ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

تیۆری مرۆڤدستی یـــــــــــــــان تیۆری (خود)ی کارل ڕۆجەرز لەدەرونناسیدا

بەشی یەکەم /

کارل ڕۆجەرس (Carl Rogers) (١٩٠٢-١٩٨٧)
دەروونناسێکی مرۆڤدۆستی بوو کە بە تێڕوانینەکانی سەبارەت بە چارەسەری پەیوەندی و تیۆرییەکانی کەسایەتی و هێنانەدی خود ناسراوە.
ڕۆجەرس پێی وابوو کە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بە ئامانج و خواست و ئارەزووەکانی بگات.  ئەمەش کاتێک کە قبوڵکردنی خودی زیاتر بێت. ئەمە یەکێک بوو لە گرنگترین بەشدارییەکانی کارل ڕۆجەرس لە دەروونناسیدا.
خود  زاراوەیەکی مرۆڤدۆستانەیە بۆ ئەوەی سەرنج بدەم کە من وەک مرۆڤێک بەڕاستی، کێم. خود، کەسایەتی ناوەکی ئێمەیە، دەتوانرێت بە ڕۆح (soul)، یان دەروونی فرۆید (Freud’s psyche ) بیچوێنین. خود لە ژێر کاریگەری ئەو ئەزموونانەدایە کە مرۆڤ لە ژیانیدا هەیبووە و هەیەتی، هەروەها لێکدانەوەکان و تێگەیشتنیان لەو ئەزموونانە.
چەمکی خود بریتیە لە: “کۆمەڵە تێڕوانین و باوەڕەی تاک سەبارەت بە خودی خۆی ،”ڕۆجەرس پێی وابوو بۆ ئەوەی مرۆڤ گەشە بکات:
پێویستی بە ژینگەیەک هەیە کە بەتەواوی خودی خۆی بێت هەروەها
قبوڵکراوبێت بەبێ دانانی مەرج و یاسا و هاوسۆز هەبێت واتە گوێی بۆ بگیرێت و کەسانێک هەبن لێی تێبگەن.
بەبێ ئەم سیفەتانە پەیوەندیەکان و کەسایەتی تاک بە شێوەیەکی وەک پێویست گەشە ناکات، وەک چۆن درەختێک بەبێ تیشکی خۆر و ئاو گەشە ناکات.
ڕێبازی مرۆڤدۆستی دەڵێت خود (self) لە چەمکگەلێک پێکهاتووە کە تایبەتن بە خودی خۆمانەوە. چەمکی خود (self) سێ پێکهاتە لەخۆدەگرێت:
بەهای خود (Self-worth)
ڕۆجەرس پێی وابوو هەستکردن بە بەهای خود : لە سەرەتای منداڵیدا پەرەی سەندووە و لە کارلێکی منداڵ لەگەڵ دایک و باوکدا دروست بووە، هەروەها لەگەڵ گەورەبوونی منداڵ و کارلێککردنی لەگەڵ کەسانی دیکە، کاریگەری لەسەر هەستکردن بە بەهای خودی دەبێت.
وێنەی خود : چۆن خۆت دەبینیت؟ کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر تەندروستی دەروونیمان، وەک ئەوەی کە کەسێک شێوەیەکی سروشتی هەیە بەڵام لە شێوەی ڕازی نییە چونکە کۆمەڵێک پێوەری جیهانی دانراوە بۆ جوانی کە لە ڕاستیدا بوونیان نییە و ئەم کەسەش بەپێی پیوەرەکان جوان نییە، هەربۆیە ئەمە کاریگەری گەورەی لەسەر وێنەی خۆی بۆ خودی خۆی دروست دەکات بە شێوەیەکی خراپ.
وێنەی نمونەیی خود : وێنەی خود بابەتێکی داینامیکییە – واتە هەمیشە لە گۆڕاندایە بە درێژایی ژیان. ئەو وێنە نمونەییەی کە لە منداڵیدا هەیە هەمان وێنە نییە کە لە هەرزەکارێکدا وهەمان وێنەش نییە کە لە کەسێکی پێگەیشتوودا هەیە( تێبینی: مەبەستمان لەو وشەی وێنە تەنها شێوەی جەستە و ڕووکاری دەرەوە نییە، بەڵکو شێوەی جەستە و ڕووخسار، دەستکەوت و ئامانجەکانمان، کەسایەتییمان، ئاستی زانستیمان، ڕێژەی داهاتمان، ڕێژەی باوەڕمان هتد .. واتە هەر شتێک پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت)دوو سەرچاوەی بنچینەیی کاریگەرییان لەسەر چەمکی خود هەیە:

  • ئەزموونەکانی منداڵی .
  • هەڵسەنگاندنی کەسانی دیکە :
    ڕۆجەرس پێیوابوو کە پێویستە لەلایەن کەسانی دیکەوە ڕێزمان لێ بگیرێت و بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیر بکرێین. پێویستە هەست بە بەها، ڕێزگرتن، سۆز و خۆشەویستی بکەین. ڕۆجەرس جیاوازی لە نێوان ڕێز و خۆشەویستی بێ مەرج و ڕێز و خۆشەویستیی مەرجدار دەکات
    ڕێز و خۆشەویستی بێ مەرج کاتێک کەسێک خۆشەویستی پێدەدرێت و ڕێزی لێدەگیرێت لەلایەن خێزانەکەی، کەسە تایبەتییەکانی و قبوڵ دەکرێت لەلایەن ئەوانەوە بەو شێوەیەی کە هەیە، پێی دەوترێت ڕێز و خۆشەویستی بێ مەرج. ڕێز و خۆشەویستیی بێ مەرج دوورە لەوەی کە نەمێنێت کاتێک کە کەسەکە هەڵەیەک دەکات یاخود شتێک دەکات کە بەدڵی ئەوانی دیکە نییە جێکەوتەکانی ڕێز و خۆشەویستیی بێ مەرج وا لە کەسەکە دەکات هەست بە ئازادی بکات و هەوڵ بدات کاری جیاواز تاقیبکاتەوە ئەگەریش هەڵەی تێدا بکات، ئەمە دەشکرێت هەندێ کات کەسەکە  بە تێپەڕبوونی کات بەرەو خراپتر ببات.
    ڕێز و خۆشەویستی مەرجدار کەسێک خۆشەویستی و ڕێز و دانپێدانانی پێ دەدرێت لەکاتێدا بەو جۆرە ڕفتار بکات کە خوازراوە و قبوڵکراوە و خۆشویستراوە لەلایەن کەسانی دیکەوە، . بۆ نمونە، مامەڵەی دایبابەکانە لەگەڵ منداڵەکانیان (کوڕم گەر بکەیت تۆمان خۆش دەوێت). واتە خۆشەویستی و ڕێزی تاکەکە بەستراوە بە کۆمەڵێک ڕفتاری خوازراوی ئەوانی دیکەوە نەک لەبەر خودی تاکەکە خۆشەویستی و ڕێزی لێبگیرێت ڕۆجەرس چارەسەری سەنتەری چارەخواز (client-centered therapy)ی  پەرەپێدا (دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ تاک سەنتەری)، کە چارەسەرێکی نائاڕاستەیی بوو، بەو مانایەی ڕێگەی بە چارەخوازەکان دەدا کە خۆیان سەرنتەر بن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان و خۆیان زیاتر هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان بدەن.
    ئەم جۆرە لە چارەسەر بریتییە لە لابردنی بەربەستەکان لەلایەن چارەسەرکارەوە بۆ ئەوەی چارەخواز بۆخۆی هەوڵبدات بەرەو باشتر بڕوات، ئازادکردنی تاکی چارەخوازە  بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی سروشتی بە ئاڕاستەکردنی خۆی .
    ڕۆجەرس بە بەکارهێنانی تەکنیکە نائاڕاستەییەکان، یارمەتی چارەخوازەکانی دەدا کە بکەونە سەر ئەوەی خۆیان بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن.
    ئەو پێی وابوو کە ئەزموونی تێگەیشتن و بەهادانان بۆ کەسی چارەخواز، هەستێکی ئازادی پێدەبەخشێت بۆ گەشەکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکانی لەلایەن خودی خۆیەوە. لەکاتێکدا مۆدێلەکانی دیکە بەگشتی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کە چارەسەرکار ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ڕفتارەکانی چارەخواز بگۆڕێت بەمەش چارەسەرکار دەبێتە سەنتەر نەک چارەخواز و ئاڕاستەی ناوەکی چارەسەرخواز ڕۆڵێکی سەرەکی نابینێت.
    ڕۆجەرس چاودێری دانیشتنەکانی چارەسەرییەکانی دەکرد، شیکاری بۆ گۆڕانکارییەکان دەکرد و هۆکارەکانی پەیوەست بە دەرئەنجامی دانیشتنە چارەسەرییەکانی دەخستە ژێر چاودێرییەوە. یەکەم کەس بوو کە کەیسە چارەسەری دەروونییەکانی تۆمار دەکرد و بڵاویدەکردنەوە.
    ڕۆجەرس شۆڕشێکی گەورەی لە ڕەوتی چارەسەرکردندا داهێنا. ئەو بۆچوونێکی ڕیشەیی هەبوو کە پێی وابوو ئاڕاستەی دانیشتنە دەروونییەکان دەبێت چارەخواز ئاڕاستەی بکات نەک چارەسەرکار. وەک خۆی دەڵێت: “چارەخواز دەزانێت چی ئازاریێکی هەیە، بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات، چ کێشەیەک بەڕاستی گرنگە، بە چ ئەزموونێکدا هاتووە”

ڕۆجەرس چاودێری دانیشتنەکانی چارەسەرییەکانی دەکرد، شیکاری بۆ گۆڕانکارییەکان دەکرد و هۆکارەکانی پەیوەست بە دەرئەنجامی دانیشتنە چارەسەرییەکانی دەخستە ژێر چاودێرییەوە. یەکەم کەس بوو کە کەیسە چارەسەری دەروونییەکانی تۆمار دەکرد و بڵاویدەکردنەوە.

ڕۆجەرس شۆڕشێکی گەورەی لە ڕەوتی چارەسەرکردندا داهێنا. ئەو بۆچوونێکی ڕیشەیی هەبوو کە پێی وابوو ئاڕاستەی دانیشتنە دەروونییەکان دەبێت چارەخواز ئاڕاستەی بکات نەک چارەسەرکار. وەک خۆی دەڵێت: “چارەخواز دەزانێت چی ئازاریێکی هەیە، بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات، چ کێشەیەک بەڕاستی گرنگە، بە چ ئەزموونێکدا هاتووە”

لای کارل ڕۆجەرس، کاتێک کەسێک کە بەهای خودی بەرزە، واتە متمانە و هەستی ئەرێنی لەبارەی خودی خۆیەوە هەیە، لە ژیاندا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری جۆراوجۆر دەبێتەوە. هەندێک جار شکست و ناخۆشیش قبوڵ دەکات و لەگەڵ خەڵکدا بە سنگێکی کراوەوە مامەڵە دەکات.

کەسێک کە بەهای خۆی کەم بێت لەوانەیە خۆی لە ئاڵەنگارییەکانی ژیان بەدوور بگرێت، ناتوانێ قبوڵی بکات کە ژیان لە هەندێک کاتدا دەکرێت زۆر بە ئازار و ناخۆش بێت. جگە لەوەش لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەرگریکار و خۆپارێز دەبێت و هەمیشە بیانوو بۆ هەڵەکانی دەهێنێتەوە بە میکانیزمە بەرگرییە جیاوازەکان.

دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات، ئەم کەسە هەمیشە بەدوای ئەوەدا بگەڕێت کە کارانێک بکات لەلایەن ئەوانی دیکەوە قبوڵ بکرێت و لەسەر ئەم حاڵەتە مەرجدار بێت، زۆر کاتیش ئەم مەرجداربوونە لە قۆناغی منداڵیدا ڕوودەدات.

تەبایی Congruence)) ڕەنگە خودی وێنە نمونەییەکەی کەسێک کە بۆ خۆی هەیەتی، لەگەڵ ئەو شتانەدا هاوتا نەبێت کە لە ژیانی راستەقینە و ئەزموونەکانی کەسەکەدا ڕوودەدەن. لێرەوە ڕەنگە جیاوازییەک لە نێوان خودی وێنە نمونەییەکە و ئەزموونی ڕاستەقینەی ژیانیدا هەبێت. ئەمەش پێی دەوترێت ناتەبایی (incongruence) لەو شوێنانەی کە خودی وێنە نمونەییەکە و ئەزموونی ڕاستەقینەی ژیانی یەکدەگرن یان زۆر لەیەک دەچن، حاڵەتێکی تەبایی بوونی هەیە کە پێی دەڵێین (congruence). بە دەگمەن، دەتوانین بڵێین هەرگیز، دۆخێکی تەواو یەکگرتوویی بوونی نابێت لە نێوان وێنە خودییەکە و ئەزمونە ڕاستەقینەکەی ژیانی تاک، بۆیە مرۆڤەکان هەمیشە ڕێژەیەک لە ناتەباییان هەیە.

گەشەسەندنی تەباییمان ( مەبەستمان زیادبوونی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ئەڵقەیەیە) وابەستەی ڕێز و خۆشەویستیی بێ مەرجە. کارل ڕۆجەرز پێی وابوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خود پەسەندی بەدەستبهێنێت، دەبێت لە حاڵەتێکی تەباییدا بێت.ئێمە دەمانەوێت هەست بکەین، ئەزموون بکەین و بەو شێوەیە ڕەفتار بکەین کە لەگەڵ وێنەی خۆماندا بگونجێت و ڕەنگدانەوەی ئەو وێنەیە بێت کە ئێمە حەز دەکەین چۆن بین، واتە وێنە نمونەییەکەی خۆمان. تا وێنەی خودی خۆمان و وێنە نمونەییەکەی خۆمان لە یەکتر نزیکتربن، زیاتر تەبا دەبین لەگەڵ خۆمان و هەستکردنمان بەها و گرنگی خۆمان بەرزتر دەبێتەوە.

وەک چۆن ئێمە پێمان باشە خۆمان بە شێوەیەک ببینین کە لەگەڵ وێنە نمونەییەکەدا بگونجێت، ڕەنگە چەندین میکانیزمەکانی جۆراوجۆری وەک بەرگری وەک ئینکاری یان سەرکوتکردن بەکاربهێنین بۆ ئەوەی کەمتر هەست بە هەڕەشە بکەین لەلایەن هەندێک لەو شتانەی کە وا دەکەن هەست بە ناتەبایی بکەین لە نێوان دوو وێنەکەدا.

هەندێک کەس کە وێنە نمونەییەکەی لەگەڵ هەست و ئەزموونە ڕاستەقینەکانیدا ناتەبا بێت، دەست دەکات بە بەرگری، چونکە ڕاستییەکان ئازاریان دەدات.

بەدیهێنانی خود(self-actualization)

کارل ڕۆجەرس پێی وابوو مرۆڤەکان یەک پاڵنەری بنەڕەتییان هەیە، ئەویش مەیلی خۆبەدیهێنانە (self-actualize) – واتە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی توانا شاراوەکانی و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی مرۆڤبوونی خۆی.

مرۆڤەکان لە حاڵەتێکدا دەتوانن خۆیان قبوڵ بکەن کە ڕێز و خۆشەویستییەکی تەندروستییان بۆخۆیان هەبێت. ئەمەش لەو کاتەدا دەکرێت ڕووبدات کە ڕێز و خۆشەویستی لەلایەن کەسانی دیکەوە بەبێ مەرج پێ درابێت – ئەگەر هەست بکەن کە بەهایان هەیە و ڕێزیان لێدەگیرێت بەبێ مەرج لەلایەن کەسانی دەوروبەریانەوە (بەتایبەت دایک و باوکیان کاتێک منداڵ بوون).

خود قبوڵکردن تەنیا لەو کاتەدا دەبێت کە یەکدەنگی لە نێوان وێنە ڕاستەقینەکەی تاک و وێنە نمونەییەکەی کە دایناوە بۆخۆی نزیکی زۆری هەبێت. ئەگەر بۆشایییەکی گەورە لە نێوان ئەم دوو وێنەیەدا هەبێت، هەستی نەرێنی سەبارەت بە بەها و گرنگی خود سەرهەڵدەدات کە وا دەکات خود قبوڵکردن مەحاڵ بێت.

لێرەوە تێدەگەین کە ژینگە دەستێکی باڵای لەم بابەتەدا هەیە. وەک گوڵێک کە ئەگەر ژینگەکەی لەبار بێت، باش گەشە دەکات. مرۆڤەکانیش گەشە دەکەن و دەگەنە تواناکانی خۆیان ئەگەر ژینگەکەیان لەبار بێت.

بەپێی قسەکانی ڕۆجەرس، مرۆڤەکان تەنیا کاتێک دەبنە دڕندە و وێرانکەر کە چەمکێکی خراپیان سەبارەت بەخۆیان هەبێت یان هۆکاری دەرەکی ببێتە هۆی تێکدان و لەجێدانانی بەها سروشتییەکانی تاک.

کەسایەتییە تەواو کاراکان

ڕۆجەرس پێی وابوو مرۆڤەکان دەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن، چونکە گەر هەوڵبدەن و ڕۆژانە لە گەشە و بەرەوپێشچووندا بن، بە تێپەڕبوونی کات هەست و بیرکردنەوە و باوەڕەکانیان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئەو کەسانەی زۆر هەوڵ دەدەن وێنە نمونەییەکەیان بهێننە دی، پێیان دەوترێت کەسایەتییە تەواو کاراکان. کە لە کۆمەڵگادا ئەمانە خاوەن دەستکەوتی زۆرن.

ڕۆجەرس هەندێک تایبەتمەندی ئەم جۆرە کەسانەی دەستنیشان کرد:

  • کراوەن بۆ وەرگرتنی ئەزموونی نوێ ئیتر چ ئەزموونێکی نەرێنی بێت یاخود ئەرێنی، ئامادەن ئەزموونی بکەن و قبوڵکراوە لایان و هەوڵ نادەن بە میکانیزمە بەرگرییە جیاوازەکان بەرگری لەخۆیان بکەن.
  • خۆیان دەپارێزن لە پێشوەختە بڕیاردان و پێشبینی زۆر کردن بۆ شتەکان، هەوڵدەدەن کرداری بن لەجێگەی ئەوەی زۆر بیر لە کارەکان بکەنەوە هەوڵدەدەن ئەزموونی بکەن.

خۆیان بەباشی ڕێکدەخەن و پلان دادەنێن بۆ ئامانجەکانیان و زوو زوو ڕێکی دەخەنەوە و دەیانخەنە ژێر چاودێرییەوە.

  • کەسانێکن هەستی ڕەزامەندیان زۆرە، هەروەها هەمیشە لە هەوڵی زیادکردنی دەستکەوتەکانیدایە.

بەڵام هەندێک جار ئەم جۆرە کەسانە دەیانەوێت بەتەواوەتی بگەنە ئەو وێنە نمونەییەی خۆیان، ئەمەش بە ڕێژەی تەواوەتی مەحاڵە. هەربۆیە دەکرێت ئەم جۆرە لە کەسایەتییە ببێتە هۆی ئەوەی هەستی گەیشتن بە کەماڵیان بۆ دروست بێت و لەوێشەوە بابەتەکە لە گرفتەکانی وەسواسی و دڵەڕاوکێ دەربچێت.

ژیانی باش پرۆسەیەکە نەک ساتێک. ئەزموونکردنە نەک شوێن

هاوشێوە

ڤیدیۆ