یەكێتی ژنانی كوردستان بەشداری كۆنفرانسی یادی (100) ساڵەی پەیماننامەی لۆزان دەكات و بروسكەی پیرۆزبایی ئاراستەی بەشداربوان و رێكخەرانی كۆنفرانسەكە دەكات.
ئەمڕۆ لەشاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، كۆتایی بەكۆنفرانسی یادەی (100) ساڵەی پەیمانی لۆزان هات كە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) بۆ ماوەی دوو رۆژ رێكیخستبوو.
خاتوو كنێر عەبدوڵا ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتی ژنانی كوردستان یەكێك بوو لەبەشداربووانی ئەو كۆنفرانسە لەلێدوانێكی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی تەواری راگەیاند: كۆنفرانسەكە لەهۆڵی پۆلیۆ لەوڵاتی سویسرا ئەنجامدرا کە زیاتر لە 600 ئەندام لە پارچەكانی كوردستانو ئەوروپا و جیهانەوە بەشدارییان تیا كردبوو.
وتیشی: “لەكۆنفرانسەكەدا جگە لەگرنگی یەكێتی نەتەوەیی لەسەدەی نوێدا، باس لەچارەنووسی كوردستان و لێكەوتەكانی پەیمانی لۆزان لەسەر كورد كراو لەرێی چەند پانێلێكەوە تیشك خرایە سەر هۆكارو بەربەست و چارەسەرییەكان، هەروەك باس لەخەبات و تێكۆشانی ژنانی كوردستان كرا”.
خاتوو كنێر ئاماژەی بەوەشدا : “ئەمڕۆ لەدووەم رۆژی كۆنفرانسەكەدا بەچەندین راسپاردە و بڕیار كۆتایی بەكۆنفرانسەكە هات”.
كنێر عەبدوڵا باسی لەوەشكرد كە لەكۆنفرانسەكەدا پەیامی پیرۆزبایی یەكێتی ژنانی كوردستانی ئاراستەی بەشداربوان و ئەنجامدەرانی كۆنفرانسەكە كردووە و بروسكەی پیرۆزبایی خوێندۆتەوە.