ئێستا لە نێو تۆڕی نێونەتەوەیی کتێبخەکانی جیهانداین. وزە و هیوایەک دەخوڵقێنین کە تەنیا هەستی پێنەکەین بەڵکو دەیکەینە ڕایەڵەی وشیاری و لەخۆبێداربوونەوە بۆ ئێستا و ئایندەیەکی چاک…
کوشتنی ژنان بەردوامە
پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی دەرکار لە پارێزگای