دەرد لە بەرد كەوتوو، تۆش لەمن
گریانێك بەگەرومەوە لكاوە
نازانم لە دڵمەوە سەردەكەوێت بۆ سەرم
یاخود لە سەرمەوە دەیەوێت بگاتە دڵم
قوڕگی گرتوم دەمەوێت بڵێم من كێم ناتوانم
دەنگم لە ئەشكەوتی سەرم دا دەنگ دەداتەوە
لەسەر ئەم دیواری ونبونە دەنووسم بمدۆزەوە
بەڵام ئەوەی ونیكردم نایخوێنێتەوە
ئەم گریانە وەك كڵاوی بەڕوو ناهێڵێت
بارانی هاوارێكم بمكوژێنێتەوە.
بۆم قوت نادرێت
نابێت بە فرمێسكیش
ڕەنگە بۆ خنكانم هاتبێت.
وشەكان لەسەر زارم بوونە بە بەرد
ئەم دیواری وشانە تاعەرش بەرزبوونەتەوە
نە ئەجەل دەیڕوخێنێت و نە هاودڵێك دەیكات بە كۆشك .
دەنگێك بە پەردەی گوێیەكانمەوە نووساوە
با دونیا بیبیستێت من نابیستم
ئەوەی بانگم دەكات بادڵی بنێرێت نەك دەنگی !
سێبەرێك هات و جێی هێشتم
ڕەنگی خوێنم تاریك بووە.
بەو چەكوشەی دووری پیای كێشام
لەسەرم دا جگە لە دەنگ دانەوەی دەنگی برینەكانم
هیچیتر نابیستم
زەمین لە رزەیەك پێدەشتی ڕۆحم دەهەژێنێت
مرۆڤێك ڕۆحی (با)بیبات دڵ چۆن دەتوانێت بیهێنێتەوە ؟؟!
ئەوەندەم ئاوی لێڵی بەڵێن خواردەوە
گورچیلەكانم وەك دوو سمۆرەی بریندار دەزریكێنن
ئێستا سەرتاپای جەستەم بووە بە(دەم)و دەقیژێنێت.
ئەزانی خەمی چیمە ئەی دۆست ؟
بمرم و مردووشۆریش نەیبینێت
ئەو خۆشەویستیەی وەك خۆرێكی زەرد
لەڕوخساری ماتما هەڵهات،
بۆدواجار لەگەڵ خۆما ئاوابێت.
شیعرێك لە سكمایە لەخۆم باڵاتر
دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان
دەزانم لە دایك ببێت، من لە هەناوی دا دەدۆزنەوە !
دەمی ئەو هەموو برینە بەچی دابخەم ؟
پەنا بۆ كراسی كام گۆرانی ببەم
بیكەم بەبەر ئازارەكانمەوە؟
خەمەكان منیان لەخۆ هەڵكێشاوە
دەزانم باش دەزانم
بەرلەوەی درێژی تەمەن بینایم كزبكات
كوێرم دەكەیت
بەرلەوەی دەستم بلەرزێت، پێویستی بە گۆچان بێت
بۆنی هیچ گوڵێك پەنجەكانم ناناسێت.
دەزانم!
ڕۆحم دەكێشیت بەرلەوەی
ددانێكم لەقبێت.
دەزانم پێش پیریبوون
لۆچی هەزار و یەك خەیاڵت
وەك مشار، پێستی ناوەوەم دەبڕێت
بەرلەوەی بمرم، نا من نامرم
بیركردنەوە لەتۆ دەمكوژێت.
بەڵام ڕوون نیە من دەدۆڕێم
كێ ناڵێت ڕۆژێك. ئێوارانێك .
گۆرانی فیشەكێك
شین بەشایی هەموو خەیاڵەكانت ناگێڕێت؟!
ئیمان یادەوەر
ژینی شاعیرلە چەند دێرێكدا.
كچە شاعیری لاو خاتوو ئیمان یادەوەر لە ئێستادا خوێندكارە و تەمەنی 23 ساڵ و لەدایكبووی گوندی ( كارێزەی خاڵخاڵان)ە سەر شاری كەركوكە و دانیشتووی شاری هەولێرە. لە ماوەی رابردوودا یەكێك بوولە بەشداربووانی فێستیڤاڵی شەن بۆ شیعر، خاتوو ئیمان توانی بە دەقی شیعری (خۆم لە تۆدا دادەكەنم)ببێتە خاوەنی خەڵاتی دووەمی شیعر.