ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

لە هه‌ڵه‌بجه‌ پیشانگەی ژن و ژانی رۆژئاوا دەکرێتەوە

ژنانی شێوەکاری ڕۆژئاواو باشوری کوردستان پێکەوە لە ڕێگەی هونەری شێوەکارییەوە ژانی ژنانی ڕۆژئاوا دەگێڕنەوە.
ئه‌مڕۆ لە هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری ‌هه‌ڵه‌بجه‌ پیشانگەی ” ژن” کرایەوە. پیشانگەکە ۳۰ تابلۆی ژنانی هونەرمەندی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانی لە خۆگرتبوو، بەبەشداری١٣ هونەرمەندی ژنی ڕۆژئاوا و پێنچ هونەرمەندی ژنی باشووری کوردستان. ئامادەبووان پێشوازییان لە هونەرمەندان کردوو هونەرمەندانیش دڵخۆشبوون بەو پێشوازییەی خەڵکی باشووری کوردستان و هەڵەبجە “داوایان کرد لەم جۆرە پیشانگەیانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ژنانی چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و سوود لە گۆڕینەوەی کولتووری یەکتر ببینن” .
شیرین علو یەکێکە لە هونەرمەندانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری عەفرینەوە بە ٦ تابلۆ بەشداری کردووە. لە لێداونێکیدا بۆ تۆڕی میدیای تەوار ووتی” من زۆر دڵخۆشم کە توانیومانە ئەو سنورە تێبپەڕێنین و دەستی هونەری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەیەک بگەیەنین، تابلۆکانم هەموویان باس لە دۆخی شارەکەم دەکات، شاری من کە عەفرینە شارێک بوو وەک بەهەشت بوو، پێش ئەوەی داگیر بکرێت ئێمە بە ئارامی تیایدا دەژیاین، دەرچوونمان لە عەفرین ئازارێکی سەخت بوو”. هەروەها وتیشی ” بۆ ئەوەی لەو ئازارە دوور بکەومەوە دەستم بە وێنەکێشان کرد، تابلۆ بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی لەو خەمبارییە ڕزگارم ببێت”.
شیرین علو دەڵێت “دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان دەتوانن هەموو شتێک بکەن، لە هەر بوارێکی هونەردا دەتوانن بە ئازادی کار بکەن، لە هەموو تابلۆکانمدا ژنم کردووە بە پێشەنگ و بە هەنار ئاماژەم پێکردووە، لە یەکێک لە تابلۆکانمدا کە ئاماژە بۆ شەڕ دەکات، ژنم وەک سیمبولی هەنار لە سەرەوە داناوە”.
بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە شیرین وتی “جێگەی دڵخۆشیە ژنانی دوو پارچەی کوردستان لە پێشانگایەنکدا بەشدارن”.
هەروەها یارا حەسکۆ کە بە ۹ تابلۆ لە ڕۆژئاواوە بەشداری پیشانگەکە بوو، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو هونەرمەندانەی بەشداریانکردووە لەم پیشانگەیەدا لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون. وتیشی ” جێگەی دڵخۆشیە بۆ ئێمە لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان لە یەک پێشانگادا بەشداریمان کردووە، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر ناسینی یەکتر، تابلۆکانیش داستانی زۆریان تێدایە و ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی خەڵک بزانن چی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت”.
میهری : هەڵەبجە

هاوشێوە

ڤیدیۆ