سەرباری ئاستەنگ و بەربەستە كۆمەڵایەتییەكان و نەبووی هەلی كار و دانەمەزراندن ژنان توانیویانە لەماڵەكانی خۆیاندا كاربكەن و ژیانێكی ئاسودە بۆ خۆیان دەستەبەربكەن.
كاركردنی ژنان واتای سەربەخۆیی و ئازادیی ژنان دێنێتە ئاراوە، بە شێوەیەك كە ئیدی ژن زیاتر پشت بە خۆی دەبەستێت و بەرپرسیارێتیی خۆی دەگرێتە ئەستۆ لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ژیانیدا و دەبێتە كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی. هەروەها زیاتر بە زۆرێك لە شارەزایی و ئەزموونی نوێ ئاشنا دەبن و بە شێویەكی بەردەوام و ڕۆژانە دەبنە پێشڕە و پێشەنگ بۆ منداڵ و ژنانی دیكە لە كۆمەڵدا.
گەر دەڤەری گەرمیان بە نموونە وەربگرین، دەبینین چەندین ژن هەر لە ماڵەوە كاردەكەن و بەرهەمە دەستیەكانیان وەك (شیرنەمەنی، خواردنی كوردەواری و خواردنی شەرقی و خواردنی غەربی نانی تیری، كاری دەستی) دروست دەكەن و لە ڕێگەی ئۆنلاین و لە سەرداوای كڕیار دەیفرۆشن.
یەكێك لەو ژنانەی لەماڵەوە كاری دەستی دەكات لە ڕێگەی تۆری میدیای تەوارەوە باسی ئەزموونی كارەكەی دەكات. میدیا حسن عبدالله تەمەن 37 ساڵ ووتی” ئێمە خێزانێكین هیچ موچەیەكمان نیە، ماوەی پێنچ ساڵە كاردەكەم و سەرەڕای ئەوەی كچێكی تەمەن پێنچ ساڵی داونم هەیە نەبووەتە ڕێگر بۆ كارەكەم و سوپاس بۆ خوا توانیومە بژێوی ژیانی خۆمان دابین بكەم”. هەروەها دەڵێت” هەرلەماڵەوە خواردن و شرینی دروستدەكەم و لە هەموو ڤێستڤاڵەكانی بەهارە و ناو زانكۆ و پەیمانگاكان بەژداریم كردووە و خوشكەكەم هاوكاریم دەكات.
هاوژین شكور/ گەرمیان